رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، نرخی دۆلار و بۆرسەی ئەمریکا زیاتر بەرزدەبنەوە. خوار 3800 دۆلاریش گونجاوترین ناوچەی کڕینی زێڕە.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە، گوتی، بازاڕەکان خەریکە هێواش هێواش دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان.
ئەمڕۆ پێنوێنی نرخی دۆلار گەیشتە 100.30 خاڵ بەرامبەر بە سەبەتەی دراوەکان کە شەش دراوی سەرەکیی جیهانی دەگرێتەوە. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی دۆلارە لە شەش مانگی رابردوودا. ئێستاش بە 100.12 خاڵە.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، ئێستاش کاتی فرۆشتنی دۆلار نییە و ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی هەیە. گوتیشی، بەپێی دۆخی ئابووریی ئەمریکا، دەبێت نرخی دۆلار گرانتر بێت لە ئێستا و وەک یەکەم پلەی بەرزبوونەوە، دەکرێت بگاتەوە 100.30 بۆ 100.40 خاڵ.
لەبارەی ئەگەری دابەزینیشەوە دەڵێت، ئەگەرێکی کەم هەیە دۆلار دابەزێت و تاوەکو دۆلار لە نزیک 99 خاڵ بێت، ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاترە.
ئەو باسی لەوەش کرد، دەکرێت لە ئاستی 101 بۆ 101.2 خاڵ، نرخی دۆلار دابەزینێک بکات، ئەویش کورتخایەن و بەهۆی چوونەدەرەوەی فرۆشیارانەوە دەبێت.
قسەکانی د. ترەیدەر ئەمڕۆ دووشەممە لە بڕگەی "شەتڕەنج لەگەڵ د. ترەیدەر" لە کاتی پێشکێشکردنی بووڵتەنی ئابووریی لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح بوو.
"دوور نییە بیتکۆین خوار 70 هەزار دۆلار ببینێت"
د. ترەیدەر گوتی، کۆمپانیاکانی دراوە دیجیتاڵییەکان لەمدواییانەدا شکستیان هێناوە لەوەی هانی خەڵک بدەن پارەکانیان لە بازاڕەکە بهێڵنەوە یان زیاتر بکڕن، ئەمە وایکردووە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین دروست نەبێت. "بۆیە کۆمپانیاکان خۆیان هەرچەندێک بکڕن، نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکان."
ئەو پسپۆڕە گوتیشی، ئێستا وەبەرهێنەران، بەتایبەتی لە ئەمریکا زیاتر پارەکانیان لەنێو بۆرسەی ئەمریکا وەبەردەهێنن، بۆیە ئەگەرێکی بەهێزی بەرزبوونەوەی نرخی پشکەکان و دۆلار و دابەزینی زیاتری بیتکۆین هەیە.
ئەمڕۆ نرخی بیتکۆین کەمێک بەرزبووەتەوە و بە نزیکەی 87 هەزار دۆلارە. رۆژی هەینی ئاستی 81 هەزار دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
لەبارەی پێشبینیی داهاتووی نرخی بیتکۆینەوە د. محەممەد ئەمین دەڵێت، ئەگەری دابەزینی نرخی بیتکۆین تاوەکو ئاستی 76 بۆ 74 هەزار دۆلار هەیە، بۆ ئەوەی سووڕی دابەزینەکەی تەواو بکات. دەشڵێت، دوور نییە بیتکۆین بۆ ئاستی خوار 70 هەزار دۆلاریش دابەزێت.
لەبارەی شوێنی گونجاو بۆ کڕین و فرۆشتنی بیتکۆین، ئەو پسپۆڕە پێیوایە بەشێوەیەکی کاتی، کڕینی بیتکۆین لە ناوچەی 76 هەزار دۆلار گونجاوە. ئەگەر بگاتە 93 هەزار بۆ 94 هەزار دۆلاریش، گونجاو دەبێت بۆ فرۆشتن.
ئەو دەڵێت، ئەم دوو مامەڵەیە دەبێت بەشێوەیەکی کاتی و بۆ قازانجێکی کورتخایەن بێت، نەک هەڵگرتنی بۆ درێژخایەن.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، نرخی بیتکۆین بۆ یەکەمجار دوای حەوت مانگ، بۆ ئاستی 95 هەزار دۆلار دابەزی. ئەوکاتە د. ترەیدەر پێشبینیی دابەزینی نرخەکەی بۆ 88 هەزار بۆ 86 هەزار دۆلار کردبوو.
ئەوکاتە د. ترەیدەر گوتی، ئەگەری دابەزینی نرخی بیتکۆین بۆ 90 هەزار دۆلار بەهێزترە وەک لە بەرزبوونەوەی بۆ 100 هەزار دۆلار.
"زێڕ و زیو دادەبەزن"
ئەمڕۆ نرخی زێڕ جێگیرە و ئۆنسەیەکی بە نزیکەی 4060 دۆلارە.
د. محەممەد ئەمین لەبارەی زێڕەوە هەمان پێشبینیی هەفتەی رابردووی هەیە و دەڵێت، 3888 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، یەکەم ناوچەی گونجاو دەبێت بۆ کڕین. گوتیشی، "وەک خۆم، پێشبینی دەکەم زێڕ بۆ ئاستی خوار 3800 دۆلاریش دابەزێت".
ئەو پێیوایە، بۆ کڕینی زێڕی فیزیکی، "ئاستی خوار 3800 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک گونجاوە". گوتیشی، "دەکرێت ئۆنسەیەک زێڕ بۆ ئاستی 3777 دۆلاریش دابەزێت. ئەمەش گرنگ نییە لە مەودای کورتخایەن یان درێژخایەن پێی بگات، بەڵکو نرخێکە دەبێت بیبینێت"
لەبارەی ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخەکەشیەوە، د. ترەیدەر دەڵێت، ئاستی دەوروبەری 4090 یەکەم ناوچەی گونجاوە بۆ فرۆشتن، واتە لەو ئاستەوە دادەبەزێت. ناوچەی دووەمیشی 4041 دەبێت کە ئەگەر بگاتە ئەو نرخە، ناوچەیەکی گونجاو دەبێت بۆ فرۆشتن.
لەبارەی زیویشەوە، ئەو پسپۆڕە گوتی: "ئەگەر نرخی زێڕ دابەزێت، زیو زۆر زیاتر دادەبەزێت، چونکە رێژەی بەرزبوونەوەکەی زۆر زیاتر بووە لە زێڕ".
ئەمڕۆ نرخی زیو کەمێک بەرزبووەتەوە و بە زیاتر لە 50 دۆلارە بۆ هەر ئۆنسەیەک.
د. محەممەد ئەمین گوتی، "دەکرێت نرخی ئۆنسەیەک زیو بۆ خوار 48 دۆلاریش دابەزێت؛ ناوچەی گونجاوی کڕینی زیویش، 46.50 بۆ 46 دۆلار دەبێت".
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، "لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخەکەی، دەکرێت ئۆنسەیەک بگاتە ئاستی 51.50 دۆلار. ئەوێش ناوچەیەکی گونجاو بۆ فرۆشتن".
پێشیوایە، "ئەگەر رووداوێکی نەخوازراو روونەدات، لە ماوەی نزیکی داهاتوودا، گەیشتنی نرخی زیو بە 53 بۆ 54 دۆلار، ئەگەرێکی دوورە.
"شەڕی ئۆکراینا و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین زاڵن"
بڕیارە رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو، بانکی ناوەندیی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژی، بڕیاری نوێی خۆی لەبارەی رێژەی سوود رابگەیێنێت.
کۆبوونەوەکەی ئەمجارە دوای ماوەیەکی کەم دێت لە کرانەوەی حکومەتی ئەمریکا و داتای ئابووریی زۆر بەردەست نابن بۆ رێنوێنی و بەرچاوڕوونی لەبارەی بڕیاری بانکەکە.
بەهۆی داخرانی حکومەتەوە، دامودەزگاکانی ئەمریکا نەیانتوانیبوو بەشێک لە داتاکانی مانگی رابردوو بڵاوبکەنەوە، بەتایبەتی هەڵاوسان کە یەکێکە لەو داتایانەی رێژەکەی دەبێتە بنەمایەکی سەرەکیی بۆ بڕیاردان لەبارەی کەمکردنەوە یان هێشتنەوەی رێژەی سوود وەک خۆی.
د. ترەیدەر پێیوایە، بانکەکە رێژەی سوود لە کۆبوونەوەکە وەک خۆی دەهێڵدرێتەوە.
لەبارەی کاریگەرییەکەشی دەڵێت، ئێستا رێژەی سوود تاکە فاکتەر نییە کاریگەریی لەسەر بازاڕی زێڕ و زیو هەبێت، بەڵکو ئەگەری کۆتاییهاتنی شەڕی ئۆکراینا و پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین زیاتر کاریگەرییان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ