رووداو دیجیتاڵ
یەک لیتر بەنزین لە نایجیریا لە 40 سەنتەوە بۆ 45 سەنت بەرزبووەتەوە. بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینیش لەو وڵاتە نرخی کاڵا و شتومەک و ماددە خۆراکییەکانی بەرێژەی 16.8٪ بەرزکردووەتەوە.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا، نرخی سووتەمەنی لەسەر ئاستی جیهان بە رێژەی 100٪ بەرزبووەتەوە و یەکێک لەو وڵاتانەش قەیرانی کەمیی سووتەمەنی تێیدا سەریهەڵداوە نایجیریایە.
خاوەن بەنزینخانەکان دەڵێن، تێچووی کۆگاکردن و گواستنەوەی بەنزین بە رێژەی 80٪ زیادیکردووە و ئەوان رێگەیەکیان بۆ نەماوەتەوە جگە لە بەرزکردنەوەی نرخ.
ئایراش ئاندە، شۆفێری کۆمپانیایەکە و دەڵێت، قەیرانەکە "زۆر کاریگەریی لەسەر داناوم، لەبەر ئەوەی سەرپەرشتیاری خێزانم. کە کارەکەم تەواو دەبوو، دووبارە کارم دەکرد بۆ ئەوەی پارەیەکی زیاتر بۆ خێزانەکەم دەستبخەم. بەڵام ئێستا کە کارەکەم تەواو دەبێت، ناچارم تاوەکو بەرەبەیان لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزین بمێنمەوە."
ئادێرنیان ئابدۆدۆن، شۆفێرێکی تەکسییە و دەڵێت، "دەرفەتی ئەوەم هەیە بەنزینم دەستبکەوێت، بەڵام دوای بەکارهێنانی دەبێت دووبارە بگەڕێمەوە نۆرەی بەنزین و ئەوەش کاتێکی زۆرم لێ دەبات."
نایجیریا گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە ئەفریقا و بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی ئۆپێک، لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا رۆژانە 1 ملیۆن و 410 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
هووا مستەفا، ئابووریناس دەڵێت، "نایجیریا دەبێت لەم کاتەدا بۆشایی رووسیا پڕبکاتەوە و وەک هەلێک لە بازاردا کەڵکی لێوەرگرێت. ئێستا هەندێ وڵاتی ئەوروپی چاویان لە نایجێریایە بۆ دابینکردنی نەوت بۆیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ