کۆنسووڵی هۆڵەندا: ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لە بواری کشتوکاڵدا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا سەتان ملیۆن یۆرۆ دەبێت

25-11-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، وڵاتەکەی بە پەرۆشەوە کاردەکات بۆ فراوانکردنی هاوبەشیی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کەرتە ستراتیژییەکانی وەکو شیرەمەنی، وزەی نوێبووەوە و بەڕێوەبردنی ئاودا.
 
رۆژی دووشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2025، ئادریان ئایسڵستین، بە رووداوی گوت، شاندێکی بازرگانی کە لە 6 کۆمپانیای پسپۆڕی هۆڵەندی لە بواری بەرهەمە شیرەمەنییەکان پێکهاتووە، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و گوتی: "ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ گرووپێک لە کۆمپانیا هۆڵەندییەکان لە کەرتی بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا لەگەڵمانن."
 
 
کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا جەختی لەسەر ستراتیژی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "دەمانەوێت هاوئاهەنگ بین، دەمانەوێت هاوبەشیی راستەقینە دروستبکەین، هەروەها دەمانەوێت پێکەوە شتێکی گەورە و بەردەوام بنیات بنێین." 
 
ئادریان ئامادەبوونی ئەم کۆمپانیایانەی بە دەرفەتێکی گرنگ زانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و فراوانکردنیان بۆ کەرتە جیاوازەکان. 
 
ئایسڵستین، روونیکردەوە کە هاوئاهەنگییەکانیان تەنیا لە چوارچێوەی کەرتی شیرەمەنیدا نامێنێتەوە و گوتی: "ئێمە لە ئێستاوە هاوئاهەنگییەکی بەهێزمان هەیە؛ زۆر کۆمپانیای هۆڵەندی چالاک هەن، بۆ نموونە، لە کەرتی پەتاتەدا کە سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە. بەڵام دەمانەوێت ئەوە فراوان بکەین. دەمانەوێت فراوانی بکەین بۆ کەرتی شیرەمەنی، هەروەها بۆ بوارەکانی دیکەش، وەکو وزەی نوێبووەوە و تەکنەلۆژیای بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو. بۆیە زۆر باشە کە ئەم دەرفەتانەمان لێرە هەبێت."
 
لەبارەی قەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانەوە، ئایسڵستین، ئاشکرای کرد کە هۆڵەندا یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی عێراق و رایگەیاند: "هۆڵەندا شەشەمین هاوبەشی بازرگانیی جیهان و یەکەمین هاوبەشی بازرگانی ئەورووپییە لەگەڵ عێراق. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان ساڵانە دەگاتە 6 ملیار یۆرۆ، ئەوەش بڕێکی بەرچاوە."
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، کۆنسووڵی هۆڵەندا ئەوەی خستەڕوو کە پشکی هەرێم لەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەدا، بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵدا، گرنگیی ستراتیژی هەیە و گوتی: "پێموایە [ئاڵوگۆڕی بازرگانی] لە بواری کشتوکاڵدا لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق ساڵانە بە دەیان بۆ سەدان ملیۆن [یۆرۆ] دەبێت، بەتایبەتی چونکە هەلی کار دروست دەکات، ئاسایشی خۆراک دابین دەکات و ئابووری هەمەچەشن دەکات. بۆیە پێموایە ئەمە سەرکەوتنە بۆ هەموو لایەکمان."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە