رووداو دیجیتاڵ
پشکی رۆسنەفت و لوکئۆیڵ، گەورەترین کۆمپانیاکانی نەوتی رووسیا، بەهۆی ئەو سزایانەی لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر کۆمپانیا رووسییەکاندا سەپێندراوە، دابەزینێکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە. بەگوێرەی رۆژنامەی (مۆسکۆ تایمز)ی رووسیا، زیانە داراییەکان لە ماوەیەکی کورتدا گەیشتووەتە چەندین ملیار دۆلار، ئەوەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بازاڕی وزەی رووسیا دروست کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی بۆرسەی مۆسکۆ، تەنیا لە دوو رۆژدا کۆی بەهای هەردوو کۆمپانیاکە بە بڕی 5.2 ملیار دۆلار دابەزیوە. پشکەکانی کۆمپانیای رۆسنەفت بە رێژەی 3% دابەزیون و زیانێکی 1.56 ملیار دۆلاری هەبووە، لە کاتێکدا پشکی کۆمپانیای لوکئۆیڵ دابەزینێکی زیاتری بەخۆیەوە بینی کە رێژەکەی 7.2% بوو، ئەمەش بووە هۆی زیانێکی گەورە بە بڕی 3.66 ملیار دۆلار.
ڤاغیت ئالێکپێرۆڤ، خاوەنی پشکێکی گەورەی کۆمپانیای لوکئۆیڵە و یەکێک لە دەوڵەمەندترین ملیاردێرەکانی رووسیایە، زۆرترین زیانی کردووە بەهۆی ئەم دابەزینە لەناکاوە. بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، ڤاغیت لە دوو رۆژدا زیاتر لە 83 ملیار رووبڵ کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی زیانی کردووە.
میدیای رووسیا ئاماژەی بەوە کردووە، کێشەکان بۆ ئەم دوو کۆمپانیا زەبەلاحە دەستیان پێکردووە و چاوەڕوان دەکرێ رۆسنەفت و لوکئۆیڵ گرێبەستکارە گرنگەکانیان و پێگەی خۆیان لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان لەدەست بدەن. هەر ئەم ساڵ، هەردوو کۆمپانیاکە چەندین جار رووبەڕووی دابەزینی بەرچاوی بەهاکانیان بوونەتەوە.
بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، پێشبینی دەکرێ رۆسنەفت و لوکئۆیڵ تووشی کێشەی جیدی بن لە هەناردەکردنی نەوت بۆ هیندستان کە بازاڕێکی سەرەکیی رۆسنەفتە و بەڕێوەبردنی چالاکییە بازرگانییەکانیان لە دووبەی کە بۆ لوکئۆیڵ گرنگە.
کێشەی سەرەکی ئەوەیە لەگەڵ کۆمپانیا سەرەکییەکاندا 36 کۆمپانیای لاوەکیش سزادراون، ئەوەش رێگاکانی دەربازبوون لە سزاكان زۆر سنووردار دەکات.
دیمیتری پۆلیۆڤۆی، بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە کۆمپانیای (ئاسترا) بۆ بەڕێوەبردنی سەروەت و سامان رایگەیاند، رەنگە قەبارەی هەناردەی نەوتی رووسیا کەمبێتەوە، هەروەها پێدەچێت داشکاندن لەسەر نرخی نەوتەکە زیاد بکات بۆ ئەوەی کڕیاری بۆ بدۆزێتەوە.
رووسیا رۆژانە نزیکەی 9 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنێت، بەو جۆرەش یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوتی جیهانە.
هەردوو کۆمپانیای رۆسنەفت و لوکئۆیل نزیکەی نیوەی کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی رووسیا بەرهەمدەهێنن و رۆڵێکی گرنگ لە ئابووریی وڵاتەکەدا دەگێڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ