بلاک فرایدەی لە سەرئێشەی پۆلیسەوە بۆ جەژنی بازاڕکردن

25-11-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بلاک فرایدەی یان هەینیی رەش لە رووداوێکی نێوخۆیی ئەمریکاوە بووەتە دیاردەیەکی جیهانیی بازاڕکردن و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هەیە.
 
هەموو ساڵێک دوایین پێنجشەممەی مانگی 11 لە ئەمریکا وەک رۆژی سوپاسگوزاری دیاریکراوە. رۆژی دوای ئەو، راستەوخۆ دەبێتە هەینیی رەش. بۆ ساڵی 2025، رۆژی سوپاسگوزاری دەکەوێتە 27 و هەینیی رەشیش دەکەوێتە 28ـی مانگی 11.
 
بلاک فرایدەی، کە بە فەرمی بۆ کردنەوەی وەرزی بازاڕکردنی کریسمسە و لە ئەمریکا دەستی پێکردووە، ئێستا بووەتە دیاردەیەک کە بۆ ئەورووپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا و کیشوەرەکانی دیکەش پەلی هاویشتووە. فرۆشگەکان زۆرجار لە نیوەشەو یان تەنانەت لە رۆژی جەژنی سوپاسگوزارییەوە داشکاندنی گەورە رادەگەیەنن.
 
مێژووی بلاک فرایدەی؛ لە 'رەش'ی پۆلیسەوە بۆ 'رەش'ی قازانج
 
سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ ناوەکە بە قازانج و بازاڕکردنەوە بەستراوە، بەڵام مێژوویەکی جیاوازی هەیە. دوو بیردۆزی سەرەکی بۆ ناونانەکەی هەن:
 
پۆلیسی فیلادێلفیا 1950 - 1960
 
سەرەکیترین لێکدانەوەی مێژوویی گرێدراو بە بلاک فرایدەی بۆ شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پێنسلڤانیا دەگەڕێتەوە. پۆلیسی شارەکە زاراوەی (هەینی رەش)یان بەکارهێناوە بۆ باسکردنی ئەو قەرەباڵخییە زۆرەی دوای جەژنی سوپاسگوزاری دروست دەبوو. چوونی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار و بازاڕکەران، دەبووە هۆی قەرەباڵخیی هاتووچۆ، زیادبوونی رووداو و دزیکردن لە دووکانەکان، کە ئەوەش رۆژێکی "رەش" و ماندووکەری بۆ پۆلیس دروست دەکرد.
 
قازانجی فرۆشیاران (1980ـەکان)
 
لێکدانەوە بەناوبانگەکەی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەتەی رابردوو. فرۆشیاران بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد کە ئەو رۆژە ئەو خاڵی وەرچەرخانەیە کە تێیدا تۆمارە داراییەکانیان لە "سوور" (زیان)ەوە دەگۆڕێ بۆ "رەش" (قازانج). ئەم سیاسەتە لە گۆڕینی وێنە نەرێنییەکەی ناوەکە بۆ وێنەیەکی ئەرێنی و بازرگانی سەرکەوتوو بوو.
 
هەینیی رەش لە جیهان، هەینیی سپی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

ئەم دیاردەیە بە خێرایی لە جیهاندا بڵاوبووەوە، بەڵام لەگەڵ کولتووری ناوچە جیاوازەکاندا گونجێندراوە:
 
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا: لە وڵاتانی وەک قەتەر، لیبیا، سعودیە و میسر، بە (هەینیی سپی) ناوبانگی دەرکردووە. ئەمەش لەبەرئەوەی رۆژی هەینی رۆژێکی پیرۆزە لە ئیسلامدا و رەنگی سپی زیاتر بە ئەرێنی و پیرۆزییەوە گرێدراوە.
 
ئیمارات: ماڵپەڕێکی نێوخۆیی تایبەت بە فرۆشتنی شتومەک، (هەینیی زەرد)ـی داهێنا و کاتەکەی هەمان کاتی هەینیی رەشە.
 
تورکیا: بە (هەینی ئەفسانەیی) ناودەبردرێت.
 
پاکستان: دوای ماوەیەک بەکارهێنانی بلاک فرایدەی، ناوەکە بۆ (هەینی پیرۆز) گۆڕدرا.
 
داشکاندنەکان چەندە راستەقینەن؟
 
لەگەڵ باسکردنی بلاک فرایدەی، راستەوخۆ بیر لە داشکاندن لە نرخی کاڵا و پێداویستییەکان دەکرێتەوە. چەندین کۆمپانیا داشکاندنی راستەقینە و دەرفەتی گەورە بۆ کڕیاران دەخەنەڕوو. بۆ نموونە، ئەمازۆن جانتایەکی دەستیی ژنانە لە جۆری (مایکل کۆرس) کە پێشتر بە 258 دۆلار بوو، لە داشکانێکی 80%دا بە 51 دۆلار خستییەڕوو و هەر زوو لە کۆگەکان نەما. گسکێکی کارەبایی لە جۆری (دایسن) کە نرخی 540 دۆلارە، بە 280 دۆلار خراوەتەڕوو.
 
براندی لێڤیس، تایبەت بە پۆشاک و جلوبەرگ قەمسەڵەیەکی پیاوانەی لە 120 دۆلارەوە بۆ 60 دۆلار دابەزاندووە.
 
کۆمپانیای سامسونگ مۆبایلی سامسونگ ئێس 25 ئەڵترای لە 1300 دۆلارەوە بۆ 900 دۆلار دابەزاندووە.
 
بەڵام زۆر لە کۆمپانیاکان لە کاتی دیکەی ساڵیشدا داشکاندن رادەگەیێنن. بە گوێرەی راپرسییەکی رێکخراوی (Which?) کە چاودێریی بازاڕی بەریتانیا دەکات، 83%ی بەرهەمەکان، لانیکەم جارێک لە دەرەوەی وەرزی بلاک فرایدەیدا بە هەمان نرخ یان هەرزانتر فرۆشراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە