ئابووری
سندووقێکی دەنگدان و نەخشەی عێراق. وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە و بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی 30 رۆژدا زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار دۆلار لە عێراق بۆ پۆستی سیاسی خەرج کراوە کە زۆرترینی لە بەغدا و کەمترینی لە هەڵەبجە بووە. لەناو لایەنە سیاسییەکانی عێراق بزووتنەوەی حقووق زۆرترین پارەی خەرج کردووە. سەرۆکی بزووتنەوەکە دەڵێت، "تۆڕی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە رێگەکانی بانگەشەکردنمان، بەڵام هێشتا یەکەم نییە."
لە ئاستی هەرێمی کوردستانیش بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرترین پارەیان بۆ پۆستی سیاسی خەرج کردووە، بەشێوەیەک تەنیا یەک بەربژێری پارتی زیاتر لە 5 هەزار دۆلاری داوە بە سپۆنسەری پۆستە سیاسییەکانی پەیجەکەی.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارێتی تۆڕەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسەپ دەکات، لە 24ـی ئەیلوول بۆ 23ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە سەرانسەری عێراق ملیۆنێک و 424 هەزار و 963 دۆلار خەرجکراوە.
هەر بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا، بڕی 473 هەزار و 713 دۆلاری ئەو بڕە لە ماوەی حەوت رۆژدا (لە 17ـی تشرینی یەکەم بۆ 23ـی تشرینی یەکەمی 2025) خەرجکراون کە رۆژانەی بانگەشەی هەڵبژاردن بوون.
ئامانج عەلی خاوەنی کۆمپانیای تەکنەلۆژی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا بەشێوەیەکی گشتی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نەبووەتە کولتوور بۆیە ئاستی بەکارهێنانی لەلایەن لیست و بەربژێرەکانەوە زۆر بەرز نییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی ئامانج عەلی، خەرجیی بانگەشەی هەڵبژاردن لە سۆشیال میدیا کەمترە بەراورد بە شێوازەکانی دیکەی بانگەشەکردن بە تایبەت لە شەقامەکاندا، چونکە زیاتر لە جارێک دەنگدەر بە ئامانج دەگرێت.
روونیشکردەوە، بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە دواین رۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا زیاتر گەرم دەبێت و ئاستی بەرکاهێنانی زیاتر دەبێت.
ئامانج عەلی باسی لەوەشکرد، لە عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە) بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، فەیسبووک پێشەنگی هەموو پلاتفۆڕمەکانی دیکەی گرتووە، بەو پێیەی فەیسبووک تاوەکو ئێستا شێوازێکی هەواڵی هەیە بەراورد بە تۆڕەکانی دیکە.
خەرجیی سپۆنسەری پۆستی سیاسی بەپێی پارێزگاکان
رێژەی خەرجکردنی پارە لە سپۆنسەرکردنی پۆستە سیاسییەکاندا لە ئاستی پارێزگاکاندا رەنگدانەوەی ململانێ سیاسییەکانە بەشێوەیەک ئەو بازنانەی زۆرترین ململانێی سیاسییان تێدایە زۆرترین پارەیان تێدا خەرج کراوە.
رێژەی خەرجکردنی پارە بۆ سپۆنسەرکردنی پۆستی سیاسی لە ماوەی 30 رۆژدا لە 24ی ئەیلوول بۆ 23ـی تشرینی یەکەمی 2025 بەم شێوەیە بووە:
بەغدا
342 هەزار و 573 دۆلار
نەینەوا
120 هەزار و 574 دۆلار
سلێمانی
81 هەزار و 458 دۆلار
بەسرە
80 هەزار و 238 دۆلار
زیقار
77 هەزار و 290 دۆلار
بابل
74 هەزار و 461 دۆلار
هەولێر
72 هەزار و 570 دۆلار
نەجەف
71 هەزار و 672 دۆلار
دیالە
63 هەزار و 318 دۆلار
کەرکووک
48 هەزار و 981 دۆلار
سەلاحەدین
46 هەزار و 660 دۆلار
دیوانیە
46 هەزار و 208 دۆلار
کەربەلا
44 هەزار و 516 دۆلار
واست
42 هەزار و 24 دۆلار
ئەنبار
37 هەزار و 643 دۆلار
مەیسان
35 هەزار و 165 دۆلار
دهۆک
32 هەزار و 827 دۆلار
موسەننا
30 هەزار و 844 دۆلار
هەڵەبجە
3 هەزار و 961 دۆلار
کام پارتی سیاسی لە عێراق زۆرترین پارەی لە سپۆنسەر خەرج کردووە؟
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا لە 24ـی ئەیلوول بۆ 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، پەیجی بزووتنەوەی حقووق (کە سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵایە) لە ئاستی عێراقدا زۆرترین پارەیان لە سپۆنسەری پۆستی سیاسی خەرجکردووە کە بڕەکەی 13 هەزار و 590 دۆلار بووە.
رۆژی 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، حوسێن موئنیس محەممەداوی، سەرۆکی بزووتنەوەی حقووق-ی باڵی سیاسی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی گرنگی پەیوەندییکردنە لەگەڵ خەڵک، لەبەرئەوەی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن جەخت لە پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵک دەکاتەوە بۆیە بە دڵنیاییەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو جۆر و شێوازەکانییەوە، بەشێکی گرنگی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن دەبن.
تائێستا لە عێراق سەردان و پەیوەندی رووبەڕوو بەهێزترین رێگەی بەربژێرانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، وەک حوسێن موئنیس گوتی، "سەردان لای ئێمە لە پلەی یەکەمدایە، بەشێوەی راستەوخۆش لەگەڵ خەڵک لە پەیوەندیداین بە سەردان بێت یان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە مەینەتیی خەڵک بگەین و گوێبستی بیر و بۆچوونەکانیان بین."
لەبارەی شێوازی بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، حوسێن موئنیس کە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە باسی لەوەکرد، لە هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن بەڵام نەک بە ناونیشانێکی سەرەکی، بەڵکو بە ناونیشانێکی پشتیوان و پاڵپشتی کارێکی راستەقینە.
هەر لە ئاستی عێراق لە پلەی دووەم پەیجی مەحموود حوسێن دێت کە بڕی 12 هەزار و 611 دۆلاری خەرجکردووە، پلەی سێیەم پەیجی بزووتنەوەی حقووق – بەسرە دێت کە بە بەهای 12 هەزار و 577 دۆلار سپۆنسەرییان کردووە.
پەیجی هاوپەیمانیی سقوڕنا بە خەرجکردنی 10 هەزار و 836 دۆلار لە پلەی چوارەم دێت، لە پلەی پێنجەم پەیجی راگەیاندنی هاوپەیمانی سقوڕنا دێت کە بە بەهای 10 هەزار و 836 دۆلار پۆستی سیاسی سپۆنسەر کردووە.
پەیجی بزووتنەوەی حقووق – بەغدا، بە خەرجکردنی 8 هەزار و 984 دۆلار لە پلەی شەشەم دێت، لە پلەی حەوتەم پەیجی هاوپەیمانی سقوڕنا - دیالە دێت کە بە بەهای 8 هەزار و 734 دۆلار پۆستی سیاسی سپۆنسەر کردووە.
پەیجی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پلەی هەشتەمە کە بڕی 8 هەزار و 502 دۆلاری خەرجکردووە، لە پلەی نۆیەم پەیجی نووری ئەحمەد رەحیم شەممەری بەربژێری لیستەکەی سوودانی دێت کە بڕی 7 هەزار و 369 دۆلاری خەرج کردووە، لە پلەی دەیەم پەیجی هاوپەیمانی سادیقوون - بەسرە دێت کە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهیلی حەقە و قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتیی دەکات. لەو ماوەیەدا 7 هەزار و 20 دۆلاری خەرج کردووە.
پارتە سیاسییە کوردستانییەکان و بەربژێرانیان لە ئاستی عێراق بۆ خەرجکردنی پارە لە سپۆنسەری پۆستی سیاسیدا بەراورد بە لایەنە عێراقییەکان و بەرژێرانیان پارەیەکی کەمتریان خەرجکردووە.
پەیجی بناس دۆسکی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک یەکەمی هەرێمی کوردستانە کە بڕی 5 هەزار و 803 دۆلاری لە سپۆنسەرکردنی پۆستی سیاسی خەرج کردووە. دواتر پەیجی بڕیار رەشید بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کودستان دێت لە سلێمانی کە بڕی 2 هەزار و 561 دۆلاری خەرجکردووە.
بەربژێرانی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە زۆرینەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەم تاوەکو پێنجەمیان گرتووە لە بەشێوەیەکی گشتی تاوەکو هەزار و 500 دۆلار و کەمتریان خەرج کردووە.
بەربژێرانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، نایشارنەوە بەشێکی بەرچاو لە خەرجییەکانیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خەرج دەکەن، پێشتر بەکر عەبدوڵڵا، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "تۆڕی کۆمەڵایەتی لە پلەی یەکەمدایە بۆ بانگەشە کردنم خۆم زیاتر لە 40 ملیۆن دینارم بۆ بانگەشە تەرخان کردووە نزیکەی 35%ـی کۆی خەرجییەکانی بۆ ریکلامکردن لە سۆشیال میدیا دەبێت."
بڕیار رەشید، بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لای من سەردانی رووبەڕووی دەنگدەران لە پلەی یەکەمە، بەڵام سۆشیال میدیا یەکێکە لە کەرەستە سەرەکییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و گرنگی زۆری پێدەدەین تاوەکو پەیامەکانمان بگاتە دەنگدەران."
کۆمیسیۆن داوای ئامار لە مێتا دەکات
رۆژی 22ی تشرینی یەکەمی 2025 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای مێتا کۆبووەوە.
بیلال ئەکرەم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییە جەماوەرییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و یەکێک لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێک لەو پرسانەی لەگەڵ کۆمپانیای مێتا تاوتوێ کراوە، پارەدارکردنی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەربژێرەکانە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە."
باسی لەوەشکرد، "کۆمیسیۆن داوای کردووە لەبارەی پارەدارکردنی هەڵمەتەکانەوە ئامارێکیان پێبدەن، هەروەها داوای جیاکردنەوەی ئەکاونتى راستەقینەى بەربژێرانیان لە ئەکاونتە ساختەکان کردووە."
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ لەنێوان دەرفەت بۆ بەربژێران و بێزاری لە پۆستی سیاسی دا
لە چەند ساڵی رابردوودا مشتومڕێک هەبوو لەسەر زیادبوونی ئەو پۆستانەی نێوەڕۆکیان سیاسییە، رۆژی 20-10-2025 مێتا رایگەیاند، "فرۆشتن و پێشاندانی ئەو پۆستانە رادەگرێت کە نێوەڕۆکیان سیاسییە یان پەیوەستن بە هەڵبژاردن لە سەرانسەری ئەورووپا.''
بڕیارەکە لە 10-10-2025ـەوە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت، کە دوای ئەوە هات یەکێتیی ئەورووپا یاسای کۆنترۆڵ و رێکاری بێگەردی و نەهێشتنی ریکلامی سیاسی - TTPA دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکە، پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا دەبێت بە روونی پۆلێنی پۆستەکان بکەن و جیای بکەنەوە، ناوی ئەو کەس و لایەنەش ئاشکرا بکەن کە سپۆنسەر دەکەن، بەتایبەت لە پرسێکی تایبەت بە هەڵبژاردن یان کۆمەڵایەتیدا، جگە لەوەی دەبێت بڕە پارەی خەرجکراویش ئاشکرا بکرێت لەگەڵ چۆنێتیی پێشاندانی پۆستی سپۆنسەرکراو بۆ خەڵکی دیاریکراو، سادەترین و گرنگترین رێکار ئەوەیە، پێش ئەوەی سپۆنسەر بێتە بەردەم بەکارهێنەر، دەبێت رەزامەندییەکەی وەربگیرێت لەگەڵ روونی لە داوای داتای بەکارهێندراوی بەکارهێنەر.
بڕیارەکەی ئەورووپا ناڕەزایەتیی مێتای لێکەوتەوە و بە "هەنگاوێکی هەستیاری ئاڵنگاریی کار و نادڵنیایی" دانا. دەڵێت، بەشێکی ئەو رێکارانەی داواکراون، کار ناکەن و پێویستیان بە دامەزراندنیەتی لە پلاتفۆرمەکاندا، لەگەڵ ئەوەی لە ئەورووپا ریکلامی سیاسی قەدەخە کراوە، بەڵام مێتا دەڵێت، "هێشتا پێشاندانی پۆستی ئاسایی خەڵك لەڕووی سیاسییەوە، رێگەپێدراوە.''
وڵاتان چەند ساڵێکە لە پێشاندانی پۆستی سیاسی و بانگەشەدا خاوەنی کۆمەڵێک رێکارن، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی ئەوتۆ بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە لەڕووی پێشاندانی پۆست و سپۆنسەریدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ