رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ، وڵاتەکەی تەنگەی هورمز بە رووی کەشتییەکاندا دەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا تاران هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر ئەو رێڕەوە ستراتیژییەدا نەماوە.
رۆژی دووشەممە، 4ی ئایاری 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە (فۆکس نیوز)ی راگەیاند، سوپای وڵاتەکەی کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی کردووە و رێڕەوەکە بۆ هەناردەکردنی وزە و کاڵاکان ئامادەیە.
وەزیری گەنجینە گوتی، "ئەمریکا تەنگەی هورمز دەکاتەوە و ئێرانییەکان چی دیکە هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەر ئەو ناوچەیەوە نییە."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا داوای لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کرد، ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و گوشارەکانیان بۆ سەر ئێران چڕبکەنەوە و گوتی، "ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان گوشار بخەنە سەر ئێران."
ئەم لێدوانەی وەزیری گەنجینە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی (پرۆژەی ئازادی) لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، کە تێیدا هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بە پشتگیریی دەیان هەزار سەرباز و زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی، ئەرکی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییەکانی گوێزەرەوەی نەوتیان لە تەنگەی هورمز گرتووەتە ئەستۆ.
ئەم جووڵە نوێیەی واشنتن وەڵامێکە بۆ ئەو بنبەستەی لە دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد لە پاکستان دروستبووە. لە کاتێکدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و نێردە ئەمریکییەکان خەریکی ئاڵوگۆڕی رەشنووسی رێککەوتنن، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێ بە کردەیی کۆتایی بە گەمارۆی سەر رێڕەوە ئاوییەکە بهێنێت.
تەنگەی هورمز کە 20%ـی نەوتی جیهانی لێوە دەگوازرێتەوە، لە دەستپێکردنی جەنگی 2026ـەوە لە 28ی شوباتی ئەم ساڵەوە، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانەوە بە رووی بازرگانیی جیهانیدا داخراوە، کە ئەمەش زیانی رۆژانەی 10 ملیار دۆلاری بە ئابووریی جیهان گەیاندووە.
ئێستا واشنتن دەیەوێت لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ئەم رێڕەوەوە، تاران لە گەورەترین کارتی گوشاری بێبەش بکات بۆ ئەوەی بە مەرجەکانیان رازی بێ، لەوانە وازهێنان لە پیتاندنی ئەتۆم و پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ