رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە باسی رێگەی گەشەپێداندا دەڵێ: "ئێمە، عێراق و وڵاتە دۆستەکانیشمان سوودی زۆری لێ دەبینین"؛ باسی لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز و داخستنی ئاسمانی وڵاتان لە ئەنجامی جەنگەکان کرد و گوتی، لەسەر ئەو بنچینەیەیە "رێڕەوەی گواستنەوەی نوێ و ئارام زۆر پێویستن."
ئەمڕۆ هەینی 27ـی حوزەیرانی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی: "گرژییەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکەمان، ئەو نادیارییانەی تایبەت بە گەرووی هورمز و گەشتە ئاسمانییەکان سەریانهەڵدا، وەبیریان هێناینەوە کە رێڕەوی گواستنەوەی نوێ و ئارام زۆر بەنرخن".
سەبارەت بە رێگەی گەشەپێدان، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، زۆر بایەخی پێدەدەن، چونکە "پرۆژەیەکە تەنیا سوودی بازرگانی نییە، بەڵکو رێگەی ئاشتییە و جوگرافیای باکوور بە باشوور، رۆژئاوا بە رۆژهەڵات و هەمووان بەیەکەوە گرێ دەدات".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی: "عێراق دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی لەم پڕۆژەیەدا. هەربۆیە خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بۆ عێراق دەگەڕێتەوە و پێگە جیهانییەکەی سەنگینتر دەکات. گواستنەوەی بار لە بەندەری فاوەوە بۆ ئۆڤاکۆ و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا کارێکی زۆر ناوازە دەبێت. لە سایەی پرۆژەکە، بەندەری فاو زۆر زیاتر گەشە دەکات و بە رووی جیهاندا دەکرێتەوە."
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، پڕۆژەی گەشەپێدان کاریگەرییەکی گەورەی دەبێ، بە جۆرێک دوای تەواوبوونی 63 هەزار کەس لە ساڵێکدا هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێندرێ.
درێژیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەترە و پێکدێت لە هێڵەکانی گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیاران و هێڵی ئاسن، لە بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرەوە درێژ دەبێتەوە بۆ نێو خاکی تورکیا.
خەرجیی پڕۆژەکە بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی مۆدێرن و 6.5 ملیار دۆلاری بۆ درێژکردنی هێڵی ئاسن تەرخان دەکرێت.
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە ساڵی 2028 تەواو دەبێت، قۆناخی کۆتایی لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ