رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکردەوە. نەوتەکە بەرهەمی چەند کێڵگەیەکی جیاوازی هەرێمی کوردستانه و بە بۆریی هەناردەی بەندەرەکە دەکرێت و دواتر دەفرۆشرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمە هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان رێککەوتووین. نەوتی هەرێم رادەستمان دەکرێت و بۆ بەندەری جەیهان هەناردەی دەکەین."
بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان
- کێڵگەی نەوتی تاوکێ و پێشابوور، دی ئین ئۆ، رۆژانە 68 هەزار بەرمیل، راپۆرتی دی ئین ئۆ، 26ی ئەیلوول 2025.
- کێڵگەی نەوتی ئەترووش، ئیچ کەی ئین و شاماران، رۆژانە 35 هەزار بەرمیل نەوت، راپۆرتی شاماران 25ی ئەیلوول 2025.
- کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، ئیچ کەی ئین و دی ئین ئۆ، رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوت، راپۆرتی شاماران 25ی ئەیلوول 2025.
- کێڵگەی نەوتی شێخان، گەڵف کیستۆنی بەریتانی، رۆژانە 44 هەزار بەرمیل نەوت، راپۆرتی 28ی ئاب 2025.
- کێڵگەی نەوتی عەین سفنی، هەنت ئۆیڵ، رۆژانە 6.5 هەزار بەرمیل نەوت.
- کێڵگەی نەوتی هەولێر، وێزەفۆرد، رۆژانە 9 هەزار بەرمیل.
- کێڵگەی نەوتی بجیل، رۆژانە 4 هەزار بەرمیل نەوت.
- کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا، گازپرۆم و ویسترن زاگرۆس، رۆژانە 8.5 هەزار بەرمیل نەوت.
- کێڵگەی نەوتی خورمەڵە، کارگرووپ، رۆژانەی 80 هەزار بەرمیل نەوت.
کۆی گشتی بەرهەمێنانی کێڵگەکان ئێستا 285 هەزار بەرمیل نەوتە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر، دانەگاز و کرێسنت پیترۆڵیوم، رۆژانە 15.8 هەزار بەرمیل گاز کۆندینسەیت.
کۆی گشتی هەموو کێڵگەکانی نەوت و گاز، 300 هەزار بەرمیلە.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان رۆڵی عێراق لە رێکخراوی ئۆپێکدا بەهێز دەکات. هاوکات جەختیشی کردەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان مافی نییە نەوت لە دەرەوەی میکانیزمە پەسندکراوەکان بفرۆشێت، رێککەوتنەکەش مافەکانی دەوڵەتی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان مسۆگەر دەکات.
مەسرور بارزانی: ئەمریکا رۆڵێکی گرنگی لە هەناردەکردنەوەی نەوتدا هەبوو
سەرۆکی حکومەت باسی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای کرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بە ''رووداوێکی مێژوویی'' وەسف کرد.
مەسرور بارزانی دەڵێت، ''ئەم رێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەموو خەڵکی عێراق، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان.''
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە رۆڵی ئەمریکا کرد بۆ سەرخستنی رێککەوتنەکە و گوتی، ''پاڵپشتێکی گەورە بوو بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە. هیوادارم ئەم گرێبەستە ببێتە هۆکاری پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و لە خزمەتی هەموو هاووڵاتییاندا بێت.''
لە ئاداری ساڵى 2023وە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل.
بەڵام دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنەوە و رێککەوتنی سێقۆڵیش لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەناردە دەستیپێکردەوە.
لە قۆناخی یەکەمدا 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ