رووداو - هەولێر
بە تۆمەتی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوون بە رێنماییەکان و گەندەڵی و ساختەکاری لە بەڵگەنامەکاندا، وەزارەتی پلاندانان 90 کۆمپانیای بەڵێندەرایەتی خستووەتە لیستی رەشەوە کە حەوت کۆمپانیایان بیانین.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان، تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 30 هەزار و 99 کۆمپانیا (26،777 کۆمپانیاى خۆماڵی و 3،322 کۆمپانیای بیانی). لەو ژمارەیەش 3،260 کۆمپانیایان کاری بەڵێندەرایەتی دەکەن کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە پۆلێن کراون ء پلەیان پێدراوە.
عومەر عارەب بڵباس، بەڕێوەبەری گرێبەستە گشتییەکان لە وەزارەتی پلاندانان کە سەرپەرشتی دۆسیەی لیستی رەشی کۆمپانیاکان دەکات، بە (رووداو)ی گوت، ئامانجی وەزارەتی پلاندانان لە دانانى لیستی رەش ئەوەیە رێگری لە بەفیڕۆدانی سامانی وڵات بکات و سزای ئەو کۆمپانیایانە بدات کە گەندەڵى دەکەن "چونکە کەمتەرخەمی ء گەندەڵیی هەندێ کۆمپانیا زیانی گەورەیان بە هەندێ پرۆژەى ئابووریی هەرێمی کوردستان گەیاندووە".
لیستی رەش، لیستێکی تایبەت بەناوی ئەو کۆمپانیا بەڵێندەرانەیە کە گەندەڵی، کەمتەرخەمی و سەرپێچی لە مەرجەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی حکومەتدا دەکەن، دوای ئاشکرابوونیان لەلایەن وەزارەت و پارێزگاکان و ئیدارەی ناوچەکانەوە دۆسیەکانیان ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان دەکرێت. دوای لێکۆڵینەوە دەخرێنە لیستی رەشەوە.
بەپێی ئەو پەیڕەو و رێنماییانەی وەزارەتی پلاندانان بۆ خستنە لیستی رەش کاری پێدەکات، تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیری پلاندانانە کۆمپانیا بەڵێندەرەکان بخاتە لیستی رەشەوە. ئەویش دوای ئەوەی لەلایەن وەزارەتەکانەوە، بە نووسراوی فەرمی بەڵگەنامە و دۆسیەی کەمتەرخەمی و ساختەکاریی کۆمپانیاکان بە واژۆی وەزیر یان جێگری وەزیر یان پارێزگار یان سەرۆکی دەستەکان بۆ وەزارەتی پلاندانان دەخرێنەڕوو.
دواتر دۆسیەکە ئاراستەی لێژنەی باڵای پۆلێنکردنی کۆمپانیان دەکرێت کە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی دیوانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و نوێنەری زۆربەی وەزارەتەکانی تێدایە. دوای لێکۆڵینەوە، بەگوێرەی قەبارەی سەرپێچییەکە، بە واژۆی وەزیری پلاندانان کۆمپانیاکە دەخرێتە لیستى رەشەوە بۆ ماوەیەک کە لە 6 مانگ کەمتر نەبێت و لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت.
هەر بە گوێرەى رێنماییەکان، وەزیرى پلاندانان نووسراوێک ئاراستەى گشت وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکات هەتا ماوەکە تەواو نەبێ، هیچ پرۆژەیەک نەدەنە ئەو کۆمپانیایە. لە رۆژی دەرچوونی لە لیستی رەشیش، پلەیەک لە پلەی پۆلێنی کۆمپانیاکە بۆ ماوەی 2 ساڵ دادەبەزێنرێ. هەر کۆمپانیایەکیش بۆ جاری دووەم بەردەوام بێت لە کەمتەرخەمی، وەزیر بۆی هەیە پێناسی رێگەپێدانی بەڵێندەرایەتی لێوەربگرێتەوە.
ئەو حاڵەتانەی کۆمپانیاکانی پێ دەخرێتە نێو لیستی رەشەوە بریتین لە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکى بیانى کە لە کوردستان رێگەى کارکردنى پێ نەدرابێ، بەرتیلدان بە فەرمانبەری دەوڵەت، ساختەکردنی بەڵگەنامە، بەخشینی زانیاریی نادروست، سەرپێچی لە مەرجەکانی بەڵێندەرایەتی، پابەندنەبوون بە ئادابی پیشە، پەیڕەوکردنی رکابەریی نادروست، خۆدزینەوە و پابەندنەبوون بە ناوەڕۆکی گرێبەست، گرێبەستکردن لەگەڵ بەڵێندەری لاوەکی بێ رەزامەندی.
عومەر عارەب، دەڵێت: "تا ئێستا 90 کۆمپانیامان خستووەتە لیستی رەشەوە، بەهۆی تەواوبوونی ماوەی سزاکانیان و بە فەرمانی لایەنی پەیوەندیدار 30 کۆمپانیا لە لیستەکە دەرهێنراون، ئێستا 60 کۆمپانیا لە لیستی رەشدان".
عومەر عارەب ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە بەهۆی تەواوبوونی ماوەی سزاکان، یان زیادکردنی کۆمپانیاى دیکە بۆ لیستى رەش، بەردەوام ژمارەی کۆمپانیان لە لیستی رەشدا لە گۆڕاندایە، بەڵام هەر کۆمپانیایەک بخرێتە لیستی رەشەوە ناوی لە لیستەکەدا هەر دەمێنێ، ئەمەش بۆ ئەوەیە ئەگەر دووبارە سەرپێچی کردەوە بە یەکجارى لەکاری بەڵێندەرایەتی دووربخرێتەوە.
بەپێی داتاکانی لیستی رەشی وەزارەتی پلاندانان، بە بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو ئەمساڵ زۆرترین کۆمپانیا خراونەتە لیستی رەشەوە کە ژمارەیان حەوت کۆمپانیایە.
عومەر عارەب دەڵێت: "جگە لەو 7 کۆمپانیایە، دۆسیەی 4 - 5 کۆمپانیای دیکەمان لەبەردەستە، هەندێکیان لێکۆڵینەوەیان تەواو بووە، بەڵام بەهۆی ئەو زیانە ئابوورییەی کۆمپانیاکان بەلایەنە پەیوەندیدارەکانیان گەیاندووە، دۆسیەی هەندێکیان لە دادگایە، هەندێ لە کۆمپانیاکانیش تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە، بۆیە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانیان پەنا دەبەینە بەر دادگا، ئەگەر دۆسیەکە لە بەرژەوەندی حکومەت تەواو بوو، کۆمپانیاکە دەخەینە لیستی رەشەوە".
جگە لە وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی کاریش بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆ لە کۆی 174 کۆمپانیای تایبەت بە هێنانی کرێکاری بیانی، ئەمساڵ بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان و فرۆشتنەوەی کرێکاران بە کۆمپانیای عێراقی و هەندێ هۆکاری دیکە، 10 کۆمپانیای خستووەتە لیستی رەشەوە.
دیدار محەممەد قادر، بەرپرسی بەکارخستن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: "بۆ خستنە لیستی رەشی کۆمپانیاکانی هێنانی کرێکاری بیانی، دوو لێژنەمان هەیە. لێژنەیەکی باڵا کە نوێنەری زۆربەی وەزارەتەکانی تێدایە. لێژنەی دووەمیش لەسەر ئاستی پارێزگاکان کە بەڕێوەبەری کارى پارێزگاکان تێیدا ئەندامن لەگەڵ لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ".
دیدار محەممەد گوتیشی: "ئەم لێژنانە هەماهەنگیی تەواویان لەگەڵ یەکدى هەیە. هەر کۆمپانیایەکی تایبەت بە هێنانی کرێکاری بیانی بازرگانی بە کرێکاری بیانی بکات و کرێکار رەوانەی شارەکانی عێراق بکات، یان دەستدرێژى و توندوتیژی دژ بە کرێکارەکانی بەکاربهێنێ. ئەوە بەپێی یاسا و رێنماییەکان رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و کۆمپانیاکەشی دەخرێتە لیستی رەشەوە".
دیدار محەممەد ئاماژەى بەوەدا هەر کۆمپانیایەکی تایبەت بە هاوردنى کرێکاری بیانی بخرێتە لیستی رەشەوە، لە لیستەکە دەرناهێنرێت تا ئەو گرفتە چارەسەر نەکات کە بە هۆیەوە خراوەتە لیستی رەشەوە، تەنانەت ئەگەر ماوەی یاسایی خۆیشی تەواو کردبێت.
سزاکانی لیستی رەش چین؟
- وەزیر بۆی هەیە لە 6 مانگ تا 2 ساڵ کۆمپانیاکە بخاتە لیستی رەشەوە.
- ئەو کۆمپانیایەى دەخرێتە لیستی رەش، پلەیەکى لێ دادەبەزێنرێ، تا دوو ساڵ بۆی نییە داوای بکاتەوە.
- بە دووبارەبوونەوەی ئەو هۆکارەى کۆمپانیاکەى پێ خراوەتە لیستى رەشەوە، مۆڵەتى کارکردن لە کۆمپانیاکە وەردەگیرێتەوە.
- ئەو کۆمپانیا بەڵێندەرانەى خراونەتە لیستى رەشەوە، پارەی خیتاب زەمانى پرۆژەکانیان بۆ ناگەڕێنرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ