عیزەت سابیر: عێراق تاوەکو 100 ساڵی دیکە گازی سرووشتیی دەبێت

28-01-2025
عيزەت سابير، بريكارى وەزارەتى نەوتى عێراق
عيزەت سابير، بريكارى وەزارەتى نەوتى عێراق
نیشانەکردن کۆنفرانسی وزەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بريكارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى گاز رایگەیاند، حکومەتی عێراق پلانی داناوە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2030 سووتاندنی گازی هاوەڵ بگەیێنێتە سفر. گوتیشی "عێراق تاوەکو 100 ساڵی دیکە، گازی یەدەگی دەبێت."
 
کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و پرسی ژینگە، سەرچاوەکانی وزە و فرەیی ئابووریی عێراق مژارە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکەن. تۆڕی میدیایی رووداو هاوبەش و سپۆنسەری میدیایی کۆنفرانسەکەیە.
 
لە پانێڵی دووەمی کۆنفرانسەکەدا، عيزەت سابير، بريكارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى گاز، لەبارەی رابردوو، ئێستا و داهاتووی گازی سرووشتی قسەی کرد.
 
عێراق 11ـیەمین وڵاتی جیهانە لە یەدەگی گاز دا
 
عیزەت سابیر گوتی "لە 10 ساڵی رابردوودا پیشەسازیی نەوت گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، ئەوەش لەڕێگەی مۆڵەتەکانی حکومەت بە کێڵگە نەوتییەکان و پلانی گەیاندنی سووتاندنی گازی هاوەڵ بە سفر لە ساڵی 2030دا."
 
لەبارەی گازی سرووشتیشەوە گوتی، "عێراق 127 تریلیۆن پێ سێجا یەدەگی گازی هەیە، بەرهەمی ساڵانەی 140 ملیار پێ سێجایە، واتە عێراق تاوەکو 100 ساڵی دیکە، گازی هەیە و لە یەدەگی گازدا 11ـیەمین وڵاتی جیهانە."
 
بەگوتەی عیزەت سابیر، "گازی عێراق 25٪ـی هاوەڵە و 75٪ـی گازی ئازادە."
 
یەک دۆلار وەبەرهێنان لە گاز، سێ دۆلار داهاتی هەیە
 
بريكارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى گاز رایگەیاند، "لە ساڵی 2024دا زۆرترین وەبەرهێنان لە گازدا کراوە کە 66٪ـی هەموو گازی عێراقە، لەکاتێکدا پێشتر 53٪ بوو، واتە لەم کابینەیەی حکومەتدا 13٪ وەبەرهێنان لە گازدا زیادیکردووە."
 
بە گوتەی عیزەت سابیر، "ئەگەر 1٪ وەبەرهێنان زیاد بکەیت، پێویستت بە یەک ملیار دۆلارە، بەڵام یەک دۆلار لە بەرهەمهێنانی گازدا خەرج بکەیت لە بەرامبەردا سێ دۆلارت دەستدەکەوێت."
 
حکومەتی عێراق لەنێوان 2020-2030 نزیکەی 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ‌گازدا دەکات تاوەکو سووتاندنی گازی هاوەڵ دەگاتە سفر، "بەڵام لەبەرامبەر ئەو 10 ملیار دۆلارە، 30 ملیار دۆلاری دەستدەکەوێت و ژینگەیەکی پاکیشی دەبێت."
 
عێراق 800 ملیۆن پێ سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات
 
بەگوتەی عیزەت سابیر، عێراق لە ساڵی 2030ـدا دەتوانێت 6 ملیار پێ سێجا گازی زیاتر بەرهەمبهێنێت، کە دەبێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ زیاترکردنی کارەبا.
 
لە ساڵی 2024دا بەرهەمهێنانی گازی وشک لە عێراق گەیشتە زیاتر لە 1600 ملیۆن پێ سێجا، هاوکات بەرهەمهێنانی LPG گازی شل، گەیشتە نۆ هەزار تۆن رۆژانە. "هەناردەکردنی گاز لە 2023 بۆ 2024 دووهێندە زیادی کردووە و هەوڵدەدرێت بگەیێندرێتە یەک ملیۆن تۆن ساڵانە."
 
لەبارەی هاوردەکردنی گازەوە، بریکارەکەی وەزارەتی نەوتى عێراق بۆ کاروبارى گاز گوتی "لە ئێران 800 ملیۆن پێ سێجا هاوردە دەکرێت، هەروەها وەزارەتی کارەبا گرێبەستی لەگەڵ تورکمانستان کردووە بۆ هاوردەکردنی گاز."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە