وەزارەتى نەوتى عێراق: دەمانەوێت کۆتایی بە هاوردەکردنی بەنزین بهێنین

28-01-2025
عەلى مارج، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى دابەشکردن
عەلى مارج، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى دابەشکردن
نیشانەکردن کۆنفرانسی وزەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى دابەشکردن راگەیاند؛ هاوردەکردنى نەوت سپى و گازۆیل ـیان وەستاندووە و کار لەسەر کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنى بەنزین دەکەن و ئامانجیان ئەوەیە لە ماوەى 5 ساڵى داهاتوودا بڕى بەرهەمهێنانى رۆژانەى نەوت لە 7 ملیۆن بەرمیل نزیک بکەنەوە. 
 
ئەو گوتانەى بەرپرسەکەى وەزارەتى نەوت، لە کۆنفرانسی وزەی عێراق بوو لە بەغدا، کە تۆڕی میدیایی رووداو، هاوبەش و سپۆنسەری میدیایی کۆنفرانسەکەیە.
 
عەلى مارج، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى دابەشکردن رایگەیاند، بۆ یەکەمجار پڕۆژەیەکى گشتگیر لە عێراق جێبەجێ دەکرێت، کە بریتییە لە دەرهێنانى نەوت، پاڵاوتن، پترۆکیمیاییەکان، کارەبا و پیشەسازییە گۆڕاوەکانى دیکەى وەک چیمەنتۆ و بەرهەمى دیکە، کە بە گوتەى ئەو بەرپرسە، پێشتر لە پیشەسازیى نەوتى عێراقدا نەبوو.
 
عەلى مارج رایگەیاند؛ لە دوو ساڵدا یەکەیەکى پاڵاوتن لە بەسرە بە قەبارەى 70 هەزار بەرمیل رۆژانە دروستکراوە و یەکەیەکى دیکەى پاڵاوتن لە پاڵاوگەى باکوور بە قەبارەى 150 هەزار بەرمیلى رۆژانە خراوەتە کار.
 
کۆنفرانسی وزەی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 28ـی تشرینى دووەمى 2025) دەستیپێکرد و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى دابەشکردن گوتى "لە دوو ساڵى رابردوودا، هاودەکردنى نەوتی سپى و گازۆیلمان وەستاندووە، کار لەسەر کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنى بەنزین دەکەین، بەوەش دەتوانین بڵێین گەیشتووینەتە ئاستی پشتبەخۆبەستن لە تەواوی ئەو بەرهەمە نەوتیانە." 
 
بەگوێرەى پلانى وەزارەتى نەوتى عێراق، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سووتانى گازى هاوەڵى کێڵگەکانى نەوت 80% رادەگیرێت و لە کۆتایی 2027 بەتەواوى سووتانى ئەو گازە رادەگیرێت، کە لەگەڵ دەرهێنانى نەوت دەسەوتێت و یەکێک لە هۆکارەکانى پیسبوونى ژینگەیە.
 
عەلى مارج گوتى "کە دەڵێین روو لە پەرەپێدانى کێڵگە گازییەکان دەکەین لە برى کێڵگەکانى نەوت، ماناى ئەوەیە روو لە پارێزگارى لە ژینگە دەکەین و کار لەسەر کەمکردنەوەى دەردراوە کاربۆنییەکان دەکەین." 
 
ئەو بەرپرسەى وەزارەتى نەوت ئاماژەى بەوە دا، ئامانجیان ئەوەیە لە ماوەى پێنج ساڵى داهاتوودا بڕى بەرهەمهێنانى رۆژانەى نەوت نزیک بکەنەوە لە حەوت ملیۆن بەرمیل. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە