ئابووری
دوورگەی تیلۆس لە یۆنان و چەند پانێڵێکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆرەوە. وێنە: AFP / ARIS MESSINIS
رووداو دیجیتاڵ
دوورگەیەکی بچووک لە یۆنان خەڵاتی "دوورگەی بەرپرسیارێتیی ئەوروپا"ی پێبەخشرا، بەهۆی هەوڵەکانی بەرپرسان و خەڵکی دوورگەکە لە بواری پەرەپێدانی وزەی پاک و پاراستنی ژینگە.
نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە ئەسینا رایگەیاند، ئەو شێوازەی کە ئێستا وزەی پاک لە دوورگەی تیلۆس لە باشووری رۆهەڵاتی دەریای ئیجە پەرەی پێدەدرێت ستایشی زۆری بەرپرسانی ئەوروپی بەدوای خۆیدا هێناوە و بەو پێیەش دەبێتە سێیەم دوورگە لە ئەوروپا کە پێشەنگ دەبێت لە هەوڵەکانی پاراستنی ژینگە و خاوێنڕاگرتنی کەشوهەوا.
بەرپرسانی ئەو دوورگەیە دەیانەوێت هەموو پێداویستییەکانی گوندەکە بە کارەبا لە رێگەی وزەی با و وزەی هەتاوەوە دابینبکەن. سپیرۆس ئالیفیرێس، ئەندازیاری میکانیک دەڵێت، "ئەوە یەکەم وێستگەی تێکەڵاوە کە کارەبا بەرهەمدەهێنێت و کۆگای دەکات. ئەوە تێکەڵاوە چونکە دوو سەرچاوەی جیاوازی کارەبای باو و کارەبای هەتاو کۆدەکاتەوە."
لە ساڵی 2017 وە بەرپرسانی ئەو دوورگە جوانەی یۆنان سەرقاڵی داهێنانن لە هەمەڕەنگکردنی سەرچاوەکانی وزە و کەڵکوەرگرتن لە وزەی پاک. تیلۆس یەکەم دوورگەیە لە دەریای ناوەڕاست کە دەبەسترێتەوە بە وزەی پاک. لەم دوورگەیە ئەو کارەبایە کە لە رێگەی تێکەڵاوەوە لە هەتاو و باوە بەرهەمدێت لە پاتری کۆگادەکرێت و دەگواسترێتەوە بۆ دانیشتوانی گوندەکە.
ماریا کاما، سەرۆکی شارەوانیی تیلۆس دەڵێت، "پرۆژەیەکی گرنگ دروستکراوە. گرنگە تیلۆس ئەم دەستکەوتەی هەبووە و دەتوانێت رێپێشاندەر بێت بۆ چارەسەر، بەتایبەتی بۆ دوورگە بچووکەکانی وڵاتەکەمان."
لە رێگەی بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزەی پاک، ئەم دوورگەیە شوێن پێی خۆی دیاری دەکات لە نەناردنی هیچ بڕە گازێکی زیانبەخشی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن بۆ کەشی زەوی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کارەبادا. هاوکات لە ماوەدرێژیشدا تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ خێزانەکان لەم دوورگەیە کەمدەبێتەوە.
واسیلیس ئۆیکۆنۆمۆ، خاوەن باڕێک لە دوورگەکەیە و دەڵێت، "ئەمە داهاتووە. زۆر چاکە وزەی سەوز لەم دوورگە بچووکەوە دەستیپێکردووە. بۆ ئێمە کە دەمانەوێت سەربەخۆ و ئازاد بین لە نەوت و ئەوەی کە ژینگە پیسدەکات."
پرۆدۆمۆس تیرکلیس، خاوەن کافێیەکە بە هەمانشێوە ستایشی ئەو بەرەوپێشچوونە دەکات و دەڵێت، "ئەمە هێشتا سەرەتایە، بەڵام ئێمە خۆشحاڵین کە ئەمەمان بەدیهێناوە. ئێمە هەوڵدەدەین بەرگەی کەمبوونەوە و زیادبوونی کارەبا و نەبوونی کارەبا بگرین، بەڵام ئەگەر چاو لە داهاتوو بکەی، پێموایە شتەکان دەگۆڕدرێن."
یۆنان بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی، خاوەن توانای زۆرە بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکانی وزەی پاک. بەرپرسانی یۆنان بەنیازن دوورگەی تیلۆس بکەنە نموونەیەک بۆ ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ