رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا توانی ئاستی 4,000 دۆلار بەدەست بهێنێتەوە و بەرزبێتەوە بۆ 4015 دۆلار، بەڵام دوای چەند کاژێرێک دووبارە دابەزیوە بۆ خوار ئەو ئاستە هەستیارە و ئێستا بە نزیکەی 3990 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی دووشەممە هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چین و ئەگەری رێککەوتنێکی درێژخایەن بووە هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بەڕێژەی 3٪ بۆ نزیکەی 3970 دۆلار.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا ئەمڕۆ سێشەممە بە 4022 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بازرگانانی زێڕ لە ئاستەکانی ئێستا خواستیان لەسەر کڕینی زێڕ هەیە، بەتایبەتیش لەبەر ئەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە ئاراستەی دابەزینی گرتووەتەبەر."
پێنوێنی دۆلار کە نرخی دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکی دەپێوێت، ئەمڕۆ سێشەممە بە رێژەی 0.1٪ دابەزیوە. ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کڕینی زێڕ لەو وڵاتانەی بە دراوێکی دیکە جگە لە دۆلار مامەڵە دەکەن، ئاسانتر بکات."
دۆناڵد ترەمپ، کۆمەڵێک رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ وڵاتە ئاسیاییەکان ئەنجامداوە و راشیگەیاندووە بە ئەگەری زۆرەوە لەگەڵ چین لەسەر کاروباری بازرگانی نێوانیان رێکدەکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ