رێککەوتنی تورکیا و سووریا؛ گواستنەوەی وشکانی دەستپێدەکاتەوە

29-06-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ سووریا واژۆ کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی وشکانی. بەگوێرەی رێککەوتنە نوێیەکە، پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی بار لە دەروازە سنوورییەکاندا کۆتایی دێت و باری بازرگانی راستەوخۆ لەنێوان تورکیا و سووریادا دەگوازرێتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا لە سێیەمین و دوایین رۆژی "کۆڕبەندی رێڕەوەکانی گواستنەوەی جیهانی" کە لە ئیستەنبووڵ بەرێوەدەچێت، باسی لە رێککەوتنی گواستنەوەی نێودەوڵەتی لە نێوان تورکیا و سووریا کرد. 
 
ئۆراڵئۆغڵو گوتی، شاندەکانی تورکیا و سووریا کۆبوونەتەوە و لەسەر دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی وشکانی رێککەوتوون و لەو چوارچێوەیەشدا "یاداشتی لێکتێگەیشتن لەبارەی هاوکاری لە بواری گواستنەوەی وشکانیی نێودەوڵەتی" واژۆ کراوە.
 
وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا رێککەوتن کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی وشکانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا و گوتی: "بەپێی رێککەوتنی گواستنەوەی وشکانیی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2004 لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرابوو، گواستنەوەی بازرگانی دەستپێدەکاتەوە. ئاڵوگۆڕی بار لە دەروازە سنوورییەکان کۆتایی دێت و بارەکان بەبێ ئاڵوگۆڕکردن، راستەوخۆ لە تورکیاوە بۆ سووریا و لە سووریاوە بۆ تورکیا دەگوازرێنەوە."
 
وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئاشکرای کرد، شاندەکان لەسەر دەستپێکردنی گواستنەوەی ترانزێتیش رێککەوتوون و بەمەش دەرفەتی گەیشتنی وشکانیی راستەوخۆ لە تورکیاوە بۆ ئوردن، سعودیە، ئیمارات، قەتەر و وڵاتانی دیکەی کەنداو دەڕەخسێت.
 
ئۆراڵئۆغڵو روونیکردەوە کە بارەکان دەتوانن لە رێگەی سووریاوە بە رێڕەوێکی کورتتر و خێراتر بگەنە وڵاتانی کەنداو: "دەستپێکردنەوەی گواستنەوە لەنێوان تورکیا و سووریادا، نەک تەنیا بۆ هەردوو وڵات، بەڵکو پێگەی بازرگانیی هەرێمیی تورکیا و سووریا لەنێوان ئەورووپا و ئاسیادا بەهێز دەکات. هەروەها 'رێڕەوی ناوەڕاست' بە وڵاتانی کەنداوەوە دەبەستێتەوە." 
 
بەرپرسانی تورکیا و سووریا هەروەها بڕیاریانداوە لە بوارە جیاجیاکانی گواستنەوەی گەشتیار و کاڵادا هاوکاریی یەکدی بکەن و پرۆگرامی راهێنانی هاوبەش رێکبخەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە