راپۆرتی نیوەی ساڵی گەڵف کیستۆن: داهات و بەرهەمی نەوتمان بەرزبووەتەوە

29-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن (GKP) کە یەکێکە لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، ئەنجامی دارایی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرەڕای ئەو کێشە کاتییانەی بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە دروستبوون، ئەنجامەکانی "بەهێز" بوون.
 
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، لەو  کێڵگە نەوتیانەی تێیدا کاردەکات، بەراورد بە نیوەی یەکەمی پار، بەرهەمهێنان بە رێژەی 12% زیادیکردووە و گەیشتووەتە تێکڕای 44 هەزار و 100 بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت لەنێوخۆ و ئاستی باشی کێلگەی نەوتی شێخانەوەیە.
 
مانگی تەممووز، کارەکانی کۆمپانیاکە بۆ ماوەیەکی کورت راگیران، دوای ئەوەی هێرشی درۆنی کرایە سەر کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکە. دوای پشکنینی ئەمنی و گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمهێنان لە مانگی ئابدا دەستیپێکردەوە.
 
داهاتی کۆمپانیاکە لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ بە رێژەی 17% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 83.1 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و فرۆشی زیاترەوە بووە.
 
دوای لێدەرکردنی باج و خەرجییەکانی وەبەرهێنان و کارپێکردن، قازانجی پەتیی کۆمپانیاکە 24.6 ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا قازانجی کۆمپانیاکە پێش لێدەرکردنی باج و تێچووەکانی دیکە بە رێژەی 13% گەشەی کردووە و 41.1 ملیۆن دۆلار بووە.
 
گەڵف کیستۆن ئاماژە بەوە دەکات، قازانجی نوێی خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاکە 25 ملیۆن دۆلار بووە، بەمەش کۆی ئەو قازانجەی ئەم ساڵ بە خاوەن پشکەکان گەیشتووە، دەگاتە 50 ملیۆن دۆلار. 
 
بە گوێرەی راپۆرتی کۆمپانیاکە، یەدەگی کاشی گەڵف کیستۆن لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا گەیشتووەتە 99 ملیۆن دۆلار و هیچ قەرزێکی لەسەر نییە.
 
سەبارەت بە داهاتوو، گەڵف کیستۆن پێشبینی دەکات تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانە بۆ ساڵی 2025 لەنێوان 40 هەزار بۆ 42 هەزار بەرمیل بێت، کە کەمێک لە پێشبینییەکانی پێشووتر کەمترە، ئەوەش لە ئەنجامی راوەستانی کارەکان لە مانگی تەممووزدا. 
 
هەروەها کۆمپانیاکە وەبەرهێنان لە دروستکردنی دامەزراوەیەکی نوێی جیاکردنەوەی ئاو لە نەوتی بیرەکان دەکات کە پێشبینی دەکرێ دوای تەواوبوونی لە ساڵی 2027 بەرهەمهێنان بە بڕی 8 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاد بکات.
 
جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رایگەیاند، کۆمپانیاکە پابەندە بە پاراستنی سەلامەتی و رێکاری داراییەوە و لەگەڵ دەسەڵاتداران کاردەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە. 
 
گوتیشی: " پێشڤەچوونەکانی ئەم دواییەی گفتوگۆکان [لە نێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان] هیوایان پێ بەخشیوین و هەرکاتێک رێککەوتن بکرێ، ئامادەین هەناردەکردن دەستپێبکەینەوە ".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە