رووداو دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەکانی بەنزین و گاز خەریکە دەبێتە هەڕەشە لەسەر حکومەتەکەی بۆریس جۆنسن، ئەوەش دوای ئەوە هات کە ماوەیەکە بەریتانیا بەهۆی کەمیی شۆفێری تانکەر، بەنزینخانەکانی وڵاتەکە تووشی قەیرانی نەمانی بەنزین بوون و خەڵکیش چەندین کاژێر لە نۆرەی بەنزیندا دەوەستن.
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ماوەی دوو رۆژە سوپای وڵاتەکەی خستووەتە ئامادەباشییەوە بۆئەوەی ئەگەر پێویست بکات، کاری گواستنەوەی بەنزین بۆ بەنزینخانەکان جێبەجێبکەن. جۆنسن ئاماژە بەوەش دەکات، قەیرانی بەنزین خەریکە چارەسەردەبێت.
بۆریس جۆنسن دەڵێت، "دەزانم چەندە ناخۆش و بێزارکەرە کە نیگەرانی بەهۆی کەمبوونەوەی بەنزین و سووتەمەنییەوە سەریهەڵداوە. ئێمە هەوڵدەدەین بارودۆخەکە باشتر بکەین. کۆمپانیاکان ئاگاداریان کردوومەتەوە کە خەریکە کێشەی کەمیی خستنەڕوو چارەسەردەبێت. داوام لە خەڵک ئەوەیە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و بارودۆخەکە بە ئاسایی وەربگرن."
ماوەی چەند هەفتەیەکە نرخی گازی سرووشتی لە بەریتانیا بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە کە ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ پەککەوتنی بەشێک لە پیشەسازییەکانی ئەو وڵاتە.
بەرزبوونەوەی نرخی گازی سرووشتی، گواستنەوەی سووتەمەنیی بۆ بەنزینخانەکان ئەستەم کردووە. هەربۆیە نۆرەی دوور و درێژ لە بەنزینخانەکانی بەریتانیا دەبینرێن.
ریچارد ئاڵین، شوفێرێك لە نۆرەی بەنزین دەڵێت، "خەڵک لەم بارودۆخە بێزاربوون. دەزانی، بەهۆی ئەم کێشەیەوە قەرەباڵخی دروستبووە. ئەگەر بیانتوانیبایە هەندێ چاودێر رەوانەی ئێرە بکەن، زۆر باشتر دەبوو بۆئەوەی هاتووچۆ ئاسان بێت. هیچ نەبێ بەو جۆرە رێگری لە تووڕەبوونی خەڵک دەکەن."
گرانت شاپس، وەزیری گواستنەوەی بەریتانیا رەخنە لە خەڵک دەگرێت و دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی دۆخەکەن لە بەنزینخانەکان.
شاپس دەڵێت کەمیی سووتەمەنیان نییە، بەڵام خەڵک ترساون و لەبەرئەوەیە بە لێشاو روویان لە بەنزینخانەکان کردووە و بوونەتە سەرچاوەی ئاڵۆزی.
نرخی یەک لیتر بەنزین لە بەریتانیا بۆ نزیکەی 2 دۆلار بەرزبووەتەوە و نرخی گازیش لە مانگی هەشت بەدواوە بەرێژەی 70٪ بەرزبووەتەوە.
لە کاتێکدا نرخی 1000 پێی سێجا گازی سرووشتی لە بازاڕەکانی جیهان 5 تاوەکو 6 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، لە بەریتانیا نرخەکەی گەیشتووەتە 25 دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیش لە بەریتانیا بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵا و شتومەک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ