رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممە پشتیوانیی خۆی بۆ زیادکردنی کەمترین مووچە بۆ 14.60 یۆرۆ لە کاژێرێکدا راگەیاند، گەورەترین زیادکردنە لەو کاتەوەی وڵاتەکە 10 ساڵ لەمەوبەر سیستمی کەمترین مووچەی پەسند کردووە.
زیادکردنەکە بە دوو قۆناخ دەبێت؛ لە 12.82 یۆرۆی ئێستاوە بۆ 13.90 یۆرۆ لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا زیاد دەکرێت، پاشان جارێکی دیکە لە 1ـی کانوونی دووەمی 2027دا، بۆ 14.60 یۆرۆ بۆ هەر کاژێرێک زیاد دەکرێت.
دوای ئەوەی کابینەی ئەڵمانیا رەزامەندیی لەسەر زیادکردنەکان دا، بێربێل باس، وەزیری کار رایگەیاند: "ملیۆنان کارمەند لە بەرامبەر کارەکەیاندا پارەیەکی زیاتر وەردەگرن و کۆمپانیاکانیش دەتوانن بە شێوەیەکی بەرپرسانە تێچووەکان بەسەر دوو ساڵدا دابەش بکەن."
باس، کە سەرکردەیەکە لە پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD)، کە هاوپەیمانی بلۆکی نەرتیخوازی CDU/CSUی فرێدریش مێرتسە گوتی، زیادکردنەکە "هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دادپەروەریی زیاتر و رێزگرتن لەوانەی کە رۆژانە وڵاتەکەمان بەڕێوەدەبەن."
بەپێی وەزارەتی کار، نزیکەی شەش ملیۆن کرێکار لە ئەڵمانیا لە بڕیارە نوێیەکە سوودمەند دەبن.
لیژنەیەکی سەربەخۆ، کە سەرپەرشتیی کەمترین مووچەی ئەڵمانیا دەکات، لە مانگی حوزەیراندا پێشنیازی بەرزکردنەوە دوو قۆناخییەکەی کردبوو. لیژنەکە، کە کاتێک ئەڵمانیا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2015دا کەمترین مووچەی یاسایی پەسەند کرد، دروست کرا، لە ئابووریناسان، سەرکردەکانی سەندیکاکانی کرێکاران و نوێنەرانی گرووپەکانی بزنس و خاوەنکاران پێکدێت.
بەڵام، زیادکردنەوەکان هێشتا کەمترن لەو 15 یۆرۆیەی کە لە رێککەوتنی هاوپەیمانێتیی نێوان CDU/CSU و SPDدا باسی لێوەکرابوو. هەندێک لە سیاسەتمەدارانی SPD داوای تێپەڕاندنی لیژنەکە و سەپاندنی راستەوخۆی مووچە زیادەکە دەکەن، پێشنیازێک کە رەخنەی نەریتخوازەکانی لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ