رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیکراوانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان دەڵێ، نزیکەی 20 هەزار کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کارتی نیشتمانییان نەبردووە بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان. بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاروباری شەهیدانیش دەڵێن، هەرکەس کارتی نیشتمانی نەبێ، مووچەکەی رادەگیرێت.
ئەحمەد مام رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیکراوانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 20 هەزار هاونیشتمانی کارتی نیشتمانییان نەبردووە بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان".
داواکردنی کارتی نیشتمانی بۆ سیستمی پەیرۆڵە کە حکومەتی عێراق داوای کردووە و پێویستە هەموو وارسی شەهیدان و ئەنفالکراوان خۆیان تۆماربکەن.
جەبار شەهید محمەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مووچەی مانگی 9ی هەموو ئەو کەسوکارانەی شەهیدان و ئەنفالکراوانمان راگرتووە کە تاوەکو ئێستا کارتی نیشتمانییان نەهێناوە".
ئەو کەسانەی مووچەی مانگی نۆیان رادەگیرێ، لەکاتی دابەشکردنی مووچەدا کارتی نیشتمانی ببەن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان مامەڵەکانیان تەواو دەکرێ و مووچەکەیان بۆ خەرج دەکرێت.
هەروەها بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی چەمچەماڵ بۆ رووداو، لەو سنوورە مووچەی زیاتر لە 500 کەس راگیراوە و بەهۆی نەبردنی کارتی نیشتمانییەوە ناتوانن مانگی نۆ لەکاتی دابەشکردنی مووچەدا شایستەکانیان وەربگرن.
ئەو کەسانەی تاوەکو ئەمڕۆ کارتی نیشتمانییان نەبردووە و مووچەیان راگیراوە، لە سبەیەوە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سنوورەکەیان بکەن، کارتی نیشتمانیی ببەن و زانیاریی ناوی چواری وارس و شەهید یان ئەنفالکراوەکە، هەروەها ناوی دایکی شەهیدە لە فۆڕمێکدا تۆمار بکەن.
نزیکەی 91 هەزار کەس لە کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و زیندانییانی سیاسی بڕە مووچەیەک لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان وەردەگرن. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتەکە بۆ رووداو، لە سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە 20 هەزار کەس کە پێشتر کارتی نیشتمانییان نەبووە کارتیان بردووە و مامەڵەکانیان تەواو کردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ