رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، سوپاسی سەرۆکی سووریا دەکەن بۆ رێککەوتنیان لەگەڵ کورد. دەشڵێت، گەشبینن کە سووریا سەرکەوتوو دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، لە بەرلین فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان کرد و مێرتس باسی کوردی کرد.
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "من سوپاسی شەرعم کرد توانی لەگەڵ پێکهاتەی کورد لە سووریا رێکبکەوێت و بۆ ئەو دەرفەتەی کە رەخسا". دەشڵێت، "ئەو پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە ناو هێزەکانی سووریا بەردەوامە، تاوەکو هیچ تێڕوانینێکی جیاواز لەسەر ئاسایش لەوێ نەمێنێت. دەمەوێت جارێکی دیکە سەرنج بخەمە سەر ئەوەی کە ئەو هەر ئێستا جەختی لێکردەوە؛ قۆرخکردنی بەکارهێنانی هێز (چەک) تەنیا لە دەستی دەوڵەتدایە و تەنیا دەوڵەت خاوەنی ئەم مافەیە. ئەمە بە تەواوی هەمان ئەو تێگەیشتنەی ئێمەیە بۆ سەروەریی یاسا و دابەشکردنی دەسەڵات".
کانوونی یەکەمی رابردوو هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیانکردە سەر گەڕەکە کوردییەکان لە حەلەب و دواتر هێرشیانکردە سەر ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و رۆژئاوای کوردستان.
کۆتایی مانگی کانوونی دووەم، دیمەشق و هەسەدە لەسەر ژمارەیەک خاڵ رێککەوتن، دیارترینیان بەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکان بوو لەلایەن کوردەوە و بوونە بەشێکی سوپای سووریای هەسەدە بوو.
راویژکاری ئەڵمانیا لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "بێگومان لێرە هێشتا زۆر کار و ئەرک هەن کە دەبێت جێبەجێ بکرێن، بەڵام من گەشبینم، هەروەک چۆن لە قسەکانی ئەوم بیست، کە مافی کەمینەکان و هەروەها کەمینە ئایینییەکان لە سووریا دابین دەکرێن. ئێمە بە هاوسۆزی و پشتگیریی خۆمان هاوەڵی ئەم پڕۆسەیە دەکەین".
راوێژکاری ئەڵمانیا مەرجەکانیانی بۆ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا لە داهاتوودا ئاشکرا کرد و گوتی، "بەویشم گوت کە لە داهاتوودا جێبەجێکردنی زۆر پڕۆژەی هاوبەشمان بەندە بەوەی کە لەوێ دەوڵەتێکی یاسایی ببینین، بە ژینگە و چوارچێوەیەکی جێگەی متمانە هەم بۆ ئابووری و هەم بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە. بەتایبەتیش دوای کۆبوونەوەی ئەم بەیانییەمان، من گەشبینم کە ئەمە دەتوانێت لە سووریا سەرکەوتوو بێت."
هێشتا بەشێکی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی سووریا نیگەرانیان بەرامبەر بە حکومەتی دیمەشق هەیە بەوەی کە مافەکانیان وەکو پێویست نادات، لەوانە کریستیانەکان و درووزەکانی باشووری وڵاتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ