دیوانی چاودێریی دارایی عێراق: جیاوازیی داهاتى نەوتی و نانەوتیى هەولێر و بەغدا 156 ملیار دینارە

30-10-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەى راپۆرتێکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق، پشکى هەرێمى کوردستان لە شەش مانگى یەکەمى ساڵی 2023دا تەنیا 677 ملیار دینارە، ئەوەش بەهۆى لێدەرکردنى نزیکەى دوو تریلیۆن قەرزى بانکەکان. داتاکانى داهاتى نەوتى و نانەوتیی بەغداش زیاتر لە 156 ملیار دینارى کەمترە لەوەى هەرێمى کوردستان بڵاویکردووەتەوە.
 
دیوانى چاودێریى دارایی عێراق داوایکردووە هەرێمى کوردستان پابەند بکرێت بەوەى لە یەکى ئابەوە داهاتى نەوتى و نانەوتى بخاتە سەر دوو هەژمارى بانکى کە سەر بە بانکى ناوەندیی عێراقن. 
    
تۆڕى میدیایی رووداو راپۆرتێکى دیوانى چاودێرى دارایی دەستکەوتووە کە لەبارەى خەرجى و داهاتى شەش مانگى هەرێمى کوردستان و پشکى لە بودجەى گشتیی عێراق ئامادەى کردووە. راپۆرتەکە لە یەکى کانوونى دووەمی 2023 تاوەکو 30ى حوزەیران دەگرێتەوە. 
 
36 ملیار جیاوازیی داهاتى نەوتە
 
بەگوێرەى ئەو راپۆرتە، داهاتى نەوتیی هەرێمى کوردستان لەماوەى ئەو شەش مانگەدا سێ تریلیۆن و 209 ملیار و 865 ملیۆن و 178 هەزار و 546 دینار بووە و داهاتى نانەوتیش لە هەمان ماوەدا یەک تریلیۆن و 954 ملیار و 509 ملیۆن و 572 هەزار و 945 دینار بووە، کە بە هەردووکیان پێنج تریلیۆن و 164 ملیار و 374 ملیۆن و 751 هەزار و 491 دینارە. 
 
ئەوەى پەیوەندیدارە بە داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان، راپۆرتەکەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە بە پێى نووسراوێکى وەزارەتى نەوتى عێراق وەریگرتووە و لە 21ى ئابى 2023 پێی داوە. لەدواى وردبینیکردنى لەگەڵ راپۆرتى تەرازووى پێداچوونەوەى خەرجى هەرێمى کوردستان، دەرکەوتووە کە "ژمارەکان جیاوازن." 
 
21ى تشرینى یەکەمى 2023 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە خشتەیەکدا کۆی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ سەرجەم خەرجییەکان بۆ شەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵ بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە درابوو، تێکڕاى نەوتى هەناردەکراوى سێ مانگى یەکەم و نەوتى فرۆشراو بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی لە ماوەى ئەو شەش مانگەدا سێ تریلیۆن و 245 ملیار و 902 ملیۆن و 420 هەزار و 738 دینارە، بەوپێیە ئەو داهاتەى نەوت کە دیوانى چاودێریی دارایی عێراق هەژماریکردووە لەسەر هەرێمى کوردستان بۆ ئەو شەش مانگە، 36 ملیار و 37 ملیۆن و 242 هەزار و 192 دینارى کەمترە لەوەى هەرێمى کوردستان بڵاویکردووتەوە.
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دانوستاندنى نێوان هەولێر و بەغدا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ناکۆکیی سەرەکى لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەبارەى بودجە لەسەر جیاوازیی ئەو داتایانەیە کە لەنێوانیاندا هەیە، بەتایبەت داهاتى نەوت و خەرجییەکان لەنێوان هەردوولادا."
 
ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەندین بۆنەی جیاوازدا رەتیان کردووەتەوە ژمارەی ناڕاست بە بەغدا درابێت. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی ئاب لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "ئەو تۆمەت و لێدوانانە ناڕاست و چەواشەکارین، نزیکەی دوو ساڵە پەیوەندییەکی تەندروست و بەردەوام لەنێوان دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستاندا هەیە و ساڵی 2022 سەرجەم راپۆرتەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی خەرجی و داهاتی نەوت و ناوخۆ دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان پەسندکراون." 
 
بەگوێرەى  ئامارەکەى وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان، داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا دوو ترلیۆن و 74 ملیار و 597 ملیۆن و 603 هەزار دینار بووە، لەکاتێکدا کە راپۆرتەکەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق داهاتى نانەوتى بە یەک تریلیۆن و 954 ملیار و 509 ملیۆن و 572 هەزار و 945 دینار داناوە، بەوپێیەى بڕى داهاتى نانەوتى بەگوێرەى  ئامارەکەى وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان 120 ملیار و 88 ملیۆن دینارى لەوە زیاترە کە دیوانى چاودێریی دارایی عێراق دیاریکردووە.  
 
 677 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان دانراوە 
 
بەگوێرەى راپۆرتەکەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق، پشکى هەرێمى کوردستان بۆ خەرجیی بودجەى شەش مانگى یەکەمى 2023ـی عێراق بەگوێرەى یاساى بودجە، دوو تریلیۆن و 595 ملیار و 726 ملیۆن و 837 ملیۆن و 748 دینار بووە، بەڵام یەک ترلیۆن و 918 ملیار دینارى قەرزى بانکەکانى تى بی ئاى، رەشید و رافیدەین بووە کە لەسەر هەرێمى کوردستان بوون و لەو پشکە دەرکراون. بەو پێیە بۆ ئەو شەش مانگە پشکى هەرێمى کوردستان بە 677 ملیار و 726 ملیۆن و 837 هەزار و 748 دینار دیاریکراوە کە ئەوەندەى ماوەتەوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، راپۆرتەکەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق داهاتى نەوتى و نانەوتیی هەرێمى کوردستانى بە زیاتر لە پێنج تریلیۆن دینار دیاریکردووە. 
 
 قەبارەى بودجەی عێراق 199 ترلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 ترلیۆن دینارە.
 
تاوەکو ئەو رۆژەى بودجەى تێدا جێبەجێکراوە، لە 12 بەش یەک بەشى بودجەى ساڵانى پێشتر خەرج دەکرێت، ئەوە جگە لەوەى پشکى هەرێمى کوردستان لە خەرجى راستەقینەى عێراق جیا دەکرێتەوە نەوەک تێکڕاى قەبارەى بودجەکە؛ بۆیە پشکى هەرێمى کوردستان لەم ماوەیەدا کەمتر بووە لە 12.67%ى تێکڕاى بودجەکە کە مانگانە زیاتر لە 12 تریلیۆن دینارە.
 
 "دەبێت داهاتى نەوتى و نانەوتى بخرێنە سەر دوو هەژمارى بانکى"
 
دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا چەند تێبینییەکی خستووەتەڕوو لەبارەى خەرجى و داهاتى هەرێمى کوردستان و ئاماژەى بەوەداوە کە ئامارەکانى داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستانیان لە چوارچێوەى تەرازووى پێداچوونەوەى خەرجیی هەرێمى کوردستان بەدەست گەیشتووە کە لە 19ـی تەممووزى 2023 ئاڕاستەی کردوون و ئەو داهاتەیان بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتى رادەست نەکردووە.
 
 دیوانى چاودێریی دارایی عێراق داوایکردووە کە هەرێمى کوردستان ناچار بکرێت بەوەى پڕۆژە وەبەرهێنانەکانى و پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگان و گرێبەستى کۆمپانیا بیانییەکان و قەرزى بانکى نێودەوڵەتى رادەستى وەزارەتى پلاندانان بکات بۆ ئەوەى رەوانەى فەرمانگەى بودجەى وەزارەتى دارایی بکات تاوەکو پشتى پێ ببەسترێت لە کاتى خەرجکردنى پارەکانیدا.
 
لە بەشێکى دیکەى تێبینییەکاندا هاتووە کە ئەوەى پەیوەندیدارە بە خەرجیی بەرهەمهێنانى نەوت، بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتى، لە خەرجى بەرهەمھێنانى نەوتى هەرێمى کوردستاندا زیاتر خەرج کراوە و ئەوە پێویستى بە وردبینیی دیوانى چاودێریی دارایی و وەزارەتى نەوت هەیە. 
 
دیوانى چاودێریی دارایی عێراق داوایکردووە هەرێمى کوردستان ناچار بکرێت بەوەى لە یەکى ئابى 2023ـەوە داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست بکات و لە هەژمارێکى کراوەى بانکى ناوەندیى عێراق دایبنێت کە بۆ ئەو مەبەستە دانراوە بە ژمارەى 70018، داهاتە نانەوتیەکانیشی لە هەژمارى بانکى بە ژمارەی 300900 دابنێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە