لە تورکیا هەناردە و هاوردەی کاڵا و کەلوپەل بەڕێژەی بەرچاو کەمیان کردووە

31-07-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو-هەولێر

بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری تورکیا (تویک)، ئەو وڵاتە لە مانگی حوزەیرانی 2023دا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2022، هەناردە 10.05٪ و هاوردەش 17.5٪ کەمیانکردووە. 
 
راپۆرتەکەی دەستەی ئامار لەلایەن دوو ستافی تایبەت بە ئامارەکانی بازرگانی لە دەستەکە و وەزارەتی بازرگانیی تورکیا دوای "بەدواداچوونێکی چڕ" ئامادەکراوە و تێیدا باس لەوە کراوە، هەناردە بەراورد بە حوزەیرانی پار 10.5٪ کەمیکردووە و بووەتە 20 ملیار و 904 ملیۆن دۆلار. هەروەها هاوردە 17.5٪ کەمبووەتەوە و بووەتە 26 ملیار و 64 ملیۆن دۆلار. ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو حوزەیرانی ئەمساڵ، هەناردە 1.9٪ کەمبووەوە، بەڵام هاوردە 4.1٪ زیادبووە. 
 
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە؛ لە کانوونی دووەم تاوەکو حوزەیرانی 2023، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2022، لە تورکیا و باکووری کوردستان هەناردە بە رێژەی 1.9٪ کەمبووەتەوە و گەیشتووەتە 123 ملیار و 341 ملیۆن دۆلار، هاوردە 4.1٪ زیادبووە و گەیشتووەتە 184 ملیار و 576 ملیۆن دۆلار.
 
لە حوزەیراندا عێراق بە بەهای 986 ملیۆن دۆلار کاڵای لە تورکیا هاوردە کردووە 
 
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئەڵمانیا پێشەنگی لیستی وڵاتانی هاوردەکاری کاڵای تورکیای گرت بە ملیاریک و 784 ملیۆن دۆلار. ئەمریکا بە ملیارێک و 331 ملیۆن دۆلار، بەریتانیا بە ملیاریک و 65 ملیۆن دۆلار، ئیتاڵیا بە ملیارێک و 12 ملیۆن دۆلار پلەکانی دووەم، سێیەم و چوارەمیان گرت. عێراق و هەرێمی کوردستان لە پلەی پێنجەم دێت بە هاوردەی کاڵای تورکیا بە 986 ملیۆن دۆلار. لە حوزەیرانی ئەمساڵدا تورکیا 29.6٪ـی هەناردەی بۆ ئەم پێنج وڵاتە بووە.
 
تورکیا زۆرترین هاوردەی لە چینەوە بووە
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی دەستەی ئاماری تورکیا کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی ئامادەیکردووە، ئەو وڵاتە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا زۆرترین هاوردەی لە چین کردووە کە بە بەهای سێ ملیار و 756 ملیۆن دۆلارە. هەروەها رووسیا بە دوو ملیار و 912 ملیۆن دۆلار، ئەڵمانیا بە دوو ملیار و 11 ملیۆن دۆلار، سویسرا بە ملیۆنێک و 313 ملیۆن دۆلار و ئیتاڵیاش بە ملیارێک و 121 ملیۆن دۆلار پلەکانی دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەمیان لە هەناردەی کاڵا بۆ تورکیا گرتووە.
 
جموجووڵی کەرتی سووتەمەنیی تورکیا لە ئایاری 2023
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای رێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا، ئایاری ئەمساڵ بە گشتی هاوردەکردنی نەوت لە تورکیا بەراورد بە ئایاری 2022 بە رێژەی 11.1٪ زیادبووە و گەیشتووەتە 4.2 ملیۆن تۆن.
 
راپۆرتی کەرتی وزە رۆژی شەممە 29-7-2023 لەلایەن دەزگای رێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا بڵاوکرایەوە کە تێیدا باس لە بەرزبوونەوەی هاوردەی نەوتی تورکیا دەکات و بەراوردێکی لە نێوان ئایاری پار و ئایاری ئەمساڵ کردووە. بەگوێرەی راپۆرتەکە ئایاری ئەمساڵ هاوردەی نەوتی تورکیا بەراورد بە ئایاری 2022 بە رێژەی 11.1٪ زیادبووە و گەیشتووەتە 4.2 ملیۆن تۆن. هاوکات لە هەمان راپۆرتدا باس لەوە کراوە هاوردەی نەوتی خاو بۆ تورکیا 17.1٪ کەمبووەتەوە و بووەتە 2 ملیۆن و 462 هەزار و 848 تۆن. 
 
عێراق پلەی دووەمە لە هەناردەی نەوتی خاو بۆ تورکیا 
 
تورکیا زۆرترین نەوتی خاو و بەرهەمەکانی لە رووسیاوە هاوردەکردووە کە دوو ملیۆن و 301 هەزار و 973 تۆنە. عێراقیش لە پلەی دووەمدایە کە 957 هەزار و 989 تۆن نەوتی خاو و بەرهەمەکانی لێ هاوردە کردووە.
 
لە سەرەتای ئایاری 2023 دا تورکیا دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ناوچەی گاباری شرناخ راگەیاند. بەگوێرەی راپۆرتی دامەزراوەی نەوتی تورکیا کە بە TPAO دەناسرێت، بەرھەمی رۆژانەی نەوت لە شرناخ 70 ھەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە. بڕی بەرهەم ژمارە پێوانەیی 32 ساڵی رابردووی تۆمارکردووە.
 
کانوونی یەکەمی 2022 دۆزینەوەی یەدەگی رۆژانەی 5000 بەرمیل نەوت لە سنووری پارێزگای شرناخ راگەیێندرا. 
 
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا
 
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن. هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوتی هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی کەم لە پێویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات. لە کاتێکدا 93%ـی کێڵگە نەوتییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە 25 ملیۆن بەرمیل نەوت بچووکترن، 7%ـیان کێڵگەی گەورەن و یەدەگەکانیان لەنێوان 25 ملیۆن بۆ 500 ملیۆن بەرمیلدایە. لە تورکیا لە 3000 - 4000 هەزار مەتردا نەوت دەدۆزرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە