زیو ئەم ساڵ 150٪ بەرزبووەتەوە و بۆ ساڵی داهاتوو چاوەکان لەسەر بڕیارێکی چینە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی ئۆنسەیەک زیو 2 دۆلار دابەزی و بە 70.99دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. کیلۆیەک زیویش بە 2,282 دۆلارە.
 
سەرەڕای ئەم دابەزینەی کۆتایی ساڵ کە بەهۆی وەرگرتنی قازانج لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دروستبوو، زیو ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 150٪ بەرزبووەتەوە.
 
بازاڕی زیو ئەم ساڵ رووبەڕووی کورتهێنانی گەورە بووەوە، بەتایبەت لە بازاڕەکانی لەندەن و هیندستان کە تێیدا ئاستی کۆگاکان بۆ نزمترین ئاست دابەزین. 
 
دامەزراوە داراییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی نرخی زیو تەنیا پەیوەست نەبووە بە کڕین بۆ مەبەستی وەبەرهێنان، بەڵکو کورتهێنانی فیزیکی لە بازاڕدا هۆکاری سەرەکی بووە. 
 
زیادبوونی بەکارهێنانی زیو لە پیشەسازیی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، وزەی نوێبووەوە و تەکنەلۆژیا جیاوازەکان، وایکردووە خواست لەسەر ئەم کانزایە زۆر زیاتر بێت لەو بڕەی کە بەرهەم دەهێنرێت.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێشدا، نیگەرانییەکان لەبارەی خستنەڕووی زیو لە چینەوە زیادیان کردووە. 
 
حکومەتی چین کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری زیوە لە جیهاندا، بڕیاریداوە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، رێکاری تووند بەسەر هەناردەکردنی زیودا بسەپێنێت. 
 
بەو پێیەی چین گەورەترین بەکاربەری زیویشە لە جیهاندا، هەر جۆرە سنووردارکردنێکی هەناردە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی زیاتر لە بازاڕەکانی جیهان و ئەگەر هەیە لە ساڵی داهاتوودا نرخەکان بۆ ئاستی بەرزتر هان بدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە