رووداو دیجیتاڵ
ماهیر ئەمین، بەرهەمێکی عیرفانی بەناوی "چرای عیرفان" لە یەکەم رۆژی رەمەزاندا بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاودەکاتەوە.
هونەرمەند ماهیر ئەمین، بە رووداوی راگەیاند، "چرای عیرفان" بەرهەمێکی عیرفانی و خوداناسییە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەرهەمەکە کاژێر 18:00 ئەمڕۆ شەممە 1ـی ئاداری 2025 لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاودەکرێتەوە.
رەسوڵ رەش ئەحمەدی تێکستی بەرهەمەکەی نووسیوە و لە ئاواز و میوزیکی سەڕابە، هونەرمەند هێمن حوسێن بە سۆڵۆی نەی و تار تێیدا بەشدارە، کاری دەنگ، میکس و ماستەرینگی لەلایەن دیار دلاوەر کراوە.
بەرزۆ ئیبراهیم سەرپەرشتیاری بەرهەمەکەیە و لە دەرهێنانی سامی سادقە و بەشێکی زۆری دیمەنەکانی لە خەرەندی رواندز وێنەگیراوە.
ئەو هونەرمەندە جگە لە گۆرانی ئەوینداری، بەرهەمی نیشتمانی و عیرفانیشی هەیە، لەوانە "کاروانێ کوردا" کە بە زاراوەی کرمانجییە و لە 2016 بڵاوکرایەوە.
ماهیر ئەمین، لە رواندز لەدایکبووە، لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو دەستی بە کاری هونەری کردووە، چوار ئەلبووم و چەند گۆرانییەکی بە تاک بڵاوکردووەتەوە و بەشێکیان بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەرهەمهاتوون.
یەکێک لەو بەرهەمانەی دەنگدانەوەی زۆری لە نێو خەڵکدا هەبوو، "سێوخان" بوو و 20 ساڵ بەر لە ئێستا بڵاوکرایەوە و ماهیر ئەمین، لە 2014 بە میوزیک و دابەشکردنێکی نوێ بەرهەمی هێناوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ