داهاتی 'Godzilla x Kong' نیو ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت

01-05-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن "Godzilla x Kong: The New Empire"
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Godzilla x Kong" بەناوی "Godzilla x Kong: The New Empire" دەستپێکێکی بەهێزی لە پێشبڕکێی هەفتانەی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا هەبوو، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا نیو ملیار دۆلاری تێپەڕاند.
 
ئەم بەرهەمە فانتازی و ئەکشنە لە 29ـی ئاداری 2024 لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوکرایەوە، داهاتی گەیشتووەتە 521 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار. لەو داهاتە 181 ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و 339 ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا بەدەستهێناوە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە توانی لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 80 ملیۆن دۆلاری بەدەستبێنێت، ئەمەش کەمێک لە داهاتی بەشی دووەمی زنجیرەی فیلمی "Dune" کەمترە، کە 81.5 ملیۆن دۆلارە و وەک خاوەن زۆرترین داهاتی لە یەکەم هەفتە لە ئەمریکای باکوور لە 2024ـدا ناسێندراوە.
 
پێشبینی دەکرا "Godzilla x Kong: The New Empire" لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە ئەمریکای باکوور، بڕی 50 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنیت، بەڵام ئەو پێشبینییە تێپەڕاند و توانی لە سێ هەزار و 861 هۆڵی سینەمای ئەمریکا و کەندا، ئەو داهاتە زۆرە بەدەستبێنێت.
 
داهاتی فیلمی "Godzilla vs. Kong" لە 2021 لە ئەمریکای باکوور هاوشێوەی بەشە نوێیەکەی نەبوو، لە یەکەم هەفتەدا توانی 48.5 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت، بەڵام لە هەمانکاتتدا ئەمە ژمارەیەکی گەورە بوو، چونکە لەو کاتەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوببووەوە و بینەرانی فیلم کەمتر روویان لە سینەما دەکرد.
 
فیلمی "Godzilla" لە 2014 بڵاوکرایەوە و داهاتی یەکەم هەفتەی 93.2 ملیۆن دۆلار بوو.
 
فیلمەکە باس لە رووبەڕووبوونەوەی دوو بوونەوەری زەبەڵاحی سەردەمانی پێشوو دەکات، لەلایەکی دیکەوە مرۆڤەکان رەچەڵەکە ئاڵۆز و پەیوەندییە نهێنییەکانیان لە دوورگەی کەللـەسەردا ئاشکرا دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە