'Godzilla x Kong' لە ریزبەندی یەکەمی فیلمە پڕداهاتەکاندا مایەوە

08-04-2024
پەسار فایەق
دیمەنێک لە فیلمی "Godzilla x Kong: The New Empire"
دیمەنێک لە فیلمی "Godzilla x Kong: The New Empire"
نیشانەکردن "Godzilla x Kong: The New Empire"
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فیلمی "Godzilla x Kong: The New Empire" بۆ هەفتەی دووەم لە لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا مایەوە و جیاوازی داهاتی لەگەڵ فیلمی ریزبەندی دووەم، زیاتر لە 21 ملیۆن دۆلارە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە هەفتەی یەکەمی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکووردا، دەستپێکێکی بەهێزی هەبوو و لە ماوەی سێ رۆژدا توانی 80 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت، لە هەفتەی دووەمدا 31.7 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا. 
 
بە بەراورد لەگەڵ هەفتەی رابردوو، رێژەی داهاتی فیلمەکە 60٪ دابەزیوە، ئەمەش ئاساییە، چونکە زۆربەی فیلمەکان، زۆرترین داهاتیان لە هەفتەی یەکەمدایە.
 
کۆی داهاتی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە سینەماکانی جیهاندا لە ماوەی دوو هەفتەدا 361.1 ملیۆن دۆلارە و بودجەی بەرهەمهێنانی 135 ملیۆن دۆلارە.
 
پێشبینی دەکرا لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، بڕی 50 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت، بەڵام ئەو پێشبینییەی تێپەڕاند و توانی لە سێ هەزار و 861 هۆڵی سینەمای ئەمریکا و کەندا، ئەو داهاتە زۆرە بەدەستبێنێت.
 
داهاتی "Godzilla vs. Kong" لە 2021 هاوشێوەی بەشە نوێیەکەی نەبوو، لە یەکەم هەفتەدا توانی 48.5 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت، بەڵام لە هەمانکاتتدا ئەمە ژمارەیەکی گەورە بوو، چونکە ئەوکاتە بوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوببووەوە و بینەرانی فیلم کەمتر روویان لە سینەما دەکرد.
 
فیلمی "Godzilla" کە لە 2014 بڵاوکرایەوە، داهاتی یەکەم هەفتەی 93.2 ملیۆن دۆلار بوو.
 

لەم هەفتەیەدا فیلمێکی نوێ هاتووەتە نێو پێشبڕکێیەوە، ئەویش فیلمی "Monkey Man"یە، بەڵام دەستپێکی بەهێزەی نەبوو و داهاتی لە ماوەی سێ رۆژدا تەنیا 10.1 ملیۆن دۆلارە و بەرهەمی کۆمپانیای یونیڤێرساڵ پیکچەرزە و بودجەی بەرهەمهێنانی نزیکەی 10 ملیۆن دۆلارە.
 
"The First Omen" فیلمێکی دیکەی نوێیە و لە پێشبڕکێدایە، بە کۆکردنەوەی 8.4 ملیۆ دۆلار لە ریزبەندی چوارەمدا هات، جگە لەو داهاتە 9.1 ملیۆن دۆلاریشی لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا بەدەستهێناوە.
 

بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە 30 ملیۆن دۆلارە و کۆپی نوێی فیلمێکە، لە فیلمێک بە هەمان ناو وەرگیراوە و لە 1976 بەرهەمهاتووە، لە 2006 بەشێکی دیکەی بەرهەمهاتووە و داهاتی 119 ملیۆن دۆلار بووە.
 
فیلمی "Ghostbusters: Frozen Empire" سێ هەفتەیە لە کێبڕکێی لیستەکەدایە و لە هەفتەی سێیەمدا نۆ ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا و لە ریزبەندی سێیەمدا هات، کۆی داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکا و کەندا 88.8 ملیۆن دۆلارە و داهاتی لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا 138 ملیۆن دۆلارە.
 

لە ریزبەندی پێنجەمدا، ئەنیمەیشنی "Kung Fu Panda 4" بە کۆکردنەوەی 7.9 ملیۆن دۆلار دێت و کۆی داهاتی لە ماوەی پێنج هەفتەدا 166 ملیۆن دۆلارە.
 

بەشی دووەمی فیلمی "Dune" لە شەشەمین هەفتەیدا توانی 7.2 ملیۆن دۆلاری بەدەستبێنێت و بە بەراورد لەگەڵ هەفتەی رابردوودا، داهاتی بە رێژەی 37٪ کەمیکردووە و کۆی داهاتی لەو کیشوەرە 264 ملیۆن دۆلارە.

 

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە