فەیرووز و فەرەنسا، ئەو چیرۆکەی 60 ساڵ پێش ئێستا بە رێکەوت دەستیپێکرد

01-09-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فەرەنسا فەیرووز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەنێو هەڵچوون و گرژی و تەنگژەی قورسی ئابووری و نادڵنیایی لە دۆخی سیاسیی لوبناندا، ئیمانوێل ماکرۆن کە گوشارکەری یەکەمە لەسەر سیاسییەکانی لوبنان، بۆ رێککەوتن و پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە، دووەم سەردانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بە خواردنەوەی قاوەیەک لەگەڵ فەیرووزدا دەستپێکرد.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کە یەکەم سەرکردەی سیاسی بوو لە دوای تەقینەوە گەورەکەی مانگی رابردووی بەندەری بەیرووت، گەیشتە لوبنان، دووەم سەردانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە، بە کۆبوونەوە لەگەڵ فەیرووزی هونەرمەندی گەورەی لوبنانی دەستپێکرد.
 
وەک پێشتر راگەیێندرابوو، ماکرۆن دوێنێ ئێوارە گەیشتە بەیرووت و راستەوخۆ روویکردە ناوچەی ئەنتڵیاس لە باکووری لوبنان، بۆ ئەوەی قاوەیەک لەگەڵ فەیرووزدا بخواتەوە. ماکرۆن لەبەردەمی ماڵەکەی فەیرووزدا، دوای دیدارەکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
ماکرۆن گوتی "بەڵێندەدەم کە لوبنان لەمەی ئێستا زۆر باشتر دەبێت، خاتوو فەیرووزیش سیمبولێکی مەزنە و جێگەی تایبەتی لە دڵی فەرەنسییەکاندا هەیە، دیدارەکەمان نایاب بوو".
 
دڵنیابوونەوە لە تەندروستی فەیرووز
 
لانیکەمی ئەوەی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ لوبنانییەکانی ئاشکراکرد، جیا لە پەیامە سیاسییەکەی سەردانەکە و جیا لەوەش کە سەرۆکی فەرەنسا ویستی رێزێکی تایبەت لە سیمبوولی هونەر و دونیای مۆدێرنی لوبنانی بنێت، ئەوەی دەرخست کە ئەو خانمە تەمەن 85 ساڵە، هێشتا لە تەندروستییەکی باشدایە.
 
سەردانەکە روونیکردەوە هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لە نەخۆشکەوتنی فەیرووز دەکەن و دووپاتیدەکەنەوە کە تەندروستی باش نییە، راست نین. بەتایبەت کە لەماوەی رابردوودا، لە سۆشیال میدیای لوبنانیدا، زۆرجار باس لە نەخۆشکەوتنی قورسی ئەو دەکرا و هەندێکجار دەگەیشتە راگەیاندنی کۆچی دوایی خانمە دەنگخۆشەکەی لوبنان.
 
ئەو خانمەی لە سێبەردا دەژی
 
فەیرووز سیمبولی حەسرەتی لوبنانییەکانە، ئەو هاونیشتمانیانەی لە هەر شوێنێکی دونیا بن، چریکەی دەنگی ئەو لە بەیانییانی زووی هەر رۆژێکدا وەک باڵندەیەکی فڕیو دەیانباتەوە بەیرووت و سەیدا. فەیرووز بەدرێژایی 15 ساڵ، جەنگی ناوخۆیی لوبنان و دەیان رووداوی دراماتیکی ئەو جەنگە، خۆی لە هەموو لێدوانێک پاراست و ئەوەش شوێنی ئەوی وەک تاقانە لە دڵی لوبنانییەکاندا هێشتەوە.
 
ئەوانەی لە دیدارەکەی دوێنێدا ئامادەبوون، ژمارەیان یەکجار کەمبوو، جیا لە فەیرووز و ماکرۆن، بێرنار فۆشی، باڵیۆزی فەرەنسا لە لوبنان، فەوزی مەتران، پارێزەری تایبەتی فەیرووز و ریما رەحبانی، کچی فەیرووز و وێنەگرە تایبەتەکەی ماکرۆن ئامادەبوون.
 
ئەو کۆبوونەوە بچووکە خوویەکی هەمیشەیی خانمە لوبنانییەکە بووە. ئەو هەمیشە خۆی بەشاراوە دەهێڵێتەوە، حەز بەوەدەکات خانمی سێبەر بێت، رێگەنادات کەس هیچی لەبارەوە بزانێت، تەماشای هەواڵەکان دەکات و خوپێوەگرتووی رووداوەکانە، بەڵام لەسەر رووداوەکان قسە ناکات، بەڵکو وەڵامی بۆ هەموو رووداوێک، ئەو گۆرانییانەیە کە تا ئێستا ئەویان بەنەمری لە دڵی خەڵکدا هێشتووەتەوە.
 
فەیرووز لە دەرکەوتنە کەمەکانیدا، وێنەیەکی جیاواز لەوەی پێشانداوە کە لەسەری زانراوە، دەریخستووە حەزی لە بێدەنگی نییە و شەیدای گۆشەگیری نییە. لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵانی رابردوودا، ژمارەی کەسەکانی بازنە بچووکەکەی چوادەوری هێندەی دیکە بچووککردووەتەوە. ژمارەی ئەو هاوڕێیانەی هەڵیبژاردوون کەمە و هەموویان لەسەر بنەمای نهێنی پاراستن و نەدرکاندنی رووداوەکانی ژیانی خۆی رێگەی نزیکبوونەوەیان پێدراوە.
 
هەرچەندە وردەکاریی قسەوباسەکانی نێوان ماکرۆن و فەیرووز ئاشکرا نەکراون، بەڵام رۆژنامەی 'شەرق ئەلئەوسەت' دەڵێ نزیکەکانی فەیرووز گوتوویانە دیدارەکە باسی سیاسی و مرۆیی تێدا ورووژێنراوە، لە نێویدا تەقینەوە گەورەکەی سەرەتای ئەم مانگە لە بەندەری بەیرووت، کە فەیرووز بە رووداوەکانی زۆر خەمبار بووە. جیا لەوەش قسەی خۆش و نوکتەکان باڵیان بەسەر دیدارەکەدا کێشاوە.
 
مەدالیایەکی دیکە و دیارییەکی سیمبولیک
 
دیدارەکەی دوێنێ ئێوارە کۆتاییهات و سەرۆکی فەرەنسا، مەدالیای جۆقەی شەرەفی بە پلەی 'کۆماندۆر' بە فەیرووز بەخشی، لە بەرامبەردا فەیرووز وێڕای سوپاسکردنی، دیارییەکی سیمبولیکی پێشکەشی ماکرۆن کردووە، کە تابلۆیەکی هونەری بووە.
 
ئەوە یەکەمجار نییە پەیوەندییە قووڵەکەی نێوان فەیرووز و فەرەنسییەکان دووپاتدەبێتەوە، یەکەمجاریش نییە، سەرۆکەکانی فەرەنسا، بەجیاوازیی بیرکردنەوە و بۆچوونی سیاسییانەوە رێز لە فەیرووز دەگرن. فەیرووز پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ فەڕەنسادا هەیە، تەنانەت زۆر پێش ئەوەی لە ساڵی 1975دا بۆ یەکەمجار لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنی فەڕەنسا لە بەرنامەی 'سبیسیال ماتیۆ'دا دەرکەوێت و گۆرانی 'خۆشم ویستی هاوین' بچڕێت.
 
فەیرووز باڵاترین مەدالیای فەڕەنسی پێدراوە، لە نێویاندا مەدالیای فەرماندەی هونەر و ئەدەبی فەرەنسی لەلایەن فرانسوا میترانەوە لە ساڵی 1988، هەروەها مەدالیای سوارچاکی دۆقە، لەلایەن جاک شیراکی سەرۆکی کۆچکردووی فەرەنسا لە ساڵی 1998.
 
یەکەم وەزیری فەرەنسی کە کەوتە ژێر جادووی دەنگی فەیرووزەوە
 
هەرچەندە نۆ ساڵ لەمەوبەر لە ئاهەنگێکی سەر شانۆدا لە بلاتیای کەناراوی باکووری بەیرووت، بۆ دواجار لەسەر شانۆ و لە ئاهەنگی راستەوخۆدا دەرکەوت، بەڵام هێشتا نە لوبنانییەکان و نە دۆستە فەرەنسییەکان، دەنگە جادووییەکەی فەیرووزیان بیر نەچووەتەوە. لای فەرەنسییەکان، فەیرووز تاکە سیمبوولە هەرگیز دوو لوبنانی لەسەری ناکۆک نابن، لە کاتێکدا جیاوازییە ئاینی، مەزهەبی و سیاسییەکان، هەموو شتێکی لە لوبناندا بەسەر بەرەیەک و بەرەیەکی دیکەدا دابەشکردووە. هەر ئەوەش نهێنی گەورەی دەستنیشانکردنی فەیرووز بوو لەلایەن ماکرۆنەوە، کە پێش سیاسییە ناکۆکەکان، سەردانی بکات.
 
ئەو رۆژانەی بۆ یەکەمجار فەرەنسییەکان لە نزیکەوە و راستەوخۆ فەیرووزیان ناسی، ساڵی 1975 بوو. جاک لانگ کە ئەوکات نووسەری شانۆیی بوو، لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا، لە رێگەی دەریاوە لە مارسیلیاوە گەیشتە لوبنان، لەگەڵ تیمێکی شانۆییدا بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی راشانا. ئەوکات لانگ تەمەنی 20 ساڵان بوو، شانۆی دەنووسی و رۆڵی شانۆیی دەگێڕا. لە فێستیڤاڵەکەدا فەیرووز و لانگ یەکتریان ناسی و دواتر ئەو چووە ئاهەنگێکی راستەوخۆی فەیرووز لەسەر شانۆی بەعلەبەک. دوای ئاهەنگەکە لانگ گوتی 'هەستمکرد لە بەهەشت بووم'. ئەو خاوەنی 'دەنگێکی ئاڵتوونیی، جادووییە کە کە دەتفڕێنێ، بەرجەستەکەری پەرجووەکانی خودایە'.
 
ئەوە سەرەتای باڵکێشانی فەیرووز بوو بەسەر هەستی فەرەنسییەکاندا، هەستێک کە لەوکاتەوە تا ئێستا بەردەوامە. ساڵانی جەنگی ناوخۆیی لوبنان (1975 تا 1990)، پەیوەندییەکە زیاتر قووڵ بووەوە، کاتێک فەیرووز ئاهەنگێکی گەورەی بەبۆنەی ئۆڵمپیادی 1979ی پاریسەوە رێکخست و لەوێ گۆرانی 'پاریس ئەی گوڵی ئازادی' گوت.
 
کۆپلەی کۆتایی گۆرانییەکەی فەیرووز دەڵێ: "ئەی فەڕەنسا چی بە خەڵکەکەت بڵێم لەبارەی نیشتمانە بریندارەکەمەوە؟ ئەو نیشتمانەی لەنێو مەترسی و رەشەبادا شەپۆل دەدات. چیرۆکی ئێمە لە ساڵانی زووەوە، بریتییە لە لوبنان بریندار دەبێت، لوبنان وێران دەبێت. دەڵێن مردووە و نامرێت، لە ژێر دارووپەردوودا هەڵدەستێتەوە و ماڵەکان ئاوەدان دەکاتەوە، ئیدی سوور و سەیدا و بەیرووت خۆیان دەڕازێننەوە".
 
ساڵی 1988، جاک لانگ بووە وەزیری رۆشنبیری فەرەنسا، یەکێک بوو لە نزیکترین وەزیرەکان لە فرانسوا میتران، سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنساوە. ئەو سەرۆکە لە ئاهەنگێکی ناوازەی نێو کۆشکی ئەلیزێدا، خەڵاتی تایبەتی دەوڵەتی بەخشییە فەیرووز.
 
ئەو رێزلێنانە، هاوکات بوو لەگەڵ دووەم ئاهەنگی فەیرووزدا لە فەرەنسا، لە ناوچەی پێرسی پاریس، لە گەرمەی جەنگی ناوخۆیی لوبناندا. دەیان هەزار کەس بە فرمێسک و مۆم و چەپڵە لێدانەوە پێشوازییان لە فەیرووز کرد و فریدریک میتران، برازای سەرۆک میتران، لە بەرنامەیەکی بەناوبانگی فەرەنسیدا لە تەلەڤزیۆن، میوانداری ئەویکرد.
 
فەیرووز لای لوبنانییەکان
 
ناوی راستەقینەی خۆی نیهاد حەدادە. لە گوندی دەبیە، لە ناوچەی شوفی شاخاوی لە 1934 لەدایکبووە. لە ساڵانی جەنگی ناوخۆییدا و تا ئێستاش، هەمیشە فەیرووز سیمبولی یەکڕیزیی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بووە، لوبنانییەکان بە 'باڵیۆزی لوبنان بۆ جیهان' و 'باڵیۆزی لوبنان بۆ ئەستێرەکان' ناوی دەبەن.
 
سەرەتاکانی جەنگی ناوخۆیی، گۆرانیی 'خۆشم ویستی لە هاویندا.. خۆشم ویستی لە زستاندا' بووە وێردی سەر زمانی هەمووان. ئەو رۆژانە وڵاتەکە دەیان بەرەی چەکداری و شەڕ و پەلاماردانی، لایەنە مەزهەبی و سیاسییە ناکۆکییەکانی وڵاتی بەخۆوە دەبینی، گۆرانییەکانی ئەو لە هەموو بەرەکانی جەنگدا لێدەدرانەوە، لە رادیۆی هێزە ناکۆکەکانەوە بەردەوام دەبیسترانەوە و کەسێک نەبوو لەسەر فەیرووز، پێچەوانەی بەرامبەرەکەی بیربکاتەوە، لە کاتێکدا هەردوولا، لوولەی تفەنگەکانیان لەسەر سنگی یەکتری دانابوو.
 
ئەو رۆژانی جەنگی ناوخۆیی لە وڵاتەکەی، هەموو ئاهەنگێکی لەسەر خاکەکەی رەتکردەوە، نەبادا دەرکەوتن لە ناوچە جیاوازەکانی ژێر دەسەڵاتی لایەنە شەڕکەرەکاندا، تایبەتمەندیی بێلایەنیی لێزەوت بکات لە چاوی گوێگرەکانیدا.
 
فەیرووز هەمیشە بە سیمبولی خەمەکانی لوبنان دادەنرێت، لە دوای تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی وێرانەی شارەکە و بەندەرەکەی، بەهاوتای دەنگی ئەو خانمە لەلایەن لوبنانییەکانەوە بڵاوکرانەوە، بەتایبەت گۆرانی 'لەپێناو بەیرووت'دا.
 
لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز' لە ساڵی 1999دا، فەیرووز دوای ئاهەنگێک لە لاس ڤێگاسی ئەمریکا، لەبارەی زۆر بەفەرمی دەرکەوتنی لەسەر شانۆ، گوتی "ئەگەر تەماشای رووخسارم بکەن کاتێک گۆرانی دەڵێم، دەبینن وەک ئەوە وایە من لەوێ نەبم".
 
ئەو زیاتر دەڵێ "من هونەر وەک نوێژ دەبینم، لە کەنیسە نیم، بەڵام هەستی پێدەکەم وەک ئەوەی لە ناو کەنیسەدابم، لەو دۆخانەدا ناتوانم پێبکەنم".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە