- من لێنینم بینیوە.
- ئەی ستالین؟
- ستالین نا. بەڵام دەزانم ئەو دووانە کێشەیان زۆرە پێکەوە، بەجۆرێک نەکردەیە پێکەوە هەڵبکەن.
حەز دەکەیت چیرۆکی ستالین و لێنین باس بکەم؟
- بێگومان. کوردێک لێنینی بینیبێت یەکجار سەرنجڕاکێشە.
- بیرت بۆ لێنین نەچێت. مەبەستی من ڤڵادمێر نینە، ئەو لێنینەی من بینیم پشیلەیە. ستالین و لێنین دوو نێرە پشیلەی نیشتەجێی شاری ئێمەن.
- پشیلە؟
- بەڵێ پشیلە بوو.
- هههممم.
- هاوینی پار [ساڵی 2025] لە شاری کۆلن پشیلەیەکی نازدارم بینی، ناوی لینین بوو. بەڵام چ پشیلەیەک! نازدار و نیان، نەرم و نۆڵ و میهرەبان. هەتا دڵ بیەوێت هۆگر و میواندۆست. دیارە بزێو و پڕ وزە بوو. لە ماڵی خاتوونێکی شانۆکار دەژیا، لێنین و خاتوونی شانۆکار لەوە دەچوو لە روحدا دووانە بن. هەردوو لە بەر دڵان، بەجۆرێک لە یەکەم چرکەی بینینەوە هەردووکیان گۆشەیەکی جێگیر لە دڵی بەرانبەردا دەستەبەر دەکەن.
خاتوونی شانۆکار باسی لەوە دەکرد؛ لە بنەڕەتدا لێنین لە لای ستالین بووە و لە ماڵی خاتوونێکی هاوڕێی پێکەوە نیشەجێ بوون. بەڵام ستالین یەکجار سەردەست و بێدڵ بووە بەرانبەر بە لێنین، پاش جەور و ستەمێکی زۆر لێنین چەند جارێک لە دەستی هەڵدێت، بەڵام نەوایەک نابینێتەوە تاکو بیکات بە داڵدە. نە کەس لێنین دەگرێتە خۆی و نە ستەمی ستالین کۆتایی دێت. لێنین لە سۆنگەی ستەمی ستالینەوە هەموو رۆژێک دۆزەخ بە چاو دەبینێت و مردن بە ئاوات دەخوازێت. خانمی خاوەن ماڵ ناچارە بەدوای پەناگەیەکدا بگەڕێت بۆ لێنین، چونکە لەو وایە خەتاکە هی لێنینە نەک ستالین. تومەز ستالین لە بنەڕەتدا خانمی خاوەن ماڵی بە هەڵەدا بردووە. ئەنجام پیاوی پۆڵایین ئەم لێنینە بەلەنگازە دەردەپەڕێنێت.
خانمی خاوەن ماڵ روو لەم خاتوونە شانۆکارە دەنێت کە هاوڕێیەتی. داوای لێدەکات بۆ ماوەیەک پەنای لێنین بدات. پەنای بدات و ستالینی داماو لە جەور و جەفای لێنین ئازاد بێت. خانمی شانۆکار دڵێکی هەیە لە پەڕەی گوڵ، دەروونێکی هەیە ئاوەدان بە ئاونگی دڵاوایی، ژنێکە گیانی پڕە لە تاڵەکانی رووناکی، لێنین دەگرێتە خۆی، دەرگای میهرەبانی و باوەشی گەرمی خۆی بۆ دەکاتەوە. بەماوەیەکی زۆر کەم لێنین لە پەنابەرێتییەوە دەبێت بە ئەندامی ماڵەکە. خانم ماڵەکەی بە جۆرێک رێکدەخاتەوە لەگەڵ سەلیقە و حەزی لێنین بگونجێت. خانم دەبینیێت لێنین وەکو ئاوێکی رەوان دێت و دەچێت. رەنگێکی دیکە بە ماڵەکەی دەبەخشێت. لێنین دەبێت بە سەرچاوەی وزە و ئارامی بۆ خۆی و ماڵەکەی.
پاشان بۆ خانمی شانۆکار و لە رێگەی ئەمیشەوە بۆ خانمی پێشوو ئاشکرا دەبێت کە لە بنەڕەتدا لێنین ستەمکار نەبووە، بەڵکو ئەوە ستالین بووە ستەمی لە لێنین کردووە و بەم دەردەی بردووە. خانمی شانۆکار لە باسی لێنیندا بە جۆرێک شتەکانی شیدەکردەوە وەکو ئەوەی لە ئاکتێکی یەکجار هەستیاری شانۆییدا بێت، دەیگوت؛ گەر ئەم لێنینە بەستەزمانە زاری هەبا دەمزانی چۆن داد و بێدادی خۆی سەبارەت بە ستەمی ستالین بە هەموومان دەگوت، چۆن زوخاوی لە دەست ئەو دیکتاتۆرە هەڵدەڕشت، بەڵام مخابن بێ زارە، بێ زار، جەخار.
لێنین لە کن خانمی شانۆکار ژیانێکی شاهانەی دەست پێکرد. ژیانێکی پڕ شکۆ، ژیانێک بۆ کەم پشیلە دەستەبەر دەبێت. بەڵام ئەم لێنینە نەگبەتە، لەوە دەچێت "بەختەکەی لە ئەزەلەوە سیاچارە بووبێت"، بۆیە بەهاری ژیانی پڕ شکۆی، ماوەی مانەوەی لە ماڵی ئەم خاتوونە شانۆکارە درێژەی نەکێشا. هاوسێ و دراوسێ گەلەکۆمەیان لێکرد، بەناوی ئەوەی لێنین بزێوە، رێنمایی زاگۆنی ئاژەڵان پەیڕەو ناکات، وەخت و ناوەخت نازانێت، پەلاماری پشیلەکانی گەڕەکی داوە، بەچاوی خۆیان بینیویانە خواردنی لە دەم فڕاندوون، ئازاری هەندێکیانی داوە، هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەتوانن هەموو ئەم شتانە لە دژی لێنین بسەلمێنن، هەندێک جار بابەتی وەکو میزکردن و شتی دیکەیان بۆ لێنین دەهۆنییەوە کە خانمی شانۆکار بە توندی هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و ئامادەیە لە پێش هەموو دادگا و لەبەردەم هەموو دادوەرێکدا لە دژی ئەم شتانە داکۆکی لە لێنین بکات، کەچی زۆرینە، ئاخ زۆرینە، زۆرینە لە سەر هەق بوون و لێنینیان ناچار کرد نەک ئەو ماڵە بەڵکو گەڕەکیش بەجێ بهێڵێت. بەڵێ واژۆیان کۆکردەوە و لێنین گەڕەکبەدەر کرا. ئاخ لێنینی داماو.
لەم شارەی ئێمە قەیرانی خانوو هەیە، ماڵ و نشینگە بە ئاسانی دەست ناکەون، هەیشبن یەکجار گرانن، لێرە بە پیشەی شانۆکاریی دەڵێن؛ پیشەی بێ نان، بۆیە خانمی شانۆکارمان نەیتوانی ماڵ بگوڕێت و ناچاریان کرد دەستبەرداری لێنین بێت. لێنینیان سپارد بە چارەنووسی نادیار.
بزانە ژیان و دنیا هەروەها هاتووە و چووە، ئەم لێنینە بەستەزمانە وێڵ و ئاوارە کرا و ستالینیش هەر لە جێی خۆی و لە ناز و نیعمەتدایە.
خانمی شانۆکار هەست دەکات بەتەنیا ماوەتەوە، هەست دەکات ئەندامێکی ماڵەکەی بە داری زۆرێ دەربەدەر کراوە، هەست دەکات لە زوڵمی ستالینەوە تاکو ستەمی دەرودراسێ بەدی و ناهەقی درێژبۆتەوە، ناهەقییەک هیچ داد و هیچ دادگایەک، تەنانەت هیچ زاگۆنێک فریای ناکەوێت، خانمی شانۆکار دەڵێت؛ گەر زمانی هەبا ئێستا ئەو داماوە قسە بەنێوبانگ و کاریگەرەکەی هەملێتی هەزار پات دەکردەوە؛ "هەم یان نیم، ئەمە پرسیارەکەیە". ئاخ لێنینی داماو چەند تاسەتم کردگە.
هەر کاتێک خانمی شانۆکار دەبینم بەشێک لە قسەکانی یان نمونەهێنانەوەی دەچێتەوە سەر باسی لێنین، لە جەوری ستالینەوە دەستپێدەکات و بە گەلەکۆمەی دەرودراوسێ کۆتایی پێدێنێت، منیش هەر جارێک خەیاڵ دەمداتە دەست بیرەوەری و بیرەوەرییش هەر جارە و دەمباتەوە بۆ لای رووداوێکی راستەقینەی تەمەنم.
[چەپکێک لە وتەکانی لێنین]؛ کتێبێکی قەدەخە بوو لە هەشتاکاندا دەمانخوێندەوە. خوێندنەوەی ئەو کتێبە دەکرا مردنی پێوە بێت، بەڵام ئێمە دەمانویست، نەخێر ئامانجامان بوو بۆ ئەوەی لە فەلسەفە و هزری لێنین حاڵی بین بە گیانی خۆمان، بە ژیانی خۆمان باجەکەی بدەین، بۆچی؟ ئەوسا نەمدەزانی...
یان پەڕاوی [ستالین و چەک] تەنانەت جارێک لە باکوری نیشتمان گوێم لە سرودێکی شۆڕشگێڕانە بوو؛ [ستالین دگۆت سیلاح و سیلاح].
کاتێک خانمی شانۆکار دەربارەی لێنین دەدوێت، منیش هەر جارەی دەچمەوە لای گەوجێتییەکی تەمەنی خۆم و نەوە گیرۆدەکانی ئەوە رۆژگارەمان.
خانمی شانۆکار بە سیمایەکی خەمگین، بە دوو چاوی پڕ خوناو و بە زمانی زامدارەوە بەردەوام باسی لێنینم بۆ دەکات. بەڵام من؟
منیش هەندێک جاریش سەیرم، لە ناوەوە پێکەنین دەمگرێت، نەک بۆ چارەنووسی لێنین، نەک بۆ چیرۆکی خەمگینی خانمی شانۆکار، نەخێر، بیرئانین دەماتەوە بۆ کن کابرایەکی حولحولی عامودایی [رۆژئاوای نیشتمان].
جارێک لە عامودا کۆنفرانسێکی فراوانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردی رۆژئاوا ساز دەکرێت. کوردی رۆژئاوا حیزبیان یەکجار زۆر، گەر ئەوەندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان نەبێت بەدڵنیایی بەشی پەنجا ملیۆن کورد حیزبیان هەیە، ئەی چی؟ ئەم وەڵاتی ئەڵەمانەی کە ستالین و لێنین "هەردوو پسیک" تێیدا دەژین، هەشتا و سێ ملیۆن مرۆڤی تێدا دەژی، بەڵام ئەوەندەی کوردی رۆژئاوا حیزبی تێدا نییە.
- بەڕاستتە؟
- بچۆ لە ژیریی دەستکرد بپرسە ئازیزم، بچۆ لەو بپرسە ناچاریت بڕوا بە من بکەیت؟ نەخێر ناچار نیت. رێم بدە با باسی ئەو کۆنفرانسەی عامودات بۆ بکەم؛ نوێنەرانی حیزبە کوردییەکان لەو کۆنفرانسەدا هەر کامیان کاتێک هەڵدەستن بۆ ئاخافتن بە رستەیەکی لێنین دەستپێدەکەن؛ [مینا هاوڕێ لێنین گۆتییە.. وەکو لێنینێ مەزن گۆتییە.. لێنین د جهەکی دە گۆتییە.. لێنین ب خوە وسا نەگۆتییە.. لێنین د ڤێ مژارێ دە جودا فکرییە.. لێنین د دەربارێ مافێ کێمنەتەو دە دبێژێ.. لێنین د ڤێ واری دە وەها دفکرێ.. لێنین، لێنین، لێنین ،،، و لێنین]
تاکو درەنگانی ئێوارە کۆنفرانس بەردەوام دەبێت و لە ئاسمانی کۆنفرانسیش بەردەوام ناڤ و هەڤۆکی لێنین دەبارێت.
کاتێک کۆنفرانس تەواو دەبێت، یارۆی حولحولیی عامودایی دبێژە، بەڵام بەو پەڕی متمانەوە دبێژە:
[ئیتر لەمەودوا جگە لە هەڤاڵ لێنین، هەر کەسێک باسی کوردایەتی بکات بڕوای پێناکەم].
مخابن لەبەر خەمی لێنین نەکردە بوو بەسەرهاتی ئەو کابرا حولحولییە بۆ خانمی شانۆکار بگێڕمەوە، ترسام شاش شتەکەم لێوەربگرێت.
ئێستا من هەر کاتێک خانمی شانۆکار ببینم دەبێت پرسیاری لێنینی لێبکەم، نەیشپرسم ئەو بە پەیڤێکیش بێت دەچێتەوە سەر بابەتی لێنین و ستەمی ستالین و دەرودراوسێ لە دژی لێنینی داماو، هەرچەند دەڵێت؛ ئاخ لێنین داماو! مرۆڤ دڵی ژان دەکات. زاتەن ماڵەکەیشی وەکو سەردەمی لێنین ماوەتەوە بێ دەستکاریکردن، شوێنی خەوەکەی، کەرەستەی گەمەکردن و خواردنی، نوێنەکەی و هەموو هەموو شتەکانی لێنین ماونەتەوە. چما دڵی دێت لە ناویان بدات؟ باوەڕ ناکەم هەرگیز دڵی بێت.
بەڵام منیش بەردەوام لە ناخمدا خەم و خەندەیەک یەکانگیز دەبنەوە؛ خەمی ئاوارەبوونی لێنین و خەندەیەک کە یارۆی عامودایی و حاڵیبوونی وی لە دنیای سیاسەت سەرچاوەیەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ