رووداو دیجیتاڵ
بەردی بچووک، بەرهەمی گوزارشتکارانە لە پرسیارە گەورەکانەوە دەخوڵقێنن. ویژدان رەشید، پزیشکی ددانە، ساڵی 1972 لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، لە منداڵییەوە جیهانی وێنەکێشان سەرنجی راکێشاوە.
ویژدان رەشید، پزیشکی ددان و شێوەکار، بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر وێنەی فیلمی کارتۆنم دەکێشا و زۆر حەزم پێی بوو، لە سەردەمی ئێمەدا ساسۆکی هەبوو، گریندەیزەر و عەدنان و لینا هەبوو، ئێمە هەموو منداڵ بووین کە حەزمان لە فیلم بوو، فیلمە کارتۆنەکان هانیاندام کە وێنەی ئەو کەسایەتییانە بکێشمەوە".
لە ماوەی خوێندنی پزیشکیی ددان لە زانکۆی حەلەب، کاریکاتێری گوزارشتکارانەی لە ژیان و رەوشی خوێندکاران کێشاوە کە زۆربەیان کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەمێکیان سیاسی بوون.
ویژدان رەشید گوتیشی: "خەڵک بە گشتی حەزی لێدەکەن، بەتایبەت کاریکاتێر، چونکە چالاکی و دینامیکییەتی تێدایە و مرۆڤ پێوەی پەیوەستە، وەکو ئەو تابلۆ ئاساییانە نییە کە سەیری دەکەیت و رەنگە دواتر لەبیرت بچێتەوە، دەبێت کاریگەریی لە مێشکی مرۆڤدا هەبێت، جاری وا هەبوو سیاسی بوو، هەندێجار کۆمەڵایەتی بوو".
دوای وێنە و کاریکاتێر، دروستکردنی بەرهەمی هونەری و گوزارشتکردن لە پرس، رەوش و دیاردەکان بە بەردی بچووک، بووەتە کاری سەرەکی ئەو.
ئەو شێوەکارە کوردە روونیکردەوە: "شتێکی نوێیە، شتێکە کە لە جیهاندا بوارێکی کاریکاتێری کلاسیکی بوو، بەڵام ویستم لە بیری خۆمەوە شتێک بکەم، ئەمە بیرۆکەیەکی نوێیە، بۆ نموونە کە باڵندەیەک دەکێشم، چەندین تابلۆ هەن، کاتێک سەیری ئەم وێنانەم دەکرد، هەستم دەکرد شتێکی ئاساییە، واتە ئەو داهێنانەی تێدا نییە، لەگەڵ ئەوەی وێنەکانم زۆر جوانن و ژیانی کاریکاتێرییان هەیە، بەڵام ئەو داهێنانەم تێدا نەدەبینییەوە کە دەمویست شتێکی جیاواز لە وێنەکەمدا بتەقێنمەوە، بەڵام بەردم بینی، بەرد بەڕاستی بوارێکی زۆر فراوانی تێدایە بۆ کارکردن".
بۆ ئەوەی منداڵانی ناو کەمپەکان کاتەکانیان بە بەتاڵی بەسەر نەبەن، ویژدان رەشید کە باوکی چوار منداڵە، وانەی فێربوونی وێنەکێشانیان پێدەڵێتەوە، منداڵەکان سوپاسی دەکەن.
ویژدان رەشید ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "هەفتەی جارێک یان دوو جار وانەی وێنەکێشانیان بە منداڵان دەڵێمەوە، بەپێی کاتی خۆم، نزیکەی 15 بۆ 20 منداڵن، بۆ نموونە ئەمە تابلۆی منداڵێکە کە تەمەنی نزیکەی هەشت ساڵانە دروستی کردووە، بە شێوازێکی زۆر ئاسان بۆیان رووندەکەمەوە، بۆ نموونە دەڵێم ئەم کارە چۆن بکەین، لە ژمارە یەک، دوو، سێی لاتینییەوە، ئەمە منداڵە پەنابەرەکانی ئەفغانی، رووسی و ئۆکراینین".
هەندێکجار فۆرم و پێکهاتە ئەندازەییەکانی بەردەکان، بیرۆکەی بەرهەمی هونەری بۆ ویژدان دروست دەکەن کە ناوی هونەریی جانۆیە.
ویژدان رەشید گوتیشی: "دوو رێگە هەیە، یان بیرۆکەکە سەرەتا دێتە مێشکم و دواتر بەردەکە بەگوێرەی ئەو بیرۆکەیە دەدۆزمەوە و کاری تێدا دەکەم، یانیش هەندێکجار بەردێک دەبینیت شێوەی لە شتێک دەکات، لەسەر ئەو بنەمایە، یان بیرۆکەیەک لێیەوە دروست دەبێت، یان بیرۆکەکە پێشتر هاتووە یانیش دواتر دێت".
لە 2015ـەوە ویژدان رەشید و خێزانەکەی لە ئەڵمانیا دەژین، ئەو بەردەوامە لە کردنەوەی پێشانگە، ئەڵمانیا ئارامی و دەرفەتی کاری بە خۆی و خێزانەکەی پێبەخشیوە. لەمبارەیەوە گوتی: "لە ئەڵمانیا لە ئارامی و ئاسایشدا دەژیم و منداڵەکانی منی پاراستووە، کاتێک ئێمە پێویستیمان بە ئارامییەک بوو بەتایبەتی دوای ئەو شەڕانەی روویاندا".
دوورکەوتنەوە لە نیشتمان قوربانیدانیشی لەگەڵدایە و بە بڕوای ویژدان رەشید: "ئەو مێژووەی لە قامشلۆ، لە رۆژئاوا دروستم کردبوو، بەڕاستی زۆر بیری دەکەم".
وێستگەی کۆتایی ژیانی ویژدان، نایەوێت لەو وڵاتە سارد و بێگانەیە بێت، چاوی لەسەر خاک و ئاوی کوردستانە کە ماڵی خۆی لێ دامەزراندووە، پێش ئەوەی بگاتە وێستگەی کۆتایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ