رووداو دیجیتاڵ
رۆبەرت ئینگلوند، ئەکتەری بەناوبانگی فیلمە ترسناکەکان کە بە رۆڵی (فرێدی کروگەر) لە زنجیرە فیلمی (A Nightmare on Elm Street) ناسراوە، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا ئەستێرەیەکی لە رێڕەوی بەناوبانگەکانی هۆڵیوود لە لۆس ئەنجلس پێبەخشرا.
رێوڕەسمەکە رۆژی هەینی 31ـی تشرینی یەکەمی 2025 بەڕێوەچوو و هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی هالۆوین، هەوادارانی ئینگلوند بە بەردەوامی بە دروشمی "فرێدی، فرێدی، فرێدی" پێشوازییان لێکرد. ئینگلوند سوپاسی هەوادار و ئەو هاوڕێ دێرینانەی کرد کە لە سەرەتای کاروانیدا پشتیوانییان لێکردبوو.
ئینگلوند لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، "هاوڕێکانم لە هۆڵیوود کە لێرە لە کتێبخانەی لاری ئێدمۆندس کاریان دەکرد، مووچەکانیان یارمەتیدەر بوو بۆ پێدانی کرێی خانووەکەم بۆ ماوەیەک". ئەو شوێنەی ئەستێرەکەی لێ دانرا، لە بەردەم هەمان ئەو کتێبخانەیەیە کە بۆ ئینگلوند گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
هەروەها باسی لەوە کرد، دوو لە هاوڕێکانی بە ناوەکانی جەیمس جێرمایا و جانیس فیشەر، کاریان لەسەر سیناریۆیەک دەکرد کە دواتر بووە فیلمی (Lost Boys). ئینگلوند گوتی: "ئەوان بە خەونەکانیان گەیشتن و ئەمڕۆش خەونی من بووە راستی. ئەم شەقامە فراوانە کە پێی دەگوترێت شەقامی خەونە شکاوەکان، نە بۆ هاوڕێکانی من و نە بۆ من وا نەبوو".
.jpg)
رۆبەرت ئینگلوند بەهۆی رۆڵگێڕانی کارەکتەری فرێدی کروگەر، بووە یەکێک لە ئەفسانەکانی جیهانی سینەمای ترسناک و لە سەرانسەری جیهاندا هەوادارێکی زۆری هەیە.
لە رێوڕەسمەکەدا، دەرهێنەر و ئەکتەر ئیلای رۆس و ئەکتەری هاوکاری پێشووی، هیزەر لانگنکامپ، وتاریان پێشکێشکرد و ستایشی کاروانی هونەریی ئینگلوندیان کرد.
.jpg)
لانگنکامپ کە رۆڵی نانسی تۆمپسنی لە فیلمی (A Nightmare on Elm Street) بینیوە، باسی لە کاریگەریی دەنگی ئینگلوند کرد لە دروستکردنی کەسایەتی فرێدی کروگەردا. ئیلای رۆسیش ئاماژەی بەوەدا، ئینگلوند توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە لە دۆزینەوەی لایەنی مرۆیی لەناو ترسناکترین کارەکتەرەکانیشدا.
.jpg)
ئەستێرەکەی ئینگلوند دەبێتە ئەستێرەی ژمارە دوو هەزار و 826 لە رێڕەوی بەناوبانگەکانی هۆڵیوود.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ