رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە رووداوە گرنگەکانی بواری فاشن و جلوبەرگ کە هونەرمەندانی جیهان تێیدا بەشدار دەبن، رێوڕەسمی مێت گالایە، تێیدا ئەستێرەکانی بواری هونەر تێیدا بەشدار دەبن و جلوبەرگی گرانبەها و سەرنجڕاکێش دەخەنەڕوو.
ئامانجی سەرەکی ئەم چالاکییە کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ مۆزەخانەی هونەریی میترۆپۆلیتان و خولی ئەمساڵی تایبەت بوو بە یادکردنەوەی کارل لاگەرفێڵد، دیزاینەر و وێنەگری ئەڵمانی و ناونیشانی خولەکە 'کارل لاگەرفێڵد: هێڵی جوانی' بوو.
رێکخەرانی چالاکییەکە داوایان لە ئامادەبووان کردبوو دیزاینەکانی لاگەرفێڵد بپۆشن، بۆیە بەشێک لە هونەرمەندان دیزاینەر کۆنەکانی ئەو دیزاینەرە جیهانییەیان پۆشیبوو، لەوانە دوا لیپا و نائۆمی کامپبێل.
بەشێکی دیکەی ئامادەبووان جلوبەرگ و دیزاینی کلاسیکیان پۆشیبوو، لەوانە نیکۆڵ کیدمان، ئەکتەری ئوسترالی کە جلێکی کۆنی شانێلی لەبەردا بوو، هەمان ئەو جلەی لە 2004 بۆ ریکلامێکی شانێڵ پۆشیبوو.

یەکێکی دیکە لە میوانانی مێت گالا، ریانا، گۆرانیبێژی جیهانی بوو، ئەو هونەرمەندە گرنگییەکی زۆر بە بواری فاشن دەدات و کۆمپانیای تایبەت بە جلوبەرگ و ماکیاژی هەیە، لەم رووداوە هونەرییەدا، بە جلێکی سپیی دەرکەوت کە بە گوڵ رازێندرابووەوە.
ریانا تاکە هونەرمەندی بەناوبانگ نەبوو لە رێوڕەسمەکەدا، بەڵکو هەریەک لە بیلی ئیڵیش و جارێد لێتۆ، بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕین.

ئەم چالاکییە رۆژی دووشەممە 1ـی ئایاری 2023 بە کاتی ئەمریکا، لە مۆزەخانەی هونەریی میترۆپۆلیتان لە نیۆیۆرک بەڕێوەچوو.
ئەم جۆرە چالاکییانە بەبێ ئامادەبوونی مۆدێلە بەناوبانگەکان بەڕێوەناچێت، بەتایبەتیش کیم کارداشیان کە بە جلوبەرگێکی سپی بە موروو داپۆشرا دەرکەوت، هەروەها کیندڵ و کایلی جێنەر بە جلوبەرگی سوور و رەشەوە لە بەردەم هاوێنەی کامێرامانەکان وەستان.

لە مێت گالای 2022 زیاتر لە 17 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی هاوکاری بۆ مۆزەخانەی هونەریی میترۆپۆلیتان کۆکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ