رووداو دیجیتاڵ
بەدیل ئیبراهیم، گۆرانیبێژی ناسراوی کورد، نەک تەنیا لەنێو کوردانی ئێزدیی ئەڵمانیا، بەڵکو لەنێو تەواوی دیاسپۆرای کورد لە ئەورووپا ناوێکی دیارە، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرادا، چیرۆکی ژیان و کاری هونەریی خۆی گێڕایەو. ئەو باس لەوە دەکات کە چۆن لە گوندێکی باکووری کوردستانەوە بەهۆی فشاری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ناچار بووە کۆچ بکات و لە ئەڵمانیا درێژە بە کاری هونەری بدات، تا دەگاتە ئەوەی ببێتە یەکێک لە بەشداربووە دیارەکانی بەرنامەی بەناوبانگی "X-Factor"ـی ئەڵمانیا. هاوکات، رۆڵی بەرچاوی لە هاوکاریکردنی ئاوارەکانی شنگالدا هەبووە لە کاتی هێرشی داعشدا.
بەدیل ئیبراهیم لە گوندی "کەلهۆک"ـی سەر بە شاری باتمانی باکووری کوردستان لەدایکبووە، هەر لە منداڵییەوە بەهرەی دەنگخۆشیی تێدا بووە، تاوەکو ئەو رادەیەی لە قوتابخانە مامۆستایەکی ویستوویەتی بیباتە ئیستەنبووڵ بۆ ئەوەی ببێتە گۆرانیبێژ، بەڵام باوکی رێگەی پێنەداوە، لەمبارەیەوە دەڵێت "باوکم رازی نەبوو و گوتی، کوڕم نابێت بچیتە ئیستەنبووڵ، لەوێ لە رێ لادەدەن. ئێستا دەڵێم کارێکی باشی کرد، ئەگەرنا رەنگە ئێستا ببوومایە گۆرانیبێژێکی تورک."
بەهۆی گوشارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانەوە، بە تایبەتی لەسەر کوردی ئێزدی، بەدیل و خێزانەکەی بۆ ئەورووپا کۆچ دەکەن. ئەو دەڵێت، لە ئەورووپا دەرفەتی زیاتری بۆ رەخسا تاوەکو ئازادانەتر خزمەتی میوزیکی کوردی بکات، چونکە لە تورکیا میوزیکی کوردی قەدەخە بوو.
لە ئەڵمانیا یەکەم کاسێتی خۆی تۆمار دەکات و بە گۆرانیی "سالێ" ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات، یەکێک لە وێستگە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ژیانی هونەریی، بەشداریکردنی بوو لە بەرنامەی بەهرەمەندانی "X-Factor"ـی ئەڵمانی و چیرۆکی بەشداریکردنەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "رۆژێک بەیانی زوو تەلەفۆنێکم بۆ هات، گوتیان ئێمە لە ئێکس فاکتەرەوەین و لە ئینتەرنێت کارەکانتمان بینیوە و دەمانەوێت بەشدار بیت". ئەو بە مەبەستی ناساندنی کولتوور و هونەری کوردی بە ئەورووپییەکان بەشداری دەکات.
بۆ ماوەی پێنج قۆناخ بە گۆرانیی کوردییەوە سەردەکەوێت و کاردانەوەی بینەران و لیژنەی دادوەران زۆر ئەرێنی دەبێت. بەدیل دەڵێت "کاتێک بە کوردی گۆرانیم دەگوت، بینەرە ئەڵمانەکان هەڵدەستانە سەر پێ و چەپڵەیان لێدەدا، کاتێک چیرۆکی گۆرانیی "چەمێ زاخۆ"ـم بۆ گێڕانەوە، زۆر پێی سەرسام بوون"، بەڵام کاتێک داوای لێدەکرێت لە قۆناخەکانی کۆتاییدا بە زمانی ئینگلیزی گۆرانی بڵێت، ئەو پاشەکشە دەکات، چونکە ئامانجی سەرەکیی ناساندنی هونەری کوردی بووە.
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە 2014، بەدیل ئیبراهیم بڕیار دەدات هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە بکات، ئەو لەگەڵ هونەرمەند دەشنێ موراد، هەڵمەتێکی فراوانی کۆکردنەوەی هاوکاریی ماددی و دارایی رادەگەیەنن.
بەدیل خۆی هاوکارییەکان دەگەیەنێتە کوردستان و سوور دەبێت لەسەر ئەوەی سەردانی چیای شنگال بکات کە ئەو کاتە لەژێر گەمارۆیەکی سەختدا بوو. لەوێوە دەڵێت "پێیان گوتم زۆر مەترسیدارە، بەڵام من گوتم، منیش کوڕێکی ئەو ئێزدییانەم و دەمەوێت بچمە لایان، من لەوان باشتر نیم". بە هەلیکۆپتەر دەچێتە سەر چیاکە، دیمەنی دۆخە مرۆییە سەختەکە تۆمار دەکات و لە گواستنەوەی بریندارەکاندا هاوکار دەبێت.
بەدیل ئیبراهیم خاوەنی شەش ئەلبووم و ژمارەیەکی زۆر گۆرانیی تاکە، تاوەکو ئێستا بەردەوامە لە کاری هونەری، هەوڵدەدات رێچکە هونەرییەکەی لە رێگەی منداڵەکانییەوە درێژە پێبدات؛ کچەکەی لە یەکێک لە کلیپەکانیدا لەگەڵیدا گۆرانی دەڵێت و کوڕەکەشی هۆزان حەسۆ بە هەمان شێوە لە بواری هونەردا کار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ