کێس ئۆربن داوای 17 ملیۆن دۆلار لە نیکۆڵ کیدمان دەکات

02-10-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن نیکۆڵ کیدمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا هەواڵی جیابوونەوەی نیکۆڵ کیدمان و کێس ئۆربن بڵاوبووەوە، ئێستا وردەکارییەکی مشتومڕاوی لەبارەی گرێبەستی پێش هاوژینییەکەیان ئاشکرا بووە کە ناکۆکییەکانی نێوانیانی قوڵتر کردووەتەوە. بەگوێرەی بەندێکی نامۆی گرێبەستەکە، ئۆربن بڕی 17 ملیۆن دۆلار لە کیدمان وەردەگرێت تەنیا لەبەرئەوەی بە درێژایی 19 ساڵی هاوژینییان پابەند بووە بە وازهێنان لە ماددە هۆشبەرەکان.
 
سەرەتا ئەم مەرجە بۆ پاڵپشتیی ئۆربن دانرابوو، ئێستا بووەتە خاڵی سەرەکیی ناکۆکییە داراییەکانی نێوان ئەو دوو ئەستێرەیە.
 
گرێبەستی پێش هاوژینیی هەردووکیان بەندێکی تێدایە و نووسراوە، کێس ئۆربن بۆ هەر ساڵێکی هاوژینییان بڕی 600 هەزار دۆلار وەردەگرێت، بەو مەرجەی دوور بکەوێتەوە لە ئالوودەبوون. ئێستا دوای 19 ساڵ، کۆی ئەو پارەیە دەکاتە 17 ملیۆن دۆلار.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە کیدمان دەڵێت: "نیکۆڵ زۆر تووڕەیە. ئەو هەست دەکات ئەم مەرجە بۆ پاراستنی ژیانی کێس بوو، نەک بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی دەوڵەمەندبوونی لەسەر حیسابی ئەو. ئەو ساڵانێکی زۆر پاڵپشتی لە قۆناغە هەرە سەختەکانی ژیانی کرد، کەچی ئێستا دەبێت لەسەر گیرفانی خۆی پاداشتی بکاتەوە".
 
ئۆربن مێژوویەکی درێژی لەگەڵ ئالوودەبووندا هەبوو و تەنیا چوار مانگ دوای ژیانی هاوژینی لەگەڵ کیدمان لە 2006، جارێکی دیکە رووی ماددەی هۆشبەر کردەوە، کیدمان رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە پرۆسەی چارەسەرکردنیدا.
 
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە: "راستە نیکۆڵ دڵخۆشە کە کێس پابەند بووە، بەڵام هەست بە خەمێکی قووڵ دەکات کە دەبێت خۆی باجی ئەو پابەندبوونە بدات. بۆ ئەو، ئەمە وەک ئەوە وایە خوێ بەسەر برینی جیابوونەوەکەیدا بکرێت".
 
کیدمان لە 30ـی ئەیلوولی 2025 بە فەرمی داوای جیابوونەوەی تۆمارکرد و هۆکارەکەی بۆ "ناکۆکیی چارەسەرنەکراو" گەڕاندەوە، بەڵام ئێستا دیارە لایەنە داراییەکە کێشەکانی ئاڵۆزتر کردووە.
 
هەرچەندە تا ئایاری ئەمساڵ ئەو دووانە زۆر ئاشقانە دەردەکەوتن، بەڵام لە حوزەیراندا لە یارییەکی تۆپی پێدا، پسپۆڕی زمانی جەستە، جودی جەیمس، گوتبووی: "نیکۆڵ وەک بووکەڵەیەکی بێگیان دەردەکەوت و هیچ پەیوەندییەکی جەستەیی لە نێوانیاندا نەمابوو".
 
ئێستا ئەو دووانە ژیانی جیاواز دەژین؛ کێس لە گەشتێکی هونەریدایە و نیکۆڵیش لە لەندەن سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلمە نوێیەکەیەتی. ئەم ناکۆکییە داراییە کۆتایی بە یەکێک لە بەناوبانگترین پەیوەندییەکانی هۆڵیوود دەهێنێت، کە دوای 19 ساڵ لە خۆشەویستی، لەسەر مێزی دادگەکان و بەهۆی بەندێکی گرێبەستەوە، تاڵتر دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە