رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی ئەپڵ پڵەس رایگەیاند، وەرزی دووەمی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی 'Hijack' بەرهەمدێت و بڕیارە ئیدریس ئەلبا، ئەکتەری بەریتانی رۆڵی سەرەکی تێدا بگێڕێتەوە و بەر لە کۆتایی ئەمساڵ کار لەسەر بەرهەمهێنانی دەکرێت.
لەم بەرهەمەدا ئەلبا رۆڵی کارکتەری سام نێڵسن دەگێڕێت کە دانوستانکارێکی شارەزای بازرگانییە و پێویستە هەنگاو بنێت و هەموو تاکتیکێک بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ژیانی سەرنشینانی فرۆکەیەک رزگار بکات.
ساڵی رابردوو؛ دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەو ئەکتەرە جیهانییە رۆڵی کارەکتەری جێمس بۆند لە زنجیرە فیلمی 'جێمس بۆند' بگێرێت، هەندێ جاریش میدیاکان باسیان لەوە دەکرد کە رۆڵی نەیار لەو زنجیرە فیلمە بەریتانییەدا دەگێڕێت، بەڵام پێدەچێت بەرهەمهێنەرانی زنجیرە فیلمەکە ئەو ئەکتەرەیان بێ ئومێد کردبێت، بۆیە لە پاڵ کاری ئەکتەری، ئێستا وەک مۆدێلیش لە بواری فاشندا کاردەکات.
ساڵی رابردوو، ئیدریس ئەلبا، رایگەیاند، بەهۆی کارەکەیەوە ناچار بووە چارەسەری دەروونی وەربگرێت و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو ئالوودەی کارکردنە.
ئەو ئەکتەرە لە پۆدکاستێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، چەند شتێکی نا تەندروست لە ژیانیدا هەیە و هەستی بەوە کردووە کە ئالوودەی کارکردن بووە و بەشێوەیەکی گشتی ئەمە بە کارێکی باش نابینێت.
روونیشیکردەوە، هەموو شتێک پێویستی بە هاوسەنگییە و بڕیاریداوە خۆی لەگەڵ ژیان و کاردا بگونجێنێت.
ئەلبا، ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو ستۆدیۆیەکی لە ماڵەوە هەیە و حەز دەکات زۆربەی کاتەکانی لە ستۆدیۆکە بەسەرببات، دەتوانێت 10 رۆژ بەسەریەکەوە لە فیلمێکدا کاربکات، راهێنانی ژێر ئاو بکات و شەش خولەک هەناسەی رابگرێت، دواتر دەگەڕێتەوە ستۆدیۆ و هەست بە پشوودان دەکات.
ئیدریس ئەلبا، لە چەندین فیلمی ئەکشن و سەرکێشیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و یەکێک لە فیلمە بەهێزە بایۆگرافییەکانی بەناوی 'Mandela: Long Walk to Freedom'یە کە لە 2013 بڵاوکرایەوە.
لە فیلمە بەناوبانگەکانی ئەو ئەکتەرە: 'American Gangster'، 'Obsessed' و 'Prometheus' و لە 2018 بۆ یەکەمجار کاری دەرهێنانی بۆ فیلمێک بەناوی 'Yardie' کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ