رووداو-هەولێر
پەروین چاكار، خانمە ئۆپێراخوێنێكی كوردە، دەیەوێت لە رێگەی ئۆپێراوە داستانە مەزنەكانی گەلی كورد بباتە سەر ستەیج. چاكار لە ساڵی 1981 لە ناوچەی دێركا چیای مازی سەر بە مێردینی باكووری كوردستان لەدایكبووە.
ساڵی 1995 لە ئینستتیوتی ئانادۆڵ، هونەری خوێندووە. ساڵی 2003 لە زانكۆی گازی ئەنقەرە بەشی هونەری دەنگی خوێندووە، ساڵی 2008 دەچێتە كۆنسەرڤاتوار و ئۆپێرا دەخوێنێ و پلەیەكی باش بەدەستدێنێ.
بە مەبەستی بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمێك (تۆڕی میدیایی رووداو) میوانداریی خانمە ئۆپێراخوێنی باكووری كوردستان، پەروین چاكاری كردووە، بۆ یەكەمجارە سەردانی هەولێر دەكات. پەروین چاكار لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی پڕۆژە و چالاكییەكانی خۆی دەكات.
رووداو: لەم سەردانەت بۆ هەولێر چ شتێك زیاتر سەرنجی راكێشای؟
پەروین: یەكەمجارە سەردانی باشووری كوردستان دەكەم، چەند رۆژێكە لە هەولێرم، بەڵام لەبەر كاری وێنەگرتنی بەڵگەفیلمەكە زۆر نەگەڕاوم، سەردانی قەڵای هەولێرم كردووە زۆر سەرنجڕاكێش بوو. حەز دەكەم زیاتر بگەڕێم و شوێنەكانی دیكەش ببینم.
رووداو: لەم بەڵگەفیلمەدا كە (رووداو) لەسەر ئێوە بەرهەمی دێنێت، زیاتر باس لە چ لایەنێكی ژیانی تۆ دەكرێ؟
پەروین: بەڵگەفیلمەكە زیاتر باس لە كارە هونەرییەكانی من و ژیانی منداڵیی من تاوەكو ئێستا دەكات، زۆر لایەنی ژیانی من دەخاتەڕوو، هیوادارم بەدڵی هەوادارانم بێت.
رووداو: بەنیاز نیت لەنێو ئۆپێرادا گۆرانی و داستانی كوردی بڵێیتەوە؟
پەروین: دەمێكە كار لەسەر دۆزینەوە و لێكۆڵینەوە دەربارەی میوزیك و گۆرانیی رەسەنی كوردی دەكەم، بۆ ئەوەی بەشێوازی ئۆپێرا جارێكی دیكە گۆرانییە كوردییەكان تێكەڵكێش بكەم، تاوەكو هەموو خەڵكی جیهان لە رێگەی ئۆپێراوە ئاشنای هونەر و میوزیك و داستانە كوردییەكان ببن. من ئێستا دەستم بە ئۆپێرای كوردی كردووە.
رووداو: ئەو خاسیەتانە لە نێو گۆرانی و دەنگبێژی كوردیدا هەیە؟ دەتوانرێ بكرێنە ئۆپێرا؟
پەروین: بێگومان جیاوازی هەیە لە نێوان گۆرانی و دەنگبێژی و ئۆپێرا، دوو شتی جیاوازن، چونكە وەك دەزانن گۆرانی و هونەری دەنگبێژی زیاتر لە نێو خەڵكی سادە و هەژار باوە، بەڵام ئۆپێرا هونەرێكی باڵایە و زیاتر خەڵكی ئەرستۆكرات هۆگری بوونە و هەر لەلایەن ئەوانەوە كاری لەسەر كراوە، بۆیە لەنێو كورد زۆر گرنگی پێنەدراوە، من ئێستا خەریكم دەنگبێژی و ئۆپێرا تێكەڵكێش بكەم، بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی كوردی تێكەڵی ئۆپێرا بێت و هۆگری بێت، هەڵبەتە لە نێوان دەنگبێژی و ئۆپێرا خاڵی هاوبەشیش هەیە، ئەمەش هاوكار دەبێت بۆ ئەوەی باشتر تێكەڵكێشی بكەین.
رووداو: تۆ ئۆپێراخوێنی، ئەو كاتەی حەز بكەی گوێ لە گۆرانییەك بگری كامە هونەرمەند هەڵدەبژێری؟
پەروین: بێگومان من زۆر شەیدای دەنگبێژی ناوداری كورد، شاكرۆم، هەروەها زۆر هۆگری مرادێ كنێ دەنگبێژی باكووری كوردستانم، ئەو لاوك و مەقامانەی ئەم هونەرمەندانە دەیڵێن، هونەرێكی بەرز و رەسەنە، دەكرێت زیاتر كار لەسەر بەرهەمەكانی ئەم كەڵە هونەرمەندانە بكرێ.
رووداو: ماوەیەكی زۆرە باس لەوە دەكرێ كە پەروین چاكار پرۆژەیەكی لەسەر مەم و زینی ئەحمەدی خانی هەیە، ئەم پرۆژەیە بەكوێ گەیشت؟
پەروین: كاركردن لەسەر مەم و زین، خەونی لە مێژینەی منە، ماوەی 13 ساڵە كار لەسەر ئۆپێرای مەم و زین دەكەم، بەشێكی زۆر لە كارەكان تەواوبوون، بەڵام چاوەڕێی سپۆنسەرێكم، چونكە ئەمە پڕۆژەیەكی مەزنە و پێویستی بە هۆڵێكی مەزنی تایبەت بە ئۆپێرایە، گرووپی میوزیك و گرووپی سەما و دەیان كاری دیكە هەیە كە بەتەنیا ناتوانم بیكەم، بۆیە لەڕێگەی ئێوەوە داوا لەلایەنی پەیوەندار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم هاوكاریمان بكەن بۆ ئەوەی هونەری كوردی زیاتر بەرز بكەینەوە، ئەگەر سپۆنسەر هەبێت دەست بەم پرۆژەیە دەكەین و مەم و زین دەكەینە جیهانی و بەهەموو خەڵكی ئاشنا دەكەین.
رووداو: لە چەند وڵاتێكی ئەوروپی ئوپێرای كوردیت پێشكەش كردووە، ئەوروپییەكان چۆن دەڕواننە ئۆپێرای كوردی؟
پەروین: هەڵبەتە لە باكووری ئیتاڵیا چەند پێكهاتەیەكی جیاواز هەن، زۆر لە كولتوور و فەرهەنگی كوردی نزیكن. من لەوێ چەند ئۆپێرایەكی كوردیم پێشكەشكردن، پێشوازییەكی زۆر باشیان لێكرد، ئەوان ئێستا حەز لە كورد و هونەری كوردی دەكەن.
رووداو: ئەی كورد چۆن دەڕوانێتە هونەری ئۆپێرا؟
پەروین: بەڕاستی گەلەك بە ئەرێنی پێشوازی لە بەرهەمەكانی من دەكەن، چونكە من گۆرانییە كوردییەكان بە تەكنیك و ئەدای ئۆپێرا پێشكەش دەكەم، ئەمەش وایكردووە لای خەڵك خۆشەویست بێت، وەك چۆن كورد پێشوازی لە ستایلی ئەرابێسك و پۆپ و رۆك كردووەو لە نێو گۆرانییەكانیان جێگایان بۆ كردووتەوە، من لەو باوەڕەدام ئاواش باوەش بۆ ئۆپێرای كوردی دەكەنەوە، بەڵام ئەمە كاتی پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ