یۆشیکی ئەستێرەی رۆکی ژاپۆنی لە ئەمریکا خەڵاتکرا

03-11-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن یۆشیکی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یۆشیکی، ئاوازدانەر و ئایکۆنی رۆکی ژاپۆنی، لە ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی (هۆڵی ناوبانگی ئاسیا) لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا خەڵات کرا. لە وتارێکیدا، باسی لە خۆڕاگری، میراتی هونەری و پەیوەندی لەگەڵ کەسە نزیکەکانیدا کرد.
 
یۆشیکی گوتی: "لەو بڕوایەدا نیم ئەوەندە دەستکەوتی گەورەم بەدەستهێنابێت، دەزانن، هێشتا بەوپەڕی توانامەوە هەوڵ دەدەم". هەروەها ئاماژەی بەوەدا، "من لەگەڵ گرووپێکدا دەستم پێکرد، پاشان چەندین ئەندامی گرووپەکە، لە راستیدا سێ ئەندامی گرووپەکە کۆچی دواییان کرد. هەست دەکەم پێویستە بۆ ئەوانیش زیاتر هەوڵ بدەم. تاوەکو من شتێک بکەم، دەتوانم میراتی ئەوان بڵاوبکەمەوە".
 
کاتێک پرسیاری ژیانی تایبەتی لێکرا، یۆشیکی بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە گوتی، زۆربەی کاتەکانی بە بیرکردنەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو کەسانە بەسەر دەبات کە لەدەستیداون: "قسە لەگەڵ ئەو ئەندامانەی گرووپەکەم دەکەم کە کۆچی دواییان کردووە. دەزانن، قسە لەگەڵ دایکم دەکەم. هێشتا هەوڵ دەدەم".
 
یۆشیکی، ئاوازدانەر، گۆرانیبێژ و دق نووسی گۆرانی ماوەی ساڵێک بەهۆی نەشتەرگەریی ملەوە لە کارەکانی دوورکەوتبووەوە و رایگەیاند، ئامادەیە بۆ قۆناغێکی نوێ. گوتیشی: "ساڵێکی زۆر سەخت بوو. زۆربەی کاتم بە وەرگرتنی چارەسەری فیزیایی بەسەربرد. بەڵام ئێستا هەست دەکەم گەڕاومەتەوە. بۆیە دەمەوێت 2026ـێکی نایاب لەگەڵ هەوادارانم دروست بکەم".
 
لە رێوڕەسمەکەدا کە رۆژی شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025 -بە کاتی ئەمریکا- بەڕێوەچوو، گرووپی کچانی چینی (A2O May) نمایشێکیان پێشکێش کرد. ئەندامانی گرووپەکە ئاماژەیان بەوەدا کە کاری بەکۆمەڵ و گفتوگۆکردن هۆکاری سەرکەوتنیانە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە