لە هەولێر دوو ژەنیاری ئیتاڵی ئاوازی کلاسیک و فیلمە جیهانییەکانیان ژەنی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ڤەژین موراد
ئەندریا گریمینێلی و ئەمێدیۆ ساڵڤاتۆ لە کۆنسێرتەکەی هەولێر. وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو
ئەندریا گریمینێلی و ئەمێدیۆ ساڵڤاتۆ لە کۆنسێرتەکەی هەولێر. وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر و بە بەشداریی دوو ژەنیاری ئیتاڵیا، کۆنسێرتێکی تایبەت بە میوزیکی کلاسیک و ژەنینی ئاوازی فیلمە بەناوبانگەکانی سینەمای جیهان، بەڕێوەچوو.
 
لە کۆنسێرتەکەدا هەردوو ژەنیار ئەندریا گریمینێلی بە ئامێری فلوت و ئەمێدیۆ ساڵڤاتۆ بە ئامێری پیانۆ، چەندین میوزیکی کلاسیکی و جیهانییان پێشکێش کرد.
 
ئەندریا گریمینێلی، وەک ژەنیارێکی دیاری فلوت، بە هەست و سۆزێکی قووڵ و لێهاتووییەوە دەرکەوت، لە بەرامبەردا ئەمێدیۆ ساڵڤاتۆ بە تەکنیکی وردی ژەنینی پیانۆ، سۆز و رۆحی ئاوازەکانی بۆ ئامادەبووان گواستەوە.
 
ژمارەیەک لە هۆگرانی میوزیک و هونەر ئامادەی کۆنسێرتەکە بوون و بۆچوونی جیاوازیان هەبوو.
 
ڤلادیمیر فەینبرگ، رۆژنامەڤانێکی رۆمانیی ئامادەبووی کۆنسێرتەکە بە رووداوی راگەیاند: "دەبێت سوپاسی کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا بکەم بۆ رێکخستنی ئەم کۆنسێرتە، میوزیکگەلێکی کلاسیکیان پێشکێش کردین، بەراستی چێژبەخش بوون، بەتایبەت کە بەشێکیان میوزیکی فیلمە کۆنەکان و دەرهێنەرە بەناوبانگەکانی ئیتاڵیا بوون".
 
شەونم تەحسین، ئامادەبوویەکی کۆنسێرتەکە بوو و گوتی: "زۆر خۆش بوو و چێژمان لێ بینی. پێم خۆشە ئەم جۆرە کۆنسێرت و چالاکییانە دووبارە ببنەوە و بێنە ناو خەڵک".
 
بڕوا چاوشلی، خوێندکارە و ئاماژەی بە تایبەتمەندیی کۆنسێرتەکەدا و گوتی: "کۆنسێرتەکە کلاسیکە و تەنیا میوزیکییە، هەموو کەسێک چێژی لێ وەرناگرێت، مەگەر ئەوانەی دێن خاوەنی ئەو هەستە بن. دەبێت ئەو هەستە لەلای مرۆڤ دروست بێت بۆ ئەوەی لێی بێزار نەبێت".
 
ئەمێدیۆ ساڵڤاتۆ، پیانۆژەنە ئیتاڵییەکە خۆشحاڵیی خۆی بە سازکردنی کۆنسێرتەکە لە هەولێر دەربڕی و گوتی: "زۆرم پێ خۆشبوو کە میوزیکی کلاسیکی ئیتاڵی بهێنینە نێو خەڵکی هەولێر. من لە ئامادەبووانەوە هەستم بە گەرموگوڕییەک کرد، ئەوان حەزیان بە میوزیکەکە کرد و خۆشیان ویست".
 
باسی لەوەش کرد لە کاتی مانەوەی لە هەولێر سەردانی بازاڕی ئەو شارە کتردووە و گوتی: "ئەمڕۆ پیاسەیەکمان بەنێو بازاڕدا کرد، گوێم لە میوزیکێک بوو، لە هاوڕێکەم پرسی، پێی وتم ئەمە میوزیکی کوردییە. بۆیە ئێستا زۆر بە پەرۆشم کاتێک گەڕامەوە ئیتاڵیا زیاتر گوێ بگرم و زیاتر لەبارەی خەڵکی کورد بزانم".
 
ئەندریا گریمینێلی، ژەنیاری فلوت بە رووداوی گوت: "ئەمە میوزیکی ئێوە نییە، بەڵام هەوڵم دا کەمێک میوزیکی جیاواز تێکەڵ بکەم بە هیوای ئەوەی چێژی لێ ببینن. بینیم هەندێکیان ڤیدیۆیان تۆمار دەکرد و زۆر بە جۆش و خرۆش بوون".
 
لەبارەی کارکردنی لەگەڵ ئەندریا بۆچێلی، گۆرانیبیژ و ئۆپێرابێژێ ئیتاڵی، گریمینێلی گوتی: "من ئەوم کاتێک ناسی کە هێشتا بەناوبانگ نەبوو، ئێمە هاوڕێی زۆر باشی یەکین. ئەو داوای لێکردم هەندێک لە گۆرانییەکانی بۆ بژەنم. زۆر چێژ لەوە دەبینم کە گەشتی لەگەڵ بکەم".
 
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە لەم گەشتەدا هاوژینەکەی لەگەڵدایە، بەڵام "بەگشتی بە تەنیا گەشت دەکەم و پێم خۆشە لەگەڵ پاڤارۆتی و بۆچێلی گەشت بکەم".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دووبارە سەردانکردنی بۆ کوردستان، ئەندریا گریمینێلی گوتی: "بەدڵنیاییەوە پێم خۆشە بگەڕێمەوە. بە وەزیری رۆشنبیریشم گوت کە پێمان خۆشە چەند رۆژێکی دیکەش بمێنینەوە تاوەکو چێژ لە شارەکەتان و خەڵکەکەتان وەربگرین".
 
کۆنسێرتەکە، رۆژی شەممە 13ـی کانوونی یەکەمی 2025 بە هاوبەشی لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هۆڵی پێشەوا سازکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە