رووداو دیجیتاڵ
رۆنیا عوسمان، کچە شاعیر و رۆماننووسی دیاری ئەڵمانیا کە باوکی کوردێکی ئێزدیی رۆژئاوای کوردستانە و دایکی ئەڵمانییە، لە رێگەی نوێترین کتێبییەوە بەناوی "74"، بە زمانێکی ئەدەبی و دۆکیۆمێنتاریانە قووڵ دەبێتەوە لە مژاری هەستیاری 74ـەمین فەرمان (جینۆساید)ـی سەر ئێزدییەکان.
رۆنیا کە لە ساڵی 1993 لە باشووری ئەڵمانیا لەدایکبووە، لە بەرهەمەکانی دا بەردەوام پرسی کورد و کوردستان ئامادەیی هەیە. ئەو لەبارەی کتێبی "74"ـەوە دەڵێت، هەوڵێک بووە بۆ گەیاندنی خەم و ئازاری کوردی ئێزدی بە خوێنەرانی ئەڵمانیا و جیهان، بەتایبەتی ئەو نەهامەتییانەی لە بابەتی باوەڕ، رەسەنایەتی و تووندوتیژیی سێکسی رووبەڕوویان بووەتەوە.
"ئاسمان بەسەر زەوی دا نەڕووخا، بەڵام کۆتایی بوو"
رۆنیا لەبارەی شێوازی نووسینی کتێبەکەوە دەڵێت: "بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکە پێویستم بە شێوازێکی نووسینی جیاواز هەبوو تاوەکو بتوانم راستیی رووداوەکان و هەستە قووڵەکان بگەیێنم."
لە بەشێکی کتێبەکەدا کە ئاماژەیە بۆ هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال لە 3ی ئابی 2014، رۆنیا دەنووسێت: "هەمیشە پێموابوو کاتێک ئاسمان بەسەر زەویدا دەڕووخێت، ئیتر ئەوە کۆتایی دەبێت، لە 3ی ئابی 2014 دا ئاسمان بەسەر زەویدا نەڕووخا، سەرەڕای ئەوەش کۆتایی بوو."
لە رۆژنامەڤانییەوە بۆ رۆماننووسین
جگە لە رۆماننووسین، رۆنیا ستووننووسە لە رۆژنامەی بەناوبانگی "فرانکفۆرتەر ئاڵگماینە زایتونگ" کە رۆژانە 170 هەزار دانەی لێ چاپ دەکرێت. ئەو دەڵێت، بۆ گوتنی ئەوەی لە خەیاڵیدایە، لەنێوان رۆژنامەنووسی، شیعر و رۆماندا هاتوچۆ دەکات.
لە رۆمانێکی دیکەی دا بەناوی "هاوین"، رۆنیا باس لە کچێکی ئێزدی دەکات بەناوی (لەیلا). سەبارەت بە پەیوەندیی خۆی بەم کارەکتەرەوە، روونی دەکاتەوە: "رووداوەکانی رۆمانەکە لە گوندەکەی باوکم لە رۆژئاوای کوردستان روودەدەن. دەربارەی ئەوەی ئایا لەیلا منم؟ نەخێر، بەڵام دەکرێت لە هەر کاراکتەرێکدا بڕێک لە من هەبێت."
کاریگەریی چیرۆکەکانی باوک
ئەو کچە نووسەرە ئاماژە بەوە دەکات، بە منداڵی لەگەڵ چیرۆکی ئازار و ئەشکەنجەی خێزانەکەی لەژێر دەستی رژێمی ئەسەد و چیرۆکی هەڵاتنی باوکی لەڕێگەی تورکیاوە گەورە بووە؛ ئەم چیرۆکانە بوونەتە هەوێنی بەرهەمە ئەدەبییەکانی و وایکردووە بە وشە و کولتووری کوردی لەنێو زمانی ئەڵمانیدا، ببێتە دەنگێک بۆ ناساندنی نادادپەروەریی بەرامبەر بە کورد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ