رووداو دیجیتاڵ
بە درووشمی (ژیان بێ هونەر تابلۆیەکی بێ رەنگە)، مامۆستایانی هونەر لە سنووری پەروەردەی رانیە؛ پێشانگەیەکی شێوەکارییان کردەوە، تێیدا 30 مامۆستا بە 140 تابلۆی هونەری بەشدارن.
پێشانگەکە دەرفەتێکی ساڵانەیە بۆ مامۆستایانی وانەی هونەر تاوەکو لە دەرەوەی پۆل و وانەکان، تواناکانی خۆیان دەربخەن.
فاتیمە حەسەن، یەکێکە لە مامۆستایانی بەشداربووی پێشانگەکە، بە رووداوی راگەیاند: "کارێکی زۆر باشە کە ساڵانە ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنرێتەوە بۆ مامۆستایان، تاوەکو بتوانن توانا و بەهرەی خۆیان بە تابلۆیەک دەرببڕن و پێشکەشی بکەن".
بە بڕوای بەشێک لە مامۆستایان ئەم جۆرە چالاکییانە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هونەرییان هەیە. بەیان عومەر، مامۆستای هونەر دەڵێت: "بێگومان بەرەوپێشچوونێکی زۆر بە بەرچاوی خۆتەوە دەبینیت، چونکە کە دێیتە ئێرە هەر یەک لەو کارانە دەبینیت، بۆ ساڵانی داهاتوو سوودی لێ دەکەیت و وات لێدەکات چاوکراوەتر بیت بۆ ساڵێکی دیکە کە بەتەما بیت و بتەوێت بەشداری لە پێشانگەکاندا بکەیت".
سەبارەت بە وردەکاریی کارەکان، رابەر رۆستەم، سەرپەرشتیاری پێشانگەکە ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 140 بەرهەم لە پێشانگەکەدا نمایش کراون. گوتیشی: "ئەم کارە کە ساڵانە دەکرێتەوە؛ بۆ دەرخستنی توانای مامۆستایە، مامۆستا لە رێگەی بیرۆکەوە وێنەکان گوزارشت دەکەن. هەوڵ دەدەن بیرۆکەی جیاوازتر بخەنە سەر کارە هونەرییەکان، لە هەمانکاتدا بۆ وانە هونەرییەکان دەستەیەکیشی تێدایە، بۆ ئەوەی بتوانێت رەنگدانەوەی خۆی و تواناو ئاستی خۆی نیشان بدات".
لە هۆڵەکەدا سەتان چیرۆک بەبێ دەنگی قسە دەکەن. ئەوەی مامۆستایانی هونەر پێشانیاندا، ئەوەیە کە هونەر تەنیا وانەیەک نییە لە خشتەی هەفتانەدا، بەڵکو ئەو رەنگەیە کە مانا دەبەخشێتە ژیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ