گییێرمۆ دێل تۆرۆ خەڵاتی پاڵم سپرینگزی وەرگرت و کۆچی دوایی براکەی راگەیاند

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن گییێرمۆ دێل تۆرۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گییێرمۆ دێل تۆرۆ، دەرهێنەری مەکسیکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار، لە کاتی خەڵاتکردنی لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی فیلمی پاڵم سپرینگز، هەواڵی کۆچی دوایی برا گەورەکەی راگەیاند.
 
بەربەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026 لە پاڵم سپرینگز لە کالیفۆرنیا، لە رێوڕيسمی ساڵانەی خەڵاتەکانی فیلمی پاڵم سپرینگز، خەڵاتی دیدگەی سینەمایی بە گییێرمۆ دێل تۆرۆ بەخشرا؛ وەک رێزلێنانێک بۆ کارە داهێنەرەکانی لە جیهانی سینەمادا.
 
لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا، ئەستێرەکانی فیلمە نوێیەکەی بە ناوی (Frankenstein) کە بریتین لە ئۆسکار ئایزاک، جەیکۆب ئێلۆردی و میا گۆس، لەسەر تەختەی شانۆ لەگەڵیدا بوون. 
 
دێل تۆرۆ لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە فیلمی (Frankenstein) ئەو بەرهەمەیە کە بەردەوام خەونی پێوە بینیوە و گوتی: "لەو بروایەدام هەرکەسێک لەگەڵ یەک دوو گۆرانی لەدایک دەبێت کە دەبێت بیڵێت؛ فرانکێنشتاین ئەو گۆرانییە بوو کە من بۆ گوتنی لەدایکبووم".
 
ئەو دەرهێنەرە تەمەن 61 ساڵە، ئامادەبووانی رێوڕەسمەکەی تووشی سەرسوڕمان کرد کاتێک ئاشکرای کرد، تەنیا سێ رۆژ پێش ئێستا برا گەورەکەی کۆچی دوایی کردووە. دێل تۆرۆ بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە گوتی: "من لێرەم، چونکە ئەم فیلمە باس لە دۆخێکی تەواو مرۆیی دەکات؛ ئەویش ئەوەیە کە رەنگە دڵ بشکێت، بەڵام شکاوەکان بەردەوام دەبن لە ژیان. تەنانەت دڵێکی شکاویش خوێن پاڵپێوە دەنێت و وات لێدەکات بەردەوام بیت".
 
دێل تۆرۆ باسی لە پەیوەندیی نێوان خۆی و براکەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەوان لە منداڵییەوە پێکەوە یارییان بە کارەکتەرەکانی ناو چیرۆکی فرانکێنشتاین کردووە و ساڵانێکی زۆر پێش ئێستا گەیشتبوونە ئاشتی و لێبوردەیی لەگەڵ یەکدیدا.
 
ئاماژەی بە ئەکتەرەکانی فیلمەکەی کرد و رایگەیاند، ئەوان وەک خێزانی نوێی ئەو وان، هەر بۆیەش نەیویستووە لەو رێوڕەسمەدا ئامادە نەبێت. گوتیشی: "ژیان لە رێگەیدا خێزانێکت پێدەبەخشێت".
 
ئەگەرچی دێل تۆرۆ ئاماژەی بە هۆکاری مردن یان ناوی براکەی نەکرد، بەڵام رایگەیاند، رەنگە لە بەشێکی زۆری رێوڕەسمەکانی وەرگرتنی خەڵات لەم وەرزەدا بەهۆی ئەو ماتەمینییەوە ئامادە نەبێت، بەڵام ویستوویەتی لە پاڵم سپرینگز بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ و جۆرج کلوونی

جۆرج کلوونی وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: لە تشرینی دووەم دەستپێدەکەین

جۆرج کلوونی، ئەکتەری ئەمریکی، وەڵامێکی تووندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە، دوای ئەوەی ترەمپ بەهۆی وەرگرتنی رەگەزنامەی فەرەنسی هێرشی کردبووە سەر ئەو ئەکتەرە و ئەمەل کلوونیی هاوژینی.