نادیە یاسین گۆرانییەکی دوێت بە زمانی ئەفغانی بڵاودەکاتەوە

04-02-2023
پەسار فایەق
نادیە یاسین لە ڤیدیۆکلیپی 'سەنما'
نادیە یاسین لە ڤیدیۆکلیپی 'سەنما'
نیشانەکردن نادیە یاسین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نادیە یاسین، هونەرمەندی کورد، بەرهەمێکی نوێی دوێت لەگەڵ ئێحسان، هونەرمەندی ئەفغانی بە زمانی ئەفغانی بڵاودەکاتەوە.
 
گۆرانییەکە بەناوی 'سەنما'یە، لە کەنەدا کاری میوزیک و تۆماری بۆ کراوە و لە تێکستی ئوستاد شادکەمە.
 
ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی ئومێد نیکزادە و لە 14ـی شوباتی 2023 لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە بەناوی 'نادیە میوزیک' و هەژمارە تایبەتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێتەوە.
 
نادیە یاسین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: 'خۆشحاڵم جارێکی دیکە بە بڵاوکردنەوەی نوێترین بەرھەم بەناوی 'سەنەما' بە زمانی ئەفغانی -شێوەزاری داری-، جیاوازتر دێمەوە خزمەتتان'.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، 'سەنەما' ناوێکی لێکدراوە و پێکھاتووە لە دوو وشەی، 'سەنە' واتا درەوشانەوە و 'ما'ـش واتا مانگ، کە پێکەوە مانای تریفەی مانگ دەبەخشێت.
 
ئەو هونەرمەندە کوردە کە دانیشتووی کەنەدایە، روونیشیکردەوە: "تریفەی مانگ بۆ من گوزارشت لە خۆشەویستی دەکات، چونکە وەک چۆن تاریکی شەوان رووناک دەکاتەوە، بە ھەمان شێوە تەنیا خۆشەویستییە بتوانێت تاریکی ژیانمان رووناک بکاتەوە".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "لە رۆژی خۆشەویستیدا، 'سەنەما' پێشکێش بە ئێوەی ئازیز دەکەم، تاکوو ھەر کاتێ گوێتان لێبوو، وەک تریفەی مانگ لە شەوەزەنگان بیرتان بێتەوە و بەردەوام خۆشەویستی بە ژیان و ئازیزانتان ببەخشن، ھەرچەند رۆژەکان رەش و تاریک بن". گوتیشی: "با منیش ھەر بەو بۆنەوە بە ئازیزان و ھەواداران رابگەیەنمەوە کە خۆشمدەوێن".
 
ئەو گۆرانیبێژە کوردە، بۆ ماوەیەک لە کاری هونەری دوورکەوتەوە، لەمبارەیەوە دەڵێت: "حەزم کردووە بەردەوام گرنگی بە خێزانەکەم بدەم، ئەو بەرپرسیاریەتییە لەلای من لە هەموو شتێکی دیکە بۆ من پیرۆزترین و گرنگترینە، ئێستا ئەو بەرپرسیاریەتییەم کەمتر بووەتەوە و دەتوانم دووبارە بگەڕێمەوە سەر ئەشقی منداڵیم کە هونەرە".
 
نادیە یاسین، لە تەمەنی چوار ساڵییەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی کوردستانی جێهیشتووە و زیاتر لە 30 ساڵە لە کەنەدا دەژی، 12 بەرهەمی هەیە، لەوانە ئەلبوومێکی گۆرانی بەناوی 'نیشتمان تۆم لەبیرە' کە لە حەوت تراکی گۆرانی پێکهاتووە و لە 2003 بڵاوکرایەوە، یەکێک لە تراکەکانی بەناوی 'شادم شادم و میسینگ یو'یە و بە زمانی ئینگلیزی گوتراوە.
 
ئەو هونەرمەندە چەند گۆرانییەکی تاکی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە 'هۆی نێرگز' کە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە 2012 بڵاوکرایەوە، هەروەها گۆرانی 'بە تەنیام' لە 2014، 'ناژیم' لە 2016، 'دێ هندا بن' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە 2017 و 'Crazy' بە زمانی ئینگلیزی لە 2018 بڵاوکردەوە. جگە لە گۆرانیگوتن، وەک بەڕێوەبەری بانک کاری کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە