رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە شێروان عەبدوڵڵا دیار نەماوە و دەگوترێت لەکاتی رۆیشتن بۆ ئەڵمانیا بە رێگەی قاچاخ، لە تورکیا دەستگیرکراوە. براکەی دەڵێت، ''شێروان گوتوویەتی دەبێ فریام بکەوی. دۆخم خراپە و لە دەستگیرکراوەکانی دیکە جیاکراومەتەوە، بەڵام نازانم بۆچی.''
ئەمڕۆ دووشەممە 04-09-2023، مەریوان عەبدوڵڵا، برای شێروان عەبدوڵڵا، هونەرمەندی میللیی هەرێمی کوردستان لەبارەی دیارنەمانی براکەی بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''27ـی مانگی رابردوو، شێروان لەکاتێکدا بە رێگەی قاچاخ بەرەو ئەڵمانیا دەڕۆیشت، لە ئیستەنبووڵ دەستگیرکرا."
وەک مەریوان عەبدوڵڵا گوتی، چوار رۆژ لەمەوبەر شێروان عەبدوڵڵا لە رێگەی مۆبایلی پۆلیسێکەوە پەیوەندی پێوە کردووە و گوتوویەتی، هیچ زانیارییەکی لەبارەی شوێنی راگرتنی نییە و نازانێت لە کوێیە؛ ''گوتیشی پێنج یان شەش کاژێر چاوم بەسترابوو" و دواتر تەلەفۆنەکەی لێ وەرگیرا و نەیتوانی قسەکانی تەواو بکات.
بەگوتەی براکەی، تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنی شێروان عەبدوڵڵا روون نییە، ''بەڵام لە کاتی دەستگیرکردنی، ناوی خۆی بە هەڵە داوەتە پۆلیس. ئەو پۆلیسەش کە پەیوەندی بە ئێمەوە کرد، گوتی شێروان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بەرەو سنووری ئەردەخان"ی باکووری کوردستان نێردراوە.
شیروان عەبدوڵڵا پێشتر لە دەرەوە بوو و ماوەی ساڵێک بوو گەڕابووەوە هەرێمی کوردستان.
مەریوان عەبدوڵڵا لەبارەی هۆکاری گەڕانەوەی براکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''لەوێ تووشی هەندێک نەخۆشی هاتبوو، بۆیە بڕیارمان دا بێتەوە لای خۆمان. ئەو کاتەی کە دەهاتەوە، مۆڵەتی مانەوەیان بۆ نوێکردنەوە لێ وەرگرتبووەوە و تەنیا پسووڵەیەکیان پێدابوو و بەو پسووڵەیە هاتەوە؛ بۆیە ئێستاش کە ویستوویەتی بگەڕێتەوە ئەڵمانیا، ناچار بوو بە رێگەی قاچاخ بگەڕێتەوە.''
لەو ماوەیەی شێروان عەبدوڵڵا لە تورکیا بوو، ڤیدیۆیەکی لە ئیستەنبووڵ تۆمارکرد کە تێیدا گۆرانی کوردی دەڵێت، برایەکەی ئاماژەیدا ''رەنگە دەستگیرکردنەکەی بەوهۆیەوە بووبێت، چونکە براکەم هیچ گرفتێکی دیکەی نەبووە.''
مەریوان عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو، ''شێروان پێی راگەیاندووم دۆخی خراپە و دەبێ فریای بکەوم، چونکە نازانێت بۆچی لە دەستگیرکراوەکانی دیکە جیاکراوەتەوە، لەوەش زیاتر هیچ هەواڵێکمان لەبارەی نییە''؛ گوتیشی، لە رێگەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەوڵی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ