رووداو دیجیتاڵ
رێکخەرانی فیستیڤاڵی میوزیکی گلاستنبێری رایانگەیاند، پۆل مەکارتنی، گۆرانیبێژی بەریتانی و ئەندامی پێشووی گرووپی بیتڵز، لە چالاکییەکانی ئەمساڵ فیستیڤاڵەکەدا بەشدار دەبێت.
فیستیڤاڵەکە هەروەها ئاماژەی بە ناوی دوو گۆرانیبێژی دیکەی درەوشاوەی نێو میوزیک و گۆرانی جیهان کردووە، ئەویش کێندرک لامار، راپەری ئەمریکی و بێڵی ئایڵش، گۆرانیبێژی ئەمریکییە، هەرچەند ناوی ئایڵش پێشتر ئاشکرا کربوو.
مەکارتنی، دوایین جار لە 2004 لەو فیستیڤاڵەدا بەشداربووە و بڕیاربوو لە 2020 جارێکی دیکە بەشداربێتەوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، فیستیڤاڵەکە بەڕێوە نەچوو.
مەکارتنی، لە 25-6-2022 کۆنسێرتەکەی لە فیستیڤاڵی گلاستنبێری بەڕێوەدەچێت و ئەوکات تەمەنی دەبێت بە (80) ساڵ و یەک هەفتە.
گلاستنبێری، بە یەکێک لە گرنگترین فیستیڤاڵە میوزیکییەکان لە بەریتانیا و جیهاندا دەناسرێت، چالاکییەکانی لە 22 تاوەکو 26 حوزەیرانی ئەمساڵ لە گوندی پیلتۆن لە بەریتانیا سازدەکریت.
فیستیڤاڵی گلاستنبێری بۆ هونەری شانۆی هاوچەرخ، لە نێو هەوادارانیدا بە 'گلاستۆ' دەناسرێت، تێیدا میوزیک، گۆرانی، سەما، شانۆ و سێرک پیشکێش دەکرێن، ساڵانە 200 هەزار کەس تێیدا بەشدار دەبن، لە 1994 ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد و زیاتر لە 300 هەزار کەس بەشداربوون.
فیستیڤاڵەکە ساڵانە چەندین ملیۆن پاوەند قازانج دەکات و بۆ کاری خێرخوازی تەرخان دەکرێت و ئەوانەی تێیدا کاردەکەن کەسانی خۆبەخشن.
یەکەم خولی فیستیڤاڵەکە لە 1970 دەستپێکرد و تاوەکو 1981 بەشێوەی پچڕ پچڕ بەڕێوەچوو، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 2020 و 2021 بەڕێوە نەچوو.
پۆل مەکارتنی، لە 18-6-2022 لە لیڤەرپوول بەریتانیا لە دایکبووە، گۆرانیبێژ و ژەنیاری گیتاری پێشووی گرووپی بیتڵزە، لە تەمەنی نەجوانییەوە فێری ژەنینی پیانۆ و گیتار بووە و هەر لەو تەمەنەش تێکستی گۆرانی نووسیووە.
باوکی ژەنیاری گیتار بووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەو هەبووە و بۆیە رووی لە کاری هونەری کرد.
دەستپێکی کاری هونەریی لە 1957 بووە و بووەتە ئەندامی گرووپی قۆریێمن کە لە 1960 بوو بە گرووپی بیتڵز.
لە 1970 لە گرووپی بیتڵز جیابووەوە و گرووپی وینگزی لەگەڵ هاوژینی یەکەمی لیندا و دێنی لەین دامەزراند، لە 1980 گەشتێکی هونەریی بە تەنیا ئەنجامدا و چەندین کۆنسێرتی لە بەریتانیا و ئەمریکا لەخۆگرت.
تێکستی 32 گۆرانی نووسیووە کە لە سەت پڕ بیستراوترین گۆرانییەکانی لیستی بیلبۆرد بووە، لە 2009ـدا 25 ملیۆن و 500 کۆپی لە بەرهەمەکانی لە ئەمریکا فرۆشران، براوی خەڵاتێکی ئۆسکار و 18 خەڵاتی گرامییە.
مەکارتنی لە 2020 وەک یەکێک لە دەوڵەمەندترین گۆرانیبێژانی جیهان ناسێندرا و سامانی 800 ملیۆن پاوەند بوو.
بیتڵز، گرووپێکی میوزیکی رۆکی بەریتانییە، لە 1960 لە لیڤەرپوول دامەزراوە، بە گرنگترین گرووپی میوزیکی لە مێژووی میوزیکی بەریتانیا و جیهاندا دەناسرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ