تۆم کروز لە رێگەی ئیلۆن مەسک 'Mission: Impossible' دەباتە بۆشایی ئاسمان

05-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن تۆم کروز ئیلۆن مەسک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خەونە گەورەکەی تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی، بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم ئەکتەر لە مێژوودا فیلمێکی سینەمایی لە بۆشایی ئاسمان وێنەبگرێت، تا دێت نزیکتر دەبێتەوە. بەم دواییە ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی ئاشکرای کرد، گفتوگۆکان لەبارەی وێنەگرتنی بەشی نوێی زنجیرە فیلمی"Mission: Impossible"  لە بۆشایی ئاسمان کراوە.
 
ئیلۆن مەسک رایگەیاند، حەز دەکات تۆم کروز بنێرێتە بۆشایی ئاسمان. گوتیشی، دەیەوێت ئەرکێکی مەحاڵ ئەنجام بدات و گفتوگۆیان لەبارەی وێنەگرتنی بەشێکی نوێی "Mission: Impossible" کردووە. 
 
ئەمە بۆ جاری یەکەم پشتراست دەکرێتەوە کە پڕۆژەکە ئەنجام دەدرێت، بەڵام مەسک دڵێت، هێشتا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە، چونکە مەسک دەڵێت، دڵنیا نییە لەوەی تۆم کروز بیری لە چی دەکاتەوە و پڕۆژەکە پێویستی بە چی دەبێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پرۆژەکە هێشتا لە قۆناغی بیرۆکە و گفتوگۆدایە.
 

پێشتر دۆنا لانگلی، سەرۆکی ستۆدیۆکانی یونیڤێرساڵ بۆ بەرهەمهێنانی سینەمایی، ئاماژەیان بەوە دابوو کە وێنەگرتنی فیلمێک لە بۆشایی ئاسمان، پرۆژەیەکی جیاوازە و پەیوەندی بە زنجیرەی "Mission: Impossible"ـەوە نییە. دواکەوتنی پرۆژەکەش بە پلەی یەکەم بۆ سەرقاڵبوونی تۆم کروز بووە بە وێنەگرتنی فیلمی دیکەی.
 

هاوکات، ئیلۆن مەسک جەختی لەسەر توانای تەکنیکیی کۆمپانیاکەی کردەوە و ئاشکرای کرد کە "سپەیس ئێکس" پلانی هەیە لە ماوەی مانگێکی دیکەدا کەشتیی ئاسمانیی "Starship" هەڵبداتە بۆشایی ئاسمان. ئەم کەشتییە کە بۆ دروستکردنی بنکەی هەمیشەیی لەسەر مانگ و گەیشتن بە مەریخ دیزاین کراوە، نیشانەی ئامادەیی و توانای تەکنیکیی سپەیس ئێکسە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی لەم شێوەیە مەزن و مێژووییە.
 

تۆم کروز لە 2023 بە میدیاکانی راگەیاند، پلانی ئەوەی هەیە بەشێکی بەشی نوێی زنجیرە فیلمەکە، لە بۆشایی ئاسمانی وێنەبگرێت.
 
کروز ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو: "تەنیا بیر لەوە دەکەمەوە چۆن شتێكی ناوازە بۆ بینەران بکەم، ئەوەش لە رێگەی ئەو فیلمانەی کە کریستۆفەری دەرهێنەر بەرهەمیان دێنێت؟ چۆن بتوانم وا لە کریستۆفەریش بکەم بچێتە قووڵایی چیرۆکی فیلمە سینەماییەکەوە تاوەکو شتێكی ناوازە بە هەستێكی باڵا بەرهەمبێنێت".
 

"Mission: Impossible - Final Reckoning" نوێترین بەشی ئەم بەرهەمە سینەماییە کە لە 23ـی ئایاری 2025 لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوکرایەوە، داهاتی گەیشتووەتە 566 ملیۆن و 845 هەزار دۆلار.
 
لەو داهاتە 187 ملیۆن و 903 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 378 ملیۆن و 941 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا بەدەستهێناوە، بەمەش بووەتە یەکێک لە فیلمە بەهێزەکانی ئەمساڵ.
 

ئەم بەرهەمە سینەماییە هەشتەمین بەشی زنجیرە فیلمی "Mission Impossible"ـە، ئەمساڵ لە دەرەوەی پێشبڕکێی 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا پێشاندرا. دواتر لە لەندەن پێشاندانی تایبەتی بۆ کرا و دوایین وێستگەی ناساندنی فیلمەکە بوو لە ئەورووپا.
 

یەکەم بەشی "Mission Impossible" لە 1996 بەرهەمهێنراوە، دووەم بەشی لە 2000 بەرهەمهاتووە، سێیەم بەشی لە 2006، چوارەم بەشی 2011، پێنجەم بەشی لە 2015، شەشەم بەشی لە 2018 بڵاوکرایەوە، چیرۆکی حەوتەم بەشی "Mission: Impossible - Dead Reckoning"، لە دوو بەش پێکدێت، یەکەمیان لە 2023 و دووەمیشیان لە 2025 بڵاوکرایەوە و وەک هەشتەم بەشیش دەناسرێت.
 

"Mission Impossible" لە 1966 تاوەکو 1973 وەک زنجیرەی تەلەڤزیۆنی پێشکێشکراوە.
 

تۆم کروز، لە 3ـی تەممووزی 1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
 
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
 
ئەو ئەکتەرە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی "Business" لە 1986، فیلمی  "The Color of Money"  لە 1986 و فیلمی "Born on the 4th of July" لە 1988.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماتیۆ پێری، ئەکتەری ئەمریکی - کەنەدی

پزیشکێک بەهۆی مردنی ئەستێرەیەکی (Friends) زیندانیکرا و سێی دیکەش دادگەیی دەکرێن

پزیشکێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ماددەی 'کیتامین'ـی بۆ ماتیۆ پێری، ئەستێرەی زنجیرەی (Friends) دابینکردبوو، سزای 30 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ئەو ئەکتەرە سزا بدرێت.