فیلمە نوێیەکەی تۆم کروز 883 هەزار دۆلاری لە ئۆکراینا بەدەستهێناوە

15-06-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن تۆم کروز The Final Reckoning
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای شەڕی درێژخایەنی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، فیلمی " Mission: Impossible - The Final Reckoning" 883 هەزار و 810 دۆلاری لە سینەماکانی ئۆکراینا بەدەستهێناوە.
 
بەشی نوێی "Mission: Impossible" لە 21ـی ئایاری 2025ـەوە لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت، کۆی داهاتی 459 ملیۆن و 470 هەزار دۆلارە. 
 
تۆم کروز بەوە ناسراوە سەرکێشی زۆر ترسناک لە فیلمەکانیدا ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لەم بەرهەمەیدا.
 
ئەو ئەکتەرە جیهانییە، بە بەشی هەشتەمی زنجیرە فیلمی "Mission Impossible"، لە 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بەشدار دەبێت و لە 14ـی ئایاری 2025 لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی پێشاندرا.
 
کروز لە 1992 بە فیلمی "Far and Away" و لە 2022 بە فیلمی "Top Gun: Maverick"، لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربووە، ئەمجارە دەبێتە سێیەم بەشداریی لەو رووداوە گرنگە سینەماییەدا. لە دووەم بەشدارییدا؛ خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی وەک رێزێک لە تەواوی کار و بەرهەمەکانی پێبەخشرا.
 
 "Mission Impossible"زنجیرە فیلمێکی سینەماییە و یەکەم بەشی لە 1996 بەرهەمهێنراوە، دووەم بەشی لە 2000 بەرهەمهاتووە، سێیەم بەشی لە 2006، چوارەم بەشی 2011، پێنجەم بەشی لە 2015، شەشەم بەشی لە 2018 بڵاوکرایەوە، چیرۆکی حەوتەم بەشی "Mission: Impossible - Dead Reckoning"، لە دوو بەش پێکدێت، یەکەمیان لە 2023 بڵاوکرایەوە و دووەمیشیان لە 2025 بڵاوکرایەوە و دەبێتە هەشتەمین بەشی.
 
"Mission Impossible" لە 1966 تاوەکو 1973 وەک زنجیرەی تەلەڤزیۆنی پێشکێشکراوە.
 
تۆم کروز، لە 3ـی تەممووزی 1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
 
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
 
ئەو ئەکتەرە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی "Business" لە 1986، فیلمی "The Color of Money" لە 1986 و فیلمی "Born on the 4th of July" لە 1988.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماتیۆ پێری، ئەکتەری ئەمریکی - کەنەدی

پزیشکێک بەهۆی مردنی ئەستێرەیەکی (Friends) زیندانیکرا و سێی دیکەش دادگەیی دەکرێن

پزیشکێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ماددەی 'کیتامین'ـی بۆ ماتیۆ پێری، ئەستێرەی زنجیرەی (Friends) دابینکردبوو، سزای 30 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ئەو ئەکتەرە سزا بدرێت.