نمایشکردنی فیلمی (هیچ) لە سینەماکانی باشووری کوردستان دەستپێدەکات

06-06-2025
پەیمان محەممەد
دیاکۆ بایز، دەرهێنەری فیلمی (هیچ).
دیاکۆ بایز، دەرهێنەری فیلمی (هیچ).
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمڕۆوە فیلمی ''هیچ'' لە سینەماکانی باشووری کوردستان نمایش دەکرێت. رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە. دەرهێنەرەکەی دەڵێت، ''جێگەی دڵخۆشییە میدیایەکمان هەیە لە تیمی خۆمان زیاتر پەرۆشی کارەکەیەتی و خەمخۆری هونەرە.''
 
رۆژی هەینی 06-06-2025، نمایشکردنی فیلمی "هیچ" لە سینەما ئێمپایەری هەولێر، سیتی سینەمای سلێمانی، سینەما ماکسی دهۆک مۆڵ، هۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی کەرکووک و سینەمای شین لە سۆران دەستپێدەکات و رۆژانی دواتریش بەردەوام دەبێت.
 
دیاکۆ بایز، دەرهێنەری فیلمەکە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''دەمانزانی پێشوازی لە فیلەمەکە باش دەبێت، بەڵام نەوەک تاوەکو ئەو رادەیە.''
 
پێشتر لە رۆژانی چواری حوزەیران لە هەولێر و 5ـی حوزەیران لە سلێمانی نمایشکردنی تایبەت بۆ فیلمی ''هیچ'' کراوە. دیاکۆ بایز، لەبارەی تێبینیی ئەو کەسانەی فیلمەکەیان بینوە گوتی، ''تێبینییەکان زیاتر ئەرێنی بوون. سیناریۆکە زۆر سەرنجی بینەرانی راکێشابوو، چونکە بە شێوەیەکی جیاواز نووسراوە.''
 
بەگوتەی دەهێنەری فیلمەکە، شێوەی سیناریۆ و گێڕانەوە، هەروەها جیاوازیی بۆچوون لەبارەی ئەو کارەساتانەی بەسەر کورددا هاتوون، ''هیچ'' لە فیلمەکانی دیکە جیا دەکاتەوە. ''ئێمە نەهاتووین خودی کیمیابارانەکە پیشان بدەین، بەڵکو کاردانەوەکەی لە ژیانی ئێستادا خراوەتەڕوو''.
 
زۆربەی فیلمە کوردییەکان باس لە گۆشەیەکی ئەو کارەساتانە دەکەن کە بەسەر کورددا هاتوون. دەرهێنەری فیلمی هیچ هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە، ''زۆربەی ئەو چیرۆکانەی لەبەر دەستماندان، چیرۆکی کارەساتن، واتا مێژووی خۆمان بەو شێوەیەیە.''
 
دیاکۆ بایز لەبارەی چۆنیێتی هەڵبژاردنی ئەکتەرەکان دەڵێت، ''کاتێک چیرۆکێک دەنووسیت، نزیکبوونی ئەو ئەکتەرانەی هەڵدەبژێردرێن لە کارەکتەرەکانی نێو چیرۆکەکە زۆر گرنگە. بۆ فیلمی هیچ، لەوبارەوە باشترین کەسەکان هەڵبژێردراون.''
 
وەک ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی پێدا، ''بۆ دڵنیابوونەوەی خۆمان، کارەکەمان بۆ لیژنەیەکی شارەزا لە تاران نارد، زۆریان بەدڵ بوو و ئەوە جێگەی شانازییە بۆ ئێمە.''
 
دیاکۆ بایز جەختی لەوە کردەوە، ''ئێستا دەتوانین بۆ بەرهەمهێنانی فیلم رکابەریی وڵاتانی چواردەورمان بکەین، ئەوەش خۆی هەنگاوێکی باشە بۆ سینەمای کوردی.''
 
''هیچ''، ماوەکەی یەک کاژێر و 47 خولەکە، بەرهەمی کەڤاڵ پڕۆدەکشەنە و شەیما فاتیح بەرهەمهێنەریەتی. تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی نمایشکردنی فیلمەکەیە.
 
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بە رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، ''زۆر لەگەڵمان هیلاک بوون. جار هەبوو چواری شەو تەلەفۆنم بۆ دەهات، بینیومە بەمشوورن بۆ کارەکە. جێگەی دڵخۆشییە میدیایەکمان هەیە خەمخۆری هونەرە و دەتوانم بڵێم لە تیمی خۆمان زیاتر پەرۆشی فیلمەکە بوون''.
 
"هیچ" باس لە بەسەرهاتی کوڕێکی هەژار دەکات بە ناوی هەردی کە شۆفێری تاکسییە. هەردی بە رێکەوت لەگەڵ ژنێک بەناوی بەهار ئاشنا دەبێ و بەهۆی ئاشنایەتییەکەوە تێدەگات کە هاوژینی بەهار پێویستی بە گورچیلەیە و نەخۆشە؛ هەردی ئامادەیی دەردەبڕێ گورچیلەی خۆی بداتە هاوژینی بەهار، دوای نەشتەرگەری و بەخشینی گورچیلەیەکی چیرۆکێکی نەبیستراو ئاشکرا دەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە