رووداو دیجیتاڵ
بەشی نوێی زنجیرە فیلمی 'Transformers' بەناوی 'Transformers: Rise of the Beasts' کە لە 9ـی حوزەیرانی رابردووەوە لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت، داهاتی لە 400 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی نزیکدەبێتە.
ماوەی فیلمەکە دوو کاژێر و حەوت خولەکە و بەرهەمی کۆمپانیای پاڕامۆنت پیکچەرزە، داهاتی لە بۆکس ئۆفیسی جیهانیدا 385 ملیۆن و 14 هەزار دۆلارە.
داهاتی بەرهەمەکە لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 139 ملیۆن و 814 هەزار دۆلار و داهاتی لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا 245 ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە.
'Transformers: Rise of the Beasts' ناوی بەشی حەوتەمی زنجیرە فیلمەکەیە، دوای بڵاوبوونەوەی ترەیلەرەکەی لە لایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنرەوە، توانی سەرنجی بینەران بەلای خۆیدا رابکێشێت و چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێش لەخۆدەگرێت و تیشک دەخاتە سەر ململانێیەکی بەهێز کە چەندین کیان و هێزی نوێ تێیدا دەردەکەون.
لە فیلمەکەدا، ژمارەیەک ئەستێرەی سینەمای جیهان بەشدارن، لەوانە میشێڵ یوهـ کە براوەی خەڵاتی ئۆسکاری باشترین ئەکتەری ژنە لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاری 2022.
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە بەناوی 'Transformers' لە 2007 بڵاوکرایەوە، زنجیرەکە لە ریزبەندی چواردەیەمینی لیستی زنجیرە فیلمە پڕداهاتەکان لە جیهاندا هاتووە و کۆی داهاتی بەشەکانی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلارە، هەریەک لە بەشی ' Dark of the Moon' و 'Age of Extinction' زیاتر لە یەک ملیار دۆلاریان بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ