بە بەشداریی شێوەکارانی کورد سیمپۆزیۆمێکی نێودەوڵەتی لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت

06-08-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن حەمە هاشم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری کرێفێڵدی ئەڵمانیا لە مانگی ئابی 2025، سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی هونەریی "ON TOP"  بەڕێوەدەچێت، تێیدا ژمارەیەک شێوەکاری کورد لە پاڵ هونەرمەندانی جیهان کارە هونەرییەکانیان بەرهەمدێنن، دواتر لە پێشانگەیەکی هاوبەشدا نمایش دەکرێن.
 
سیمپۆزیۆمەکە، لەلایەن کۆڕبەندی هونەری "ON TOP"ـەوە رێکخراوە کە کارگەیەکی هونەریی کراوەیە و بانگهێشتی هونەرمەندانی وێنەکێش و پەیکەرسازی خاوەن ئەزموونی لە وڵاتانی جیاوازەوە کردووە، لەوانە ئەڵمانیا، رووسیا، بەریتانیا، ئێران و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و چەندین هونەرمەندی کورد لە چوار پارچەی کوردستان.
 
هونەرمەندان بە شێواز، ئایدیا و کەرەستەی تایبەت بە خۆیان کار دەکەن، بەڵام لە ژینگەیەکی هاوبەشدا کە دەرفەتی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بیرۆکەکان دەڕەخسێنێت.
 
حەمە هاشم، نووسەر و شێوەکار، یەکێک لە بەشداربووە کوردەکانی سیمپۆزیۆمەکە و بە رووداوی راگەیاند: "سیمپۆزیۆمەکە بۆ ماوەی یەک هەفتە، لە 15 تا 22ی ئابی 2025 لە شاری کرێفێڵد بەڕێوەدەچێت. ئەمە کارگەیەکی هاوبەشی هونەرمەندانێکە کە کولتوور، ستایل و بیرکردنەوەی جیاوازیان هەیە."
 
گوتیشی: "بیرۆکەی سەرەکیی سیمپۆزیۆمەکە پرۆسەیەکی کارکردنی کراوە و کۆمەڵایەتییە. هەموو بەشداربووان ئیلهام لە یەکدی وەردەگرن، چ لە رووی تەکنیکەوە بێت یان لە ئاستی بیرکردنەوە. کارەکان لە شوێنی کامپەکە دروست دەکرێن و دواتر نمایش دەکرێن."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سیمپۆزیۆمی ئەمساڵ لەژێر ناوی "پاراستنـ"ـە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییە جیهانییەکان و هونەرمەندان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی پاراستنی ژینگە و ئەزموونە کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستییەکان.
 
هونەرمەند روونیشیکردەوە، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم چالاکییە، گرنگیدانە بە پەیوەندی لەگەڵ سەردانکەراندا. دەرگای کامپەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن سەردانی بکەن، پرۆسەی کارکردنی هونەرمەندان لە نزیکەوە ببینن و راستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن.
 
دوای تەواوبوونی کارەکان لە ماوەی سیمپۆزیۆمەکەدا، پێشانگایەکی هاوبەش بۆ سەرجەم بەرهەمەکان دەکرێتەوە، کە لە 22ـی ئاب تا 25ـی ئەیلوولی 2025 بەردەوام دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە