حەمە هاشم لە رێگەی رەنگەوە شکۆ بۆ قوربانیانی ژن دەگەڕێنێتەوە

26-11-2025
پەسار فایەق
یەکێک لە ئامادەبووانی پێشانگەکە وێنە لەگەڵ شێوەکار حەمە هاشم دەگرێت
یەکێک لە ئامادەبووانی پێشانگەکە وێنە لەگەڵ شێوەکار حەمە هاشم دەگرێت
نیشانەکردن حەمە هاشم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی، حەمە هاشم، شێوەکاری کورد، لە رێگەی تێکەڵکردنی رەنگە فۆسفۆرییەکان و هونەری ئەبستراکتەوە، چیرۆکی "گۆڕە بێ ناونیشانەکان"ـی ژنان دەگێڕێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتی بەشی هونەری شێوەکاریی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، پێشانگەی تایبەتیی حەمە هاشم بەناونیشانی (یادەوەرییەکانی بەرد) کرایەوە و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت. پێشانگەکە پێشتر لە هەولێر بەڕێوەچووە.
 
حەمە هاشم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی تۆزێک بچووکترە، نەیتوانیوە تەواوی ئەو کارە گەورانەی لە هەولێر نمایشی کردبوون، بگوازێتەوە سلێمانی، بۆیە بەشێک لە بەرهەمەکان نمایشکراون.
 
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی، حەمە هاشم ئاماژەی بەوە کرد، کارەکانی دەچنە خانەی "ئەبستراکتی دەربڕینخوازی". ئەو دەڵێت: "لە کارەکانمدا ئایدیا و بیرۆکە زۆر گرنگترە لە ماتێریال، هەرچەندە گرنگییەکی زۆریش بە ماتێریال دەدەم".
 
بە گوتەی هونەرمەند، بەشێکی زۆری تابڵۆکان هەڵگری پەیامێکی دیاریکراون و "کێلە بەرد" یان گۆڕی بێ ناونیشان بەرجەستە دەکەن.
 
حەمە هاشم دەڵێت: "ئەو کێلە بەردانە ئاماژەن بۆ گۆڕی ئەو کچ و ژنانەی کە بێ ناو و نیشانن و لە وڵاتانی دواکەوتوو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر مژاری شەرەف دەکوژرێن".
 
لە کارەکانی حەمە هاشم دا، رەنگی تۆخ، فۆسفۆری، پەمەیی و کۆنتراستی بەهێز دەبینرێن. هونەرمەند هۆکاری بەکارهێنانی ئەم رەنگانە بۆ مژارێکی تراژیدی و بۆ گەڕاندنەوەی "شکۆ" بۆ قوربانییەکان دەگەڕێنێتەوە.
 
گوتیشی: "لە رێگەی ئەو رەنگە تۆخانەوە دەمەوێت ئایدیای خۆم بخەمە سەرنجی بینەر و شکۆمەندی بۆ ئەو ژن و کچانە بگەڕێنمەوە کە ژیانیان لێ سەندراوەتەوە، تاوەکو خەڵک بە وردی لەو ئازارە بڕوانن".
 
حەمە هاشم، لە 1973 لە کۆیە لەدایک بووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێرە. 16 پێشانگەی تایبەتیی کردووەتەوە و بەشداریی لە زیاتر لە 100 پێشانگەی هاوبەشدا کردووە، هەروەها 10 کتێبی تایبەت بە هونەری شێوەکاری نووسیوە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە