رووداو دیجیتاڵ
وەکو پشتیوانیێك بۆ خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەستێرە سینەماییەکانی فەرەنسا، لەوانە ئیزابێل هوپەرت، جولێت بینۆش و ماریۆن کۆتیارد، قژیان بڕی.
ئەو هونەرمەندانە ڤیدیۆی قژبڕینیان لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە و لە پەیامێکدا نووسیویانە: "خەڵکی ئێران، کە ژنان لە ریزی پێشەوەیانن، ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی ناڕەزایی دەرببڕن. ئەم خەڵکە تەنیا ئازادییە سەرەتاییەکانیان دەوێت. ئەم ژنانە، ئەم پیاوانە، شاییستەی پشتیوانیی ئێمەن".
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت کە زیاتر لە هەزار فیلمساز و ئەکتەری فەرەنسی، لەوانەش سیێری فرێمۆ، سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، بە واژۆکانیان بەشدارییان لە هەڵمەتێکی پشتیوانیکردنی خۆپێشاندانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد.
لابردنی سەرپۆش و بڕینی قژ بووەتە سیمایێکی دیاری خۆپێشاندانی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە لە ئەیلوولی رابردوو دەستیپێکرد.
خۆپێشاندانەکان دوای گیان لەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی هات، کە دوای دەستگیرکردنی لە لایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە، گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ